Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی.. خاڵێكی گه‌شی ڕۆژانی ڕه‌ش

 

له‌ سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵه‌وه‌ تا ئێستا نزیکەی 60 هه‌زار ئاواره‌ی دیكه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئه‌گه‌ری هاوكاری نه‌كردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئاواره‌كان، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، هۆشداریی روودانی كاره‌سات ده‌دات.


به‌پێی پێناسه‌ی ده‌زگاكه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، رێكخراوێكی ناحكوومى قازانج نه‌ویسته‌، له‌سه‌ر په‌یامی مرۆڤدۆستیی (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) كار ده‌كات، ئامانجی خزمه‌تی مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بێت، به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.


له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ تا ئێستا، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، ئه‌ركی پێشوازیكردنى له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، هاوكات چه‌ند كه‌مپێكیش به‌ڕێوه‌ ده‌بات.


موسا ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ده‌زگاكه‌ ده‌ڵێت: "ده‌زگاكه‌مان رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ككردنی هه‌موو ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ رێكخراوی تیرۆرستیی داعش شه‌ڕی به‌سه‌ردا سه‌پاندوون، كاره‌كانیشمان بوونه‌ته‌ مایه‌ی رێز لێگرتن له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاژانس و رێكخراوه‌كانی یو ئێن و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌. له‌ هه‌ر شوێنێك خه‌ڵك پێویستی به‌ یارمه‌تی هه‌بووبێ، ئه‌و ده‌زگایه‌ به‌بێ ره‌چاوكردنی هێڵ و سنوور و مه‌ترسی بۆ سه‌ر كارمه‌ندانی، هه‌وڵی داوه‌ خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نێته‌ لێقه‌وماوان، كارمان له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ كردووه‌ كه‌ لێقه‌وماوان پێویستیان پێى بووه‌".


سه‌باره‌ت به‌و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌ ده‌زگاكه‌ له‌ كاتی پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌كان پێشكه‌شی كردووه‌ گوتی: "له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى وه‌ك ئاو و خۆراكی گه‌رم، دواتر دابینكردنی خیوه‌ت و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و بابه‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی، واته‌ هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌ی كه‌ بۆ ئاواره‌كان گرنگن، ئێمه‌ جیاوازیمان له‌نێوان ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ نه‌كردووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ هاوكارییه‌ به‌ هاواریانه‌وه‌ چووین، به‌ بێ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌ب و ئایین".

موسا ئه‌حمه‌د، باس له‌ سه‌ره‌تای كاری به‌هاناوه‌چوونی ده‌زگاكه‌یان بۆ ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش ده‌كات، كه‌ له‌ مانگی 8ی 2014: "له‌ سه‌ره‌تای كاره‌ساته‌كه‌وه‌ به‌ كه‌متر له‌ دوو سه‌عات خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان گه‌یانده‌ چیای شنگال و له‌ ماوه‌ی 20 سه‌عاتدا خۆراكی گه‌رممان پێ گه‌یاندن. دواتر له‌ كه‌مپه‌كانی شاریا و خانكێ و سێمێل و ناوچه‌كانی تر شوێنیان بۆ كرایه‌وه‌. به‌ هاوكاریی رێكخراوی (ده‌بلیو ئێچ پی) له‌ ماوه‌ی 45 رۆژدا توانیمان 9 ملیۆن و 900 هه‌زار وه‌جبه‌ خواردنی گه‌رم به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌ش بكه‌ین".

موسا ئه‌حمه‌د، به‌هاناوه‌چوونی به‌په‌له‌ی ده‌زگاكه‌یان له‌ پێشكه‌شكردنی خۆراك و خواردنی گه‌رم بۆ ئاواره‌كان به‌ هۆكاری سه‌لامه‌تیی ئاواره‌كان داده‌نێ: "ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی ده‌زگاكه‌مان كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بووه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خواردنی گه‌رم كه‌ ئاواره‌كان پێویستیان به‌وه‌ نه‌بێت خواردنی قوتوو به‌كار بهێنن، هه‌روه‌ها گرفتی گه‌رمكردنه‌وه‌ی خواردنیان نه‌بێت. ئه‌وه‌ش وای كرد كه‌ دوور بن له‌ په‌تا و نه‌خۆشی، به‌ تایبه‌ت ئه‌و نه‌خۆشییه‌ باوانه‌ی كه‌ له‌ كۆچی به‌كۆمه‌ڵدا ئه‌گه‌ری تووشبوون و بڵاوبوونه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ نه‌ك بۆچوونی ئێمه‌".

