Mobile menu

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی ئاوارە و پەنابەرانەدا ١٦ سەنتەر کلتوری و رۆشنبیری کردووەتەوە

p1bqn2fumehjmh901e9m1btga3l9

موسا ئەحمەد: رۆژگارێک ئێمە ئەنفال و کیمیاباران دەکراین، ئێستا خەڵکانێک بەهۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە هانایان بۆ ئێمە هێناوە

 

HassanSham 27.8.201712 سەنتەریی پەروەردەیی و رۆشنبیری و هونەریی بەمەبەستی بارهێنان و پەروەردەکردنی هەرچی زیاتری ئاوارە و پەنابەران لە زۆربەی کەمپەکانی سنووری هەرێمی کوردستاندا هەیە  و چالاکی جۆراوجۆر تیایاندا بەرێوەدەچێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی بارهێنان و دورخستنەوەی ئاوارە و پەنابەران لە ژینگەی و سەختی ژیانی ناو کەمپەکان هەروەها هاوکاری خەڵکی کوردستان ١٦ سەنتەری کلتووری و فەرهەنگی لە ناوچە جیاوازەکاندا کردووەتەوە.

رۆژانە هۆڵەکانی سەنتەرەکان تەرخان دەکرێن بۆ چالاکی هونەری و رۆشنبیری جۆراوجۆر و دەورەی فێرکاری تیایاندا بەڕێوەدەچێت، کە دەتوانین ئاماژە بە مانە بکەین ''وەرزشی، کۆمپیوتەر، مۆسیقا خەیاتی، رێنمایی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی، سمینار و وێنەکشان''. ئەم سەنتەرانە بەمەبەستی بارهێنان و پەروەردەکردنی ئاوارەکان و پێدانی رێنمایی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی دامەزراون.

 

خەڵکانێک بەهۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە هانایان بۆ ئێمە هێناوە

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە رۆڵی سەنتەرەکان لە کەمپی ئاوارەکاندا وتی: ''ئاوارەکان توشی کارەساتی مرۆیی بوونەوەتەوە، رۆژگارێک ئێمە ئەنفال و کیمیاباران دەکراین، ئێستا خەڵکانێک بەهۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە هانایان بۆ ئێمە هێناوە، بوونی ئەو جۆر سەنتەرانە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا دەتوانێت ژینگەیەکی لەباری پەروەردەیی و فيکریان بۆ دروست بکات، هەوڵدەدین بتوانین لە رێی سەنتەرەکانەوە زیاتر لە کلتووری کورد نزیکیان بکەینەوە''.

 

٩٧٤٤ کەس لە ماوەی مانگێکدا لە سەنتەرەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سودمەند بوون

Domiz 23.9.20173 لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٧دا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرجەم سەنتەرە رۆشنبیری و کلتورییەکاندا چالاکی کلتوری و فەرهەنگی و خولی فێرکاری جۆراوی جۆری بەڕێوەبردووە و بەپێی ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆی هەموو چالاکییەکانی لە سەنتەرەکاندا ٩٧٤٤ (نۆ هەزار و حەوت سەد و چل و چوار) کەس سود مەند بوون.

سودمەندبووان لە سەنتەرەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپێی ئەم سێکتەرانە دابەش دەکرێن (پاراستن، پەروەردە، تەندرووستی، ئاوەرۆ، خۆشگوزەرانی). لە سێکتەری پاراستندا چەندین هاوکاری پەیوەست بە پاراستن پێشکەش دەکرێت وەکوو رێنمای و هاوکاری (یاسایی و دەروونی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی). هەروەها لە سێکتەری پەروەردە و تەندرووستیدا خولی فێرکاری پەروەردەیی و تەندرووستی بەڕێوەدەبرێت. سەنتەرەکان لە سێکتەری ئاوەڕۆدا هۆشیاری پاراستنی ژینگەیی پێشکەشی بەشداربووانی چالاکییەکان دەکەن و بەشداری دەکەن لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی کەمپەکاندا. لە کەمپەکاندا بەبۆنەی یاد و رۆژە جیهانییەکان مەراسیم و ئاهانەگی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبرێن و ئەم چالاکییانەش دەچنە سێکتەری خۆشگوزەرانییەوە.

لە کۆی ٩٧٤٤ کەس کە کاروچالاکییەکانی سەنتەرەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سودمەند بوون ١٣٧٢کەسیان لە سێکتەری پەروەردە، ١٧٠١کەسیان لە سێکتەری خۆشگوزەرانی، ١٦٠٨کەسیان لە سێکتەری پاراستن، ٤٩٦٥ کەسیان لە سێکتەری ئاوەڕۆ و ٩٨ کەسیان لە سێکتەری تەندرووستیدا سوودمەندبوون.

