دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی چوارد ٧٥١ چالاکی جۆراوجۆری بەڕێوەبردووە

لە ٧٥١ چالاکیدا ٩٥٩٥٢٢ کەس لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری کراون

 

موسا ئەحمەد: ''لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزاندا ١٧ هەزار منداڵی بێباوک هاوکاری ماددیان بۆ دابینکراوە و لە هەڵمەتی ئەمجارەی پرۆژەکەدا بە سپۆنسەری ده‌وڵه‌مه‌ندان و خاوه‌نكارو كۆمپانیاكانی کوردستان ٣٥٠١ منداڵی بێباوک سوودمەند دەبن''.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی چواردا ٧٥١  چالاکی خێرخوازیی لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبردووە و لە هەموو چالاکییەکانیدا بە پێی ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٩٥٩٥٢٢ ئاوارە و پەنابەر و کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان سودمەندبوون.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەرەکانی (چاودێری ئازیزان، پەروەردە، تەندروستی، خۆراکی، ناخۆراکی، ئاوەڕۆ و پاککردنەوە، پاراستن، بژێوی ژیان، چاودێری کەمئەندامان و بەڕێوەبردنی کەمپەکان)  تەنها لە ماوەی مانگێکدا ٧٥١ چالاکی جۆراوجۆری ئەنجامداوە.

سودمەندبووان لە چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو چین و توێژەکانی گرتووەتەوە کە تیایدا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ٢٥٠٥٠ هاوڵاتی کەمدەرامەت و ٩٠٥٦٢ پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و ٨٤١٢٣٤ ئاوارەی عێراقی لە چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سودمەند بوون.

 

ئاوارەکان لە کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون

بەپێی نوێترین ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ١٠٥٨٩٠ ئاوارە لە هەر ١٠ کەمپی ئاوارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا نیشتەجێ کراون، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە روو لە کەمپەکان دەکەن و هاوکات بەشێکی ئاوارەکانیش کەمپەکان بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە شوێنی پێشوویان، شایەنی باسە تێکڕای ١٠٥٨٩٠ ئاوارە لە کەمپەکانی (دیبەگە ١، دیبەگە ٢، دیبەگە یاریگا، حەسەنشام م١، حەسەنشام و٢، بەحرکە، هەرشەم، خازر م١، شنگال و چەمەکۆر) جێکراونەتەوە، جێگای ئاماژەیە لە بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکانەوە کەمپێکی نوێ لە خازر بۆ ئاوارەکان دەکرێتەوە و هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار ئاوارە تێیدا نیشتەجێ کراوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە چالاکییەکانی لەناو کەمپەکاندا بەڕێوەدەبات و لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە ئاماری چالاکییەکان و سودمەندبووانی مانگی چوار بەم شێوەیە دوا: ''تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی چواردا توانیویانە لە سەرجەم بوارەکانی کارکردنماندا ٨٤١٢٣٤ یەکە هاوکاری بۆ ئاوارەکان لەسەرجەم کەمپەکاندا دابین بکەن''

جێگەی ئاماژەیە ژمارەی هاوکارییەکان چەند قات زیاترە وەکوو لە ژمارەی ئاوارەکان و تەنیا لە ماوەی مانگێکدا بە نزیکەیی هەر ئاوارەیەک ٨ جار پێداویستییە جۆراو جۆرەکانی وەکو (پارسێلی خۆراک، شیری منداڵان، تەندروستی و ..هتد) بۆ دابین کراوە.

 

بەڕێوەبردنی ٤ کەمپی پەنابەران

هەریەک لە کەمپەکانی (کەورگۆسک، دارەشەکران، باسرمە و قوشتەپە) تایبەتن بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە دەبرێن، کۆی دانیشتووانی هەر چوار کەمپەکە بە پێی نوێترین ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٢٨٦٢٢ پەنابەرە.

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە چۆنیەت و چەندیەتی چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناو کەمپی پەنابەراندا وتی: لە مانگی چواردا ١٧٤ چالاکی لە هەر چوار کەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستاندا بەڕێوەچووە کە ٩٠٥٦٢ کەس سود مەند بوون''.

جێگای سەرنجە هەر پەنابەرێکی دانیشتووی کەمپەکانی (کەورگۆسک، دارەشەکران، باسرمە و قوشتەپە) بە پێی ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە نزیکەیی ٣ جار لە چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سودمەند بووە.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتیشی: ''بە سەرنجدان بە رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا بەبەراورد لەگەڵ ئاوارە عێراقییەکان، دەبینین کە بارودۆخی ژیانی پەنابەرانی رۆژئاوا جێگیر ترەوە و هەر ئەمەش وای کردووە زوومی ئێمە و رێکخراوە خێرخوازییەکان لەسەر ئەو ئاوارە نوێیانە بێت کە روویان لە کەمپەکان کردووە''.

 

پرۆژەی چاودێریی ئازیزان

رێکەوتی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی نوێی هاوکاریکردنی منداڵانی بێباوکی بەڕێوەبرد، ٣٥٠١ منداڵ بە سپۆنسەری ده‌وڵه‌مه‌ندان و خاوه‌نكارو كۆمپانیاكانی کوردستان بۆ هاوکاری پێنج مانگیان بۆ دابین کرا.

لە پارێزگای هەولێر ٩٣٥ منداڵ، لە سلێمانی ٧٤١ منداڵ، لە دهۆک ٧٠٦ منداڵ و لە ئیدارەی گەرمیانیش ١١١٩ منداڵی بێباوک (ئازیز) لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا مانگانە بڕی ٢٥٠ دۆلار هاوکاری ماددییان بۆ دابین دەکرێت.