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، جگه‌ له‌ چالاكییه‌كانی له‌ناو كه‌مپه‌كان، سێ گه‌وره‌ترین كه‌مپی كوردستان كه‌ له‌دوای شه‌ڕی ئازادكردنی مووسڵه‌وه‌ دروست كراون، به‌ڕێوه‌ ده‌بات (چوار كه‌مپی دیبه‌گه‌ و كه‌مپی خازر و حه‌سه‌ن شام).

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌ كه‌مپه‌كاندا 24 سه‌عات خواردنی گه‌رم به‌سه‌ر خه‌ڵكی كه‌مپه‌كاندا دابه‌ش ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌تانی و سۆبه‌یان بۆ دابین ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ته‌باخێكی بچووك تا خواردنی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن.


سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌و ده‌زگایه‌، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگاكه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ هیچ هاوكارییه‌ك له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هیچ لایه‌نێكی سیاسی وه‌رناگرین، به‌ڵام پشتئه‌ستوورین به‌و كاره‌ جوانانه‌ی كه‌ ده‌زگاكه‌مان ئه‌نجامی ده‌دات. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاژانس و رێكخراوه‌كانی یو ئێن و وڵاتانی هاریكاریبه‌خش كه‌ به‌ دوای هاوبه‌شێكدا ده‌گه‌ڕێن تا به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ كاری له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و ئه‌و پێداویستییانه‌ی كه‌ بۆ ئاواره‌كانیان ئاماده‌ كردووه‌، بیگه‌یه‌نن، رێگای سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه‌ و رێگایه‌كی تریش خه‌ڵكی له‌خۆبردووی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ به‌رده‌وام گه‌وره‌ترین پاڵپشتیی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بوونه‌، وه‌كو كه‌سایه‌تی و كۆمپانیاكان و خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ رێگای ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ هاوكاریی ئاواره‌كان بكه‌ن".

له‌دوای شه‌ڕی مووسڵ، ئه‌ركی ئه‌م ده‌زگایه‌ سه‌ختتر بووه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی 63 هه‌زار ئاواره‌ له‌ ناوچه‌كانی گۆگجه‌لی و حه‌مام عه‌لیل و نه‌مروود، واته‌ ده‌وروبه‌ری مووسڵ و ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه‌ ئێستا ئازاد كراون یان شه‌ڕیان تێدایه‌، هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ كه‌مپه‌كانی خازر و حه‌سه‌ن شام و سێلكا، پێشوازییان لێ ده‌كرێت و جێگیر ده‌كرێن.


به‌پێی ئاماری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، رۆژ هه‌یه‌ 4 هه‌زار ئاواره‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌. له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می شه‌ڕی مووسڵدا نزیكه‌ی 35 هه‌زار ئاواره‌ هاتوون و له‌ كه‌مپه‌كانی حه‌سه‌ن شام و خازر جێگیر كراون، ژماره‌ی ئاواره‌ له‌و كه‌مپانه‌ له‌ 45 بۆ 46 هه‌زار كه‌س نزیك بووه‌ته‌وه‌ و رۆژانه‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ دادێت. هه‌روه‌ها كه‌مپی سێلكا، نزیكه‌ی 6 هه‌زار ئاواره‌ی مووسڵی تێدا جێگیر كراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ئاوارانه‌ی روویان كردووه‌ته‌ كه‌مپه‌كانی دیبه‌گه‌ و گه‌یاره‌ و له‌یلان، به‌شێكیش له‌ ئاواره‌كان خزم و كه‌سیان له‌ناو شار و كۆمه‌ڵگه‌كانی هه‌رێم هه‌یه‌ و له‌وێ نیشته‌جێن.

به‌رپرسانی ئه‌و ده‌زگایه‌ گله‌یی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش حكوومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، كه‌ وه‌كو پێویست به‌ ده‌نگ ئاواره‌كانه‌وه‌ نایه‌ن و ئاماده‌كاری ناكه‌ن بۆ پێشوازیكردنیان.


موسا ئه‌حمه‌د، سه‌باره‌ت به‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ڵێت: "ئێمه‌ وه‌كو لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار و ئاگادار له‌ ره‌وشی په‌نابه‌ران، داوای زۆرمان له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، به‌تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و یو ئێن، كه‌ ئه‌وانه‌ دوو لایه‌نی زۆر سه‌ره‌كین و له‌ ره‌وشی ئاواره‌كانیش ئاگادارن، ده‌كرێ ئاماده‌كاریی باشتر بكرایه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانزانی ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ هه‌ر روو ده‌دات. له‌به‌رئه‌وه‌ كاتمان هه‌بوو بۆ ئاماده‌كاری، به‌تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران. ئه‌م خه‌ڵكه‌ په‌نابه‌ر نین و ئاواره‌ن، هاووڵاتیی عێراقین، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق به‌رپریسارێتیی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان زیاتره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش هاوكارییه‌كانی وه‌كو پێویست نین و ئه‌وه‌ی كراوه‌ به‌شی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ ناكات، له‌ كاتێكدا كه‌ هاتنیان به‌رده‌وامه‌".


