Mobile menu

كاروانی هاوكارییەكانی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی گەیشتە كوردستان

hawler 26.6 3

لە ئاییندەیەكی نزیكدا گەورەترین قوتابخانەی كۆمپیوتەر بۆ ئاوارە و پەنابەران دروست دەكرێت

 

ئەمڕۆ 26/6/2018 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و فرانك فرانكێ سەرۆكی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی و گروپی رێكخراوەكە و بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن، پرێس كۆنفرانسێك لەبارەی گەیشتنی كاروانێكی گەورەی هاوكاری رێكخراوە ئەڵمانییەكە رێكخرا، كە خۆی لە دابینكردنی (54) پالێت لە پیسكیتی پرۆتین و دایبی و شیری وشك بۆ منداڵان و (20) كۆمپیوتەر دەبینێتەوە كە بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەر منداڵانی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستانی عێراق دابەشی دەكەن، هاوكات مژدەی كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەت بە فێربوونی كۆمپیوتەر بۆ ئاوارەو پەنابەرانیان راگەیاند.

 

لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر پاش بەخێرهێنانی رێكخراوەكە، وتەیەكی پێشكەشكرد و سوپاسی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی كرد كە بەردەوام كۆمەك و هاوكارییەكانیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەن و هیوای سەركەوتن و كاری گەورەتری بۆ خواستن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە لە كوردستاندا ژمارەیەكی زۆر ئاوارەو پەنابەر دەژین كە ئەمەش وا دەكات رێكخراوە جیهانیەكان بەگڕوتینێكی زۆرترەوە بێنە مەیدان و خزمەتی ئەو چین و توێژانە بكەن كە لەناو كەمپەكاندا ژیان دەگوزەرێنن.

 

لە لایەكی دیكە فرانك فرانكێ سەرۆكی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی لەبارەی كاروانی هاوكارییەكانی وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: كە بۆ حەوتەمین جارە سەردانی كوردستان دەكات و بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەناو كەمپی ئاوارەو پەنابەراندا كاریكردووە و بەردەوامیش دەبن لە گەیاندنی هاوكارییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها لە تەوەرێكی تری لێدوانە رۆژنامەوانیەكەیدا سەرۆكی رێكخراوی ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوان بەپاڵپشتی حكومەت و كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا ئەم هاوكارییانە رەوانەی كوردستان دەكەن و بەشێكی زۆری كارەكانیان خۆی لە خزمەتكردنی منداڵانی ئاوارە و پەنابەردا دەبینێتەوە، چونكە بەبڕوای ئەو منداڵان نەوەی داهاتووی جیهانن و پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتیدانی زیاترە.

 

لەدرێژەی پرێس كۆنفرانسەكەدا، فرانك فرانكێ رایگەیاند، جگە لە گەیاندنی هاوكارییەكانیان، هاوكات لە ئاییندەیەكی نزیكدا گەورەترین قوتابخانەی كۆمپیوتەر لەسەر ئاستی جیهان لەناو كەمپی ئاوارەو پەنابەران دروست دەكەن، كە ئەمەش مژدەیەكی دڵخۆشكەر دەبێت بۆ ئاوارەو پەنابەران تاکوو لەژینگەی نێو كەمپەكاندا فێری زانستی نوێ و پرۆژە و دۆزینەوەی هەلی كار بن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاییندەدا پشت بەخۆیان ببەستن. لەكۆتایی پرێس كۆنفرانسەكەدا خەڵاتی تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی كرا.

 

شایانی باسە ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی کە لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی خاوەن پێداویستیانی تایبەت و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستانی عێراقی دەكرێت، بریتین لە (پیسكیتی پرۆتینی منداڵان (27 پالێت)، دایبی كەمئەندامان (15پالێت) و شیری وشك (12پالێت) و (20) كۆمپیوتەری لاپتۆپ بۆ دوو سەنتەر لە كەمپەكانی خازر و حەسەن شام.