 

سەنتەری کۆمەڵایەتی و جڤاکی محەمەد شێخۆ دووبارە نۆژەن دەکرێتەوە

یەکێک لەو سەنتەرانە سەنتەری کۆمەڵایەتی و  جڤاکی  محەمەد شێخۆیە لە کەمپی دۆمیز کە بۆ پەنابەرانی سوریا کراوەتەوە.

رێکەوتی ٢١/٩/٢٠١٧ لە مەراسیمێکدا دوای دووبارە نۆژەن کردنەوەی سەنتەرەکە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و LDSی ئەمریکی سەنەتەری محەمەد شێخۆ  بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی دۆمێز دەکرێتەوە.

مەراسیمکە بە سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و پاشان چەند وتەیەک لەسەر گرنگی بوونی سەنتەری هاوشێوە لە کەمپەکاندا لەلایەن سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا چەن تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ پێشکەشی ئامادەبووان کرا و لەلایەن گرووپێک گەنجەوە سرود و شانۆگەری نمایشکرا.

پاش نۆژەن کردنەوەی سەنتەرەکە هۆڵەکانی تەرخان دەکرێت بە وتنەوەی بابەتی فێرکاری و رۆشنبیری و رۆژانە خولی تایبەت تیایاندا بەڕێوەدەچێت.

 

سەنتەری رۆشنبیری و پیشەیی (پێکەوە ژیان) دەکرێتەوە

رێکەوتی ٢٧/٨/٢٠١٧ بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی رێکخراوی Act Now Children's Fund و کارگێڕانی کەمپی حەسەنشام و ژمارەیەک ئاوارە سەنتەرێک بەمەبەستی پێگەیاندنی ئاوارەکان، دەکرێتەوە.

لە مەراسیمی کردنەوەی سەنتەرەکەدا موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد و وتی: ''زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەداین و ئەمە یەکەم هەنگاوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیە لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست، بەڵكوو لەگەڵ یەکەم رۆژی ئاوارەبوونتانەوە بە شانازییەوە خزمەتمان کردوون و دەیکەین، ئەمەش رێبازی بارزانی نەمرە کە هاوکاری کەسانی لێقەوماو بکەین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین''.

 

گرنگی کردنەوەی سەنتەری لەو شێوەیە

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی وتەکەیدا وتی: ئێمە زۆرکەس هاوکار و هاوبەشمان بووە لە خزمەت کردنی ئێوەی خۆشەویست و سوپاسیان دەکەین بەتایبەتی رێکخراوی Act Now Children's Fund کە لەم پرۆژەیەدا پێکەوە توانیومانە هاوکاری ئێوە بکەین و لەگەڵ ئەو رێکخراوە لە کەمپەکانی دیکەشدا قوتابخانە و بیر و سەنتەری دیکەمان کردووەتەوە''.

موسا ئەحمەد ئاماژەی بە گرنگی کردنەوەی سەنتەری لەو شێوەیە دا و وتی:'' باشترین رێگا بۆ خزمەت کردنی ئێوە دوای جێگیر بوونتان، کردنەوەی سەنتەری لەم شێوەیە و هیوادارین ببێتە مەڵبەندی فێربوون و پێگەیاندن نەک بەتەنیا بۆ ئەم کەمپە بەڵکوو بۆ کەمپەکانی دیکەش، دەرگای ئەم سەنتەرە لە ئەمڕۆوە بۆ تاک بەتاکی ئێوە کراوەیە، بۆ ئەوەی ببێتە دەرفەتێک بۆ خۆ پێگەیاندن و زاڵبوونتان بەسەر ئەو تەنگ و چەڵەمییانەی بەسەرتان هاتووە''.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا سپێنەر ئێدوارد نوێنەری رێکخراوی Act Now Children's Fund  چەند وتەکەی پێشکەش کرد و وتی: ''ئێمە زۆر سوپاس گوزاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌ین کە ئەم دەرفەتەی بۆ کار کردن بە ئێمە بەخشیوە، ئەم سەنتەرە بەو شێوەیە کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد و هیوادارین هەمووان لێرەدا کۆبکاتەوە.''

 

لە داهاتوودا بە پرۆژەی دیکە بەردەوام دەبین

سەبارەت بە کار و پرۆژەی رێکخراوەکە لە داهاتوودا وتیشی: لە داهاتووشدا بە پرۆژەی دیکە بەردەوام دەبین لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەتا بتوانین خزمەتی زیاتر بەم خەڵکە بکەین''.

هەروەها جۆناسان وود نوێنەری رێکخراوی Act Now Children's Fund سەبارەت بە کردنەوەی سەنتەرەکە وتی: ''هیوادارین ئەم سەنتەرە ببێتە شوێنێک بۆ ئێوە و منداڵەکانتان هەتا بتوانن خەمەکانتان لەبیر بکەن و ئێمە بڕیارمان داوە کە لێرە بۆ چەند ساڵی داهاتووش خزمەتی ئەم خەڵکە بکەین و یارمەتییان بدەین زیاتر پێش بکەون''.