به‌پێی ئاماره‌كان، 1 ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌س له‌ ده‌وروبه‌ری مووسڵ ده‌ژین كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدان، هه‌ر كام له‌م خه‌ڵكه‌ ده‌رفه‌تی هه‌بێت راده‌كات و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ ده‌هێڵن. بێ گومان په‌نا بۆ شوێنێك ده‌به‌ن كه‌ ژیانیان پارێزراو بێت و لێیانه‌وه‌ نزیك بێت، بۆیه‌ گونجاوترین شوێن بۆ ئه‌وان پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكه‌، له‌ رووی رووبه‌ر و شوێنه‌وه‌ ئه‌و دوو پارێزگایه‌ بوارى دروستكردنی كه‌مپی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ رزگاركردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری مووسڵ و به‌رده‌وامیی شه‌ڕ، چاوه‌ڕوانی هاتنی رێژه‌یه‌كی زیاتر له‌ ئاواره‌ ده‌كرێت.


به‌پێی زانیاریی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق و یو ئێن ئێچ پی ئاڕ له‌ پلانیاندایه‌ ته‌واو بكرێن، ناكاته‌ پێداویستیی سه‌دا بیست و پێنجی ئاواره‌كان.


موسا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "ئێمه‌ به‌هۆی كاره‌ باشه‌كانمانه‌وه‌ هه‌وڵمان داوه‌ ئه‌ركی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا كه‌ حكوومه‌تی عێراق كاری پێویست بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی ناكات، حكوومه‌تی هه‌رێمیش قه‌یرانی دارایی هه‌یه‌ و به‌هۆی ئه‌و سزا سه‌پێنراوه‌ی كه‌ حكوومه‌تی عێراق خستوویه‌تییه‌ سه‌ری، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی پێ دابین ناكرێت، بۆیه‌ ئێمه‌ كه‌لێنه‌كان پڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌".


هاوكات هۆكارێكی دیكه‌ی كه‌مته‌رخه‌میی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ بواری كاری خێرخوازی و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان ئه‌زموونیان كه‌مه‌: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌م ئیشه‌ ته‌رخان كراون، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ئه‌زموونیان كه‌مه‌ و له‌ ئاستی ئه‌م ئه‌ركه‌دا نین، پێشیان وایه‌ كه‌ پێشوازی كردن له‌ په‌نابه‌ران هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خێوه‌تێك هه‌ڵده‌ن و دۆشه‌ك و به‌تانییان بده‌نێ، موعاناتی ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌وه‌ كۆتایی نایه‌ت، ئه‌وانه‌ خێزانن و پێداویستیی رۆژانه‌یان هه‌یه‌، ده‌بێ رۆژانه‌ شیریان بۆ منداڵه‌كانیان هه‌بێت و خواردنی گه‌رمیان هه‌بێت، هه‌روه‌ها پێداویستییه‌كانی گه‌رمكه‌ره‌وه‌یان هه‌بێت، ده‌نا ناتوانن بژین، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ پڕ بكه‌ینه‌وه‌".

كه‌مپه‌كان ته‌نیا بنكه‌ی ته‌ندروستیی سه‌ره‌تاییان تێدایه‌، ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌وێ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن روو ده‌كه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌و نه‌خۆشخانانه‌دا وێڕای قه‌یرانه‌كان، وه‌كو هاووڵاتیی هه‌رێم مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و چاره‌سه‌ریی پێویست وه‌رده‌گرن. به‌ هاوكاریی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێم ره‌وشی ته‌ندروستیی ئاواره‌كان باش كراوه‌ و تا ئێستا هیچ نه‌خۆشییه‌ك له‌ناو كه‌مپه‌كان بڵاو نه‌بووه‌ته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی سه‌رما، ئاواره‌كان پێویستییان به‌ سووته‌مه‌نی و ئامرازه‌كانی گه‌رمكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق بۆ هه‌ر خێزانێك ته‌نیا بیست لیتر نه‌وتی دابین كردووه‌، كه‌ به‌شی 48 سه‌عات ده‌كات بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، به‌ جۆرێكی دیكه‌ هه‌وڵی دابینكردنی نه‌وتی داوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دابه‌شكردنی به‌تانی و جلوبه‌رگ.

