Mobile menu

٤٣٢٠١ کەس لە کۆی چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت سوودمەند بوون

slemani 13.3.2018١

موسا ئەحمەد: دەوڵەتی کوێت بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێکتەری تەندروستی و خۆراکیدا خزمەتێکی بەرچاو بە خەڵکی کوردستان و ئاوارە و پەنابەران دەکەن.

کەمپی ئاوارەکان بەو شێوەی کە پێشبینی دەکرا پاش رزگارکردنەوەی ناوچەکان لە دەستی تیرۆریستانی داعش چۆڵ نەبوون و خێزانەکان هێشتا لە کەمپەکاندا ماونەتەوە. بەشێکی زۆریان ژیان لە ناو چادرگەکان لەبەرانبەر خانوو و گەڕەکە وێران بووەکانیان هەڵدەبژێرن. بەشێکی دیکەی خێزانەکانی ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە یان هەر لە سەرەتاوە ناوچەکانی خۆیان بەجێ نەهێشتووە.

دۆخی ژیانی ئەو خێزانانەی کە لە ناو شاری موسڵ و گوند و شارەدێکانی پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی ئازاد کراو لەدەستی تیرۆریستانی داعش، دەژین لە حاڵێکی زۆر خراپی ئابووری و ئەمنیدایە. بوونی هێزە جۆراو جۆرەکان و نەبوونی هەلیکار و سەرچاوە خۆراکییەکان دەسکەوتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی لە پارێزگای نەینەوادا ئەستەم کردووە.

دەوڵەتی کوێت بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خێزانەنانەی لە نێو کەلاوەکانی موسڵدا ژیان بەسەر دەبەن هاوکاریی خۆراکییان گەیاندووەتەوە زیاتر لە ٧٠٠٠ خێزان.

 

mosul 18.7.2018 2

هاوکاری خێزانەکانی ناوچە تازە ئازادبووەکان دەکرێت

 

کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت بەناو کەلاوەکانی موسڵدا بە دوای ئەو خێزانانەدا دەگەڕێت کە لە شارەکەدا ژیان بەسەر دەبەن. لەبەر خراپی دۆخی ئابووری خێزانەکان و کەمی سەرچاوەکانی خۆراک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت هاوکاری خۆراکییان پێشکەش دەکەن. موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە هاوکارییەکانیان بۆ ناو شاری موسڵ گوتی: ''زۆربەی خێزانەکان لە کەمپەکاندا ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام ئێمە هاوکاری پێشکەشی ئەو خێزانانەش دەکەین کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن''. هەروەها لە درێژەدا ئاماژەی بە ژمارەی سودمەند بووان لە چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت لە سەرەتای ٢٠١٨دا کرد و گوتی:'' تەنها لە سەرەتای ئەمساڵدا هاوکاریمان گەیاندووەتە زیاتر لە ٧٠٠٠ خێزانی ناو شاری موسڵ لە گەڕەکەکانی هەردوو بەری راست و چەپی شارەکە''.

جێگای ئاماژەیە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی بۆ پارێزگای نەینەوا بەوەندە چالاکییە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو تیمەکانی دەزگا بەشێکی دیکەی هاوکارییەکانیان گەیاندە ٥٠٠ خێزانی دانیشتووی گوندی کرملیسی مەسیحی نشین لە پارێزگای نەینەوا.

 

چارەسەر و پشکنینی تەندروستی بۆ ١٠٤٨٧ ئاوارە دەکرێت

 

تیمی پزیشکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپەکانی حەسەنشام و خازردا رۆژانە چارەسەری پزیشکی بۆ زیاتر لە ٣٠٠ نەخۆشی ئاوارە دەکەن و بنکەی تەندروستی لە زۆربەی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەراندا هەیە. مەبەست لە دانانی بنکە تەندرووستییەکان دابینکردنی پێشکەشکردنی چارەسەری خێرایە بۆ ئەو خێزانانەی کە لەکەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، هەر بەو مەبەستە دەوڵەتی کوێت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە دابینکردنی داو و دەرمان و پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨دا هاوکاری تەندرووستی ١٠٤٨٧ کەسی ئاوارەیان کردووە.

بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو بارەیەوە گوتی: ''ئێمە و دەوڵەتی کوێت بیرمان لەوە کردەوە کە چۆن بتوانین، ژیانێکی ئارامتر بۆ ئاوارەکان دابین بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش کردنەوەی بنکە تەندروستییەکانمان لە کەمپەکاندا بە پێویستزانی، لەو بنکە تەندرووستیانەدا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨دا ١٠٤٨٧ ئاوارە چارەسەری پزیشکییان پێشکەش کراوە''.

 

kalar 4.1.2018

هەژار و کەمدەرامەتانی هەرێمی کوردستان پێداویستی خۆراکی وەردەگرن

 


دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت لە چوارچێوەی هاوکارییەکانیان، پێداویستی خۆراکی بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن. لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٨دا هاوکاری خۆراکی پێشکەشی ٦٦٠٠ خێزان کراوە.

لە ساڵی ٢٠١٨دا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان ١٨ چالاکییان لە (هەولێر، دهۆک، زاخۆ، سۆران، شەقڵاوە، هەریر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەلار، مێرگەسۆر، شێخان، شارەدێی بلێ، شارەدێی خورماڵ، شارەدێی سیروان و شارەدێی بەکرەجۆ) بەڕێوەبردووە و تیایاندا ٦٦٠٠ خێزانی هەژار و کەمدەرامەت سودمەند بوون.

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی کوێت بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت درێژەیان دەبێت و هەوڵ دەدرێت زۆرترین کەس لە چالاکییەکاندا سودمەند ببن.