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە پرۆژەی چاودێریی ئازیزان رایگەیاند: ''لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزاندا ١٧ هەزار منداڵی بێباوک هاوکاری ماددیان بۆ دابینکراوە و لە هەڵمەتی ئەمجارەی پرۆژەکەدا بە سپۆنسەری ده‌وڵه‌مه‌ندان و خاوه‌نكارو كۆمپانیاكانی کوردستان ٣٥٠١ منداڵی بێباوک سوودمەند دەبن''.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی کەسایەتییە دەوڵەمەندەکان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان لە سەرخستنی پرۆژەکەدا کرد و وتی: ''ده‌وڵه‌مه‌ندان و خاوه‌نكارو كۆمپانیاكانی کوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی به‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌مانی گرتۆته‌وه‌، هێشتا له‌ هاوكاریكردنی و پاڵپشتیكردنی پرۆژه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌رده‌وامن و جێگه‌ی شانازیمانن و زۆر سوپاسیان دەکەین''.

پرۆژەی چاودێریی ئازیزان لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە دامەزراوە و هەتا ئێستا ١٧ هەزار منداڵ لەو پرۆژەیە سوودمەندبوون، هەریەک لە مانگی سووری ئیماراتی، وڵاتانی کوێت و سعودیە و دەوڵەمەند و کۆمپانیاکانی کوردستان سپۆنسەری پرۆژەکەیان کردووە.

 

پرۆژەی چاودێری کەمئەندامان

تەنیا لە ماوەی مانگی چواردا لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای LDSی ئەمریکی ٣١١ خاوەنپێداویستی تایبەت هاوکاری جۆراوجۆریان بۆ دابین کراوە.

پرۆژەی چاودێری کەمئەندامان لە سەرتاسەری کوردستاندا و لە ناو کەمپی ئاوارە و پەنابەران سیمیناری تایبەت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی پێداویستییەکانی وەکو (ویلچەیر و عەرەبانە و عەگازە و ...هتد) بۆ بەشداربووان شی دەکرێتەوە و پاشان لەلایەن تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای LDSی ئەمریکی پێداویستییەکان دوای پشکنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان پێشکەشی بەشداربووان دەکرێت.

لەو بارەیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر چالاکییەکانی پرۆژەی چاودێری کەم ئەندامان و ژمارەی سودمەند بووان وتی: ''پرۆژەی چاودێری کەمئەندامان بەبێ جیاوازی هاوکارییەکانی بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت دابین دەکات و لە ماوەی مانگی چواردا ٣١١ کەم ئەندام لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەمپی ئاوارەکاندا هاوکاری کراون.''

 

پەرەپێدانی توانستە رۆشنبیری و کلتوریەکان

رێکەوتی ١٣ی نیسانی ٢٠١٧ بەمەبەستی  گرنگیدانی زیاتر بە توانا رۆشنبیری و هزرییەکان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کورستان لە کەمپی ئاکرێ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای LDSی ئەمریکی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی (جەلادەت بەدرخان)یان پاش دووبارە نۆژەنکردنەوە لە مەراسیمێکدا کردەوە، لە کاتی دووبارە کردنەوەی سەنتەرەکەدا زۆر چالاکی هونەری بەڕێوەچوون و چەندین کاری دەستی پەنابەرانی کەمپی ئاکرێ لە مەراسیمەکەدا پیشانی بەشداربووان درا.

لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە  مەراسمی کردنەوەی سەنتەرەکەدا بەشدار بوو و ئاماژەی بە گرنگی بوونی سەنتەری هاوشێوە لە کەمپەکاندا کرد و وتی: ''دوای دووبارە نۆژەنکردنەوەی سەنتەرەکە رۆژانە هۆڵەکانی سەنتەرەکە تەرخان دەکرێت بە چالاکی هونەری و رۆشنبیری جۆراوجۆر و خولی فێرکاری تیایاندا بەڕێوەدەچێت، ئەم سەنتەرانە بەمەبەستی راهێنان و پەروەردەکردنی ئاوارە و پەنابەران و پێدانی رێنمایی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دامەزراون و لەسەرجەم کەمپەکاندا هەن''.

هەروەها لە درێژەی کارە رۆشنبیری و هونەریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا رێکەوتی ٢٦ی نیسانی ٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشانگایەکی وێنە کێشانی کردەوە و لە پێشانگاکەدا کارمەندێکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و کچەکەی کارە هونەرییەکانیان نمایش کرد.

مەبەست لە کردنەوەی پێشانگاکە گرنگیدان بوو بە بواری هونەری و وێنەکێشان لە سەنتەری کلتووری و رۆشنبیری هەڵەبجەی شەهیدی کەمپەکانی دیبەگە و کاربەدەست و بەرپرسانی شارەدێی دیبەگە و بەڕێوەبەران و ئاوارەکانی کەمپەکانی دیبەگە لە پێشانگایەکەدا بەشدار بوون.

لە درێژەی چالاکییە کلتووری و فەرهەنگییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییدا ماڵێک بۆ منداڵانی ئاوارە لە کەمپی خازر دروست کرا. منداڵانی ئاوارە کە بەهۆی ژیانی سەختی ناو کەمپەکان کەمتر گرنگی بە ئارەزووە منداڵانەکانیان دراوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی چەند هونەرمەندێک رێکەوتی ٢٨ی نیسانی ٢٠١٧ ماڵێکی بۆ منداڵان کردەوە.

لە ماڵەکەدا منداڵانی ئاوارە فێری وێنە کێشان و مۆسیقا و خوێندن و خوێندنەوە دەکرێن و زیاتر لە ١٠٠٠ کتێبی منداڵانە بۆ خوێندنەوە لە ماڵەکەدا دابین کراوە و تێیدا رۆژانە منداڵانی کەمپەکە بەمەبەستی بەسەر بردنی کاتێکی خۆش روو لەو ماڵە دەکەن.