هه‌موو ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ، چاوه‌ڕوانی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌ ئاواره‌ ده‌كرێت، چونكه‌ مووسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانی به‌ زیاتر له‌ 2 ملیۆن مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت و زۆرترین رێژه‌ی ئه‌م دانیشتوانه‌ ئاواره‌ ده‌بن و روو ده‌كه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان.


جێگری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، پێی وایه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هاتنی ئاواره‌ی زیاتر و به‌رده‌وامیی كه‌مته‌رخه‌میی حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی خۆی، هه‌روه‌ها به‌هاناوه‌ نه‌هاتنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌سات هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق به‌زووترین كات كاری پێویست ئه‌نجام نه‌دات، ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌سات ده‌كرێت، چونكه‌ توانای ئێمه‌ له‌ رووی دابینكردنی شوێن و خواردن و پێداویستییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌، ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ ئاواره‌ نایه‌ت و له‌ ئه‌نجامدا خه‌ڵك بێ شوێن و خواردن و پێداویستی ده‌مێننه‌وه‌".


ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ رێگرتن له‌ روودانی كاره‌ساتی زیاتر و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان، داوا له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق تا به‌ هانای خه‌ڵكه‌كی خۆیانه‌وه‌ بێن: "داواش له‌ وڵاته‌ مرۆڤدۆسته‌كان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌كه‌ین، داوا له‌ كونسوڵخانه‌كان ده‌كه‌ین، بۆ ئاماده‌كاریی پێویست و به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌كان هاوكارمان بن".



گوتیشی: “رۆژانه‌ هه‌موومان ده‌بینین، ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی له‌ناو مووسڵ ئازاد ده‌كرێن هاوار هاواریانه‌ بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ و بۆ خواردن، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات خواردن بگه‌یه‌نرێته‌ ئه‌و شوێنانه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ بینیمان له‌ ناوچه‌كانی حه‌مام عه‌لیل و گۆگجه‌لی، هه‌ندێ خواردنی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، به‌ هاوكاریی پارێزگاری مووسڵ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش كرا، به‌ڵام زۆر بێ به‌رنامه‌ بوو، خه‌ڵكێكی به‌توانا و به‌هێز دوو سێ جار سوودمه‌ند بووه‌، به‌ڵام خه‌ڵكێكی په‌ككه‌وته‌ و بێ هێز سوودمه‌ند نه‌بووه‌".


هاوكات ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، به‌ پێویستی ده‌زانێ هاوئاهه‌نگییه‌كی باش له‌نێوان ئه‌نجامده‌رانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ و لایه‌نه‌كانی پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق هه‌بێت، تا قه‌باره‌ و ژماره‌ی ئاواره‌كان بزانرێت و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ ئاماده‌كاری بكرێت.

له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌ روویان كردووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌رچی ژماره‌كان به‌رده‌وام گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی توانیویانه‌ روویان كردووه‌ته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و رێژه‌یه‌كی كه‌میش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان، دوای ئازادكردنه‌وه‌یان.


ژماره‌ی په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان (سووریا) 315 هه‌زار كه‌س بوو، ئێستا بووه‌ته‌وه‌ 240 هه‌زار كه‌س.


له‌ كۆتایی ساڵی 2015 تا ناوه‌ڕاستی 2016، نزیكه‌ی 1 ملیۆن و شه‌شسه‌د هه‌زار ئاواره‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، دوای ئازادكردنی ناوچه‌كانیان به‌شێكیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، وه‌ك فه‌لوجه‌ و رومادی و تكریت، به‌ڵام هاتنی ئاواره‌كانی ده‌وروبه‌ری مووسڵ و گه‌ڕه‌كه‌كانی مووسڵ به‌رده‌وامه‌.


ژماره‌ی په‌نابه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (ئێران)یش له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی دۆخه‌كه‌وه‌ تاراده‌یه‌ك بیرچوونه‌ته‌وه‌، له‌ كه‌مپه‌كانی دێگه‌ڵه‌ و جه‌ژنیكان و كۆیه‌ و هه‌ندێ ناوچه‌ی تر جێگیر كراون. ئێستا هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ په‌نادانی په‌نابه‌ر و ئاواره‌ی شه‌ڕ، چونكه‌ له‌ كوردستان به‌بێ جیاوازیی ره‌گه‌ز و ئایین و مه‌زهه‌ب و زمان، پێشوازی له‌ ئاواره‌كان ده‌كرێت، جگه‌ له‌ حكوومه‌ت خه‌ڵكیش به‌پێی توانای خۆیان هاوكاریی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن.

 

لینكی ته‌واوی راپۆرته‌كه‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی باس

http://www.basnews.com/index.php/so/interviews/316159