Mobile menu

پێداویستی ناوماڵ بۆ پەنابەرانی شاری عەفرین دابین دەکرێت

hawler afrin 3.4.2018 3

موسا ئەحمەد: ئێمە تەمەننای ئەوەمان دەکرد ئەو هاوکارییانەمان لەناو عەفرین بوایەن.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەرکی مرۆیی خۆی هەڵدەستێت لە بەرانبەر پەنابەرانی عەفرین و لە هەڵمەتێکدا پێداویستی سەرەتایی هەر خێزانێک، پێشکەش بە ٩ خێزانی خەڵکی شاری عەفرین دەکات، کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە روویان لە هەولێر کردووە.

 

سێشەممە رێکەوتی ٣/٤/٢٠١٨ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری ٩ خێزانی پەنابەری خەڵکی عەفرین لە شاری هەولێر دەکات و بۆ هەر خێزانێک (موبەریدە، چۆلە، سێتی مەتبەخ، رایەخ، بەتانی، دۆشەک، ترمز، سۆبا، کارتۆنی خۆراک و خاوێنکەرەوە) دابین دەکات.

 

بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی عەفرین گوتی: ''ئێمە تەمەننای ئەوەمان دەکرد ئەو هاوکارییانەمان لەناو عەفرین بوایەن، لە دەستپێکی ئەو کارەساتەی بەسەر عەفرین هات زۆر هەوڵماندا وەکو چۆن پێش هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش بوونمان لە کۆبانێ هەبوو و بوونمان لە هەموو ئەو شوێنانە هەبوو کە میللەتی ئێمە توشی کارەسات بووە تیایاندا، لە عەفرینیش بوونێکی راستەوخۆمان هەبوایە، بەڵام بە داخەوە نەمانتوانی بگەینە ناو عەفرین. ئەمەش هەر کێشەی ئێمە نەبوو بەتەنها بەڵكو کێشەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بوو تەنانەت کێشەی ئاژانسەکانی یوئێنیش بوو کە نەیانتوانی بگەنە خەڵکی عەفرین.''

 

بەڕێز موسا ئەحمەد لەسەر هەوڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی عەفرین ئاماژەی بەوەدا:'' ئێمە بەردەوام لێکۆڵینەوەمان کردووە کە چۆن بتوانین رێگایەک بدۆزینەوە هاوکاری خەڵکی خۆشەویستی عەفرین بکەین، چونکە ئەمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین. لەو ماوەیەدا ئەنجومەنێک پێکهێنرا لە خەڵکی عەفرین خۆیەوە لە هەولێر بۆ پێشوازی کردن لەو ئاوارانە و بۆ گەیاندنی مەینەتییەکانییان بە جیهانی مرۆڤایەتی. ئێمە لە رێگای ئەوان و لە رێگای لایەنە پێوەندی دارەکانەوە ئاگادار کراینەوە کە ژمارەیەک لەو خێزانانە خۆیان گەیاندووەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.''

 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ژمارەی خێزانەکان و چۆنێتی هاوکارییەکان بۆ ئەو خێزانانە گوتی: ''ئەو خێزانانەی هەتا ئێستا گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان ژمارەیان ٩ خێزان بووە و چاوەڕوانیش دەکرێت خەڵکێکی تریش رووبکەنە کوردستان. بۆیە هەوڵمانداوە وەکو سەرەتایەک کۆمەڵێک پێداویستی پێویست بۆ ئەمڕۆیان دابین بکەین. چونکە ئێمە دەزانین کە هاتوونە کوردستان هیچ شتێکیان لەگەڵ خۆیان نەهێناوە، نەیانتوانیوە هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان بهێن، بەڵکو بەداخەوە بەپێی لێدوانی خۆیان زۆربەی زۆریان تەنانەت دەڵێن هەموویان بە رێگای قاچاخەوە گەیشتوونەتە ئێرە و پارەیەکی زۆریشیان سەرف کردووە هەتا گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.''

 

لە درێژەی لێدوانەکەیاندا سەربارەت بەو پێداویستییانەی بۆ پەنابەرانی عەفرین دابینکراوە، بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا: ''ئەو پێداویستییانەی بۆیان دابینکراوە ماڵێکی بچووکە کە (رایەخ، دۆشەک، بەتانی، سێتی مەتبەخ، سۆبا، موبەریدە، ترمزی ئاو، جلوبەرگ و خۆراکی) تێدایە، لەگەڵ پێداویستی خاوێنکەرەوەش''. هەرەوەها گوتی: ''ئێمە دەزانین ئەمانە کێشەکانی ئەو خۆشەویستانە چارەسەر ناکات، بۆیە لەهەوڵدا دەبین لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ وڵاتە هاریکاربەخشەکان و ئاژانسەکانی یوئێن لە پێوەندی دابین، کە بتوانین بە شێوەیەکی مانگانە هاوکاری ئەو خەڵکانە بکرێت و هەروەها بتوانین دەنگی عەفرین و مەینەتییەکانی عەفرین بگەیەنینە جیهانی مرۆڤایەتی، چونکە تا ئەو خەڵکە نەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان ئەو کێشەیە هەر بەردەوامە.''

 

جێگای ئاماژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری لێقەوماو و پەنابەران و ئاوارەکان دەکات، لە هەر شوێنێک بن بە بێ جیاوازی بیروباوەڕ و رەگەز و نەتەوە، بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە توشی شاری عەفرین بووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی دەربڕیووە کە هاوکاری بگەیەنێتە پەنابەرانی ئەو شارە و بەپێی لێدوانی سەرۆکی ئەو دەزگایە چاوەڕوان دەکرێت خەڵکێکی زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.