Mobile menu

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەگشتی لەم بوارانەی خوارەوەدا کار دەکات

 

 

پەروەردە

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرنگی بە بواری پەروەردەو منداڵ دەدات لەبەر گرنگی ئەو بوارە بۆ کۆمەڵگای کوردستان. هاوکاریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری پەروەردەدا دەگاتە هەموو کۆمەڵگاکانی هەرێمی کوردستان لەوانە کۆمەڵگای خۆماڵیی، کۆمەلگای ئاوارەکان و کۆمەڵگای پەنابەرەکان. بەگشتی بەشداریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری پەروەردەدا لەم ئاستانەدا کورت دەبێتەوە:

  • دابینکردنی کەل و پەلی قوتابخانەو خوێندن بۆ منداڵان
  • دروستکردن یان بەشداریکردن لە بنیاتنانی قوتابخانە لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا
  • کردنەوەی خولی پەروەردەیی و فێرکردن بۆ قوتابیان لەوانە خولی زمان و کۆمپیوتەر و بەهێزکردن
  • کردنەوەی خولی پێگەیاندن و کاری پیشەیی
  •   هاوکاریکردنی قوتابخانەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان

تەندروستی

 

 

دابینکردنی پێداویستیەکانی چاودێری تەندروستی کارێکی گرانە لە هەرێمی کوردستان چ بۆ هاوڵاتیانی خۆماڵی چ بۆ ئاوارەو پەنابەرەکان. ناوەندە تەندروستیەکانی حکومەت لەئاست پێداویستی و ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا نین بەتایبەتی لەدوای بەرزبوونەوەی لەناکاوی ژمارەی دانیشتوان بەهۆی نیشتەجێبوونی سەدان هەزار ئاوارەو پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا لەدوای شەرو نائارامیەکانی سوریاو ناوچەکانی تری عێراق. بەشداریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری تەندرستیدا لەم بوارانەدا کورتدەکەینەوە:

  • دروستکردنی نەخۆشخانە یان بەشداریکردن لە بنیاتنانی نەخۆشخانە لەو شوێنانەی کە زۆر پێویستیان بە نەخۆشخانەیە بەتایبەتی ناوچە دوورە دەستەکان و گوندەکان
  • دابینکردنی پێداویستی پزیشكی و داوو دەرمان بۆ نەخۆشخانە حکومیەکان
  • دابینکردنی دکتۆری شارەزا لە بواری پزیشکیدا بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژارو ئاوارەو پەنابەر. هەندێک جار دکتۆری شارەزا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی بزیشکی خۆڕایی
  • پێشکەشکردنی هاوکاری ماددی بۆ نەخۆشی هەژارو کەمدەرامەت بەمەبەستی دابیبکردنی چاودێری تەندروستی
  • دابینکردنی پێداویستی و ئامێری بزیشکی تایبەت بە خەڵکی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت

 

دابینکردنی خۆراک

کاری سەرەکی و چالاکترین بواری کارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەتا ئێستا دابینکردنی خۆراکە بۆ خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و ئاوارەو پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا. دەزگای بارزانی دوو جۆر لە خۆراک دابین دەکات:

یەکەم: خۆراکی گەرم و ئامادە. ئەمە زیاتر لە حاڵەتی فریاکەوتن و لەناکاو دەبێت بەتایبەتی لەدوای ڕوودانی کارەساتی سروشتی یان بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون بەهۆی شەڕو نائارمیەوە.

دووەم: خواردنی وشک. ئەم جۆرە لە خواردن بەشێوازی نائامادە پێشکەش دەکرێت و خەڵکی خۆیان ئامادەی دەکەن بۆ خواردن. خواردنی وشک زیاتر خەڵکی نیشتەجێبوو سوودی لێوەردەگرن یان ئەو ئاوارەو پەنابەرانەی کە لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێبوون

 

بەڕێوەبردنی کەمپ

یەکێکی تر لەو بوارە گرنگانەی کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاری تێدا دەکات بواری بەڕیوەبردنی کەمپی ئاوارەو پەنابەرەکانە. ژمارەیەکی زۆر کەمپ لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا دروستکراون کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەو پەنابەر تییایندا نیشتەجێن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەڕێگەی کۆمەڵێک کارمەندی شارەزاو بە ئەزموەنەوە لە ژمارەیەک لەو کەمپانە کاری بەڕێوەبردنی کەمپەکان ئەنجام دەدات لە ڕێخستنی هاوکاری و پێداویستیە سەرەکیەکانی وەکو ئاوو کارەباو نوێنەرایەتی ئاوارەو پەنابەرەکان و پەیوەندی و تەنسیقکردن لەگەڵ حکومەتی خۆماڵی و ڕیخراوو دەزگا مرۆییەکانی تر.

 

دابینکردنی پێداویستی و کەل و پەلی ماڵان (ناخۆراکی)

 

لەم بوارەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی یارمەتی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان و ئاوارەو پەنابەرەکان دەدات بۆ دابینکردنی پێداویستی ناو ماڵ وەکو:

  • هۆکارەکانی فێنککردنەوەو گەرمکردنەوە، هۆکارەکانی سارکردنەوەو بەفرگر
  • پێداویستیەکانی نیشتەجێبوون وەکو خێمە و ڕایەخ و پێخەف
  •  هۆکارەکانی هەڵگرتنی ئاو و خۆراک و ئامێر و کەل و پەلی ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوە.
  • هۆکارەکانی پاککردنەوەو کەلوپەلی خاوێنکردنەوە
  • دابینکردنی جل و بەرگ بۆ گەورەو منداڵان
  • پێشکەشکردنی پێداویستی منداڵان و یاری بۆ منداڵان

 

پرۆژەی ئازیزان بۆ چاودێری منداڵانی بێباوک

 

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە سەرەکی و سەرکەوتوەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا دەمەزراوەو هەتا ئێستا بەردەوامە لە چالاکی و فراوان بوون. ئەم پرۆژە کە لە دوو بەش پێکهاتوە: پرۆژەی ئازیزان/ئیمارات، کە بەهاوکاری دەزگای مانگی سووری ئیماراتی بەڕیوە دەچێت و زیاتر لە ٦ هەزار منداڵی بێباوک لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیەوە لەخۆی دەگرێت. لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەر منداڵێک مانگانە ٣٥ دۆلاری ئەمریکی یان زیاتر وەردەگرێت. پڕۆژەی ئازیزان/کوردستان، ئەم پڕۆژە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری خۆماڵی ناو هەرێمی کوردستان بەڕیوەی دەبات. کۆمپانیاکان و کەسانی چاکەکار و خاوەنکارو دەوڵەمەند بەشداری دەکەن لە دابینکردنی بودجەی ئەم پڕۆەژەیە کە زیاتر لە ٤٥٠٠ منداڵی بێباوکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لەخۆی دەگرێت. لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەر منداڵێک مانگانە بڕی ٥٠ دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت.

 

 

 

 

    پەروەردە