Mobile menu

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری زیاتر لە 33 هەزار خێزانی ئاوارە ده‌كات

موسا ئه‌حمه‌د: جگه‌ له‌ناوخۆی كوردستان، 20 هه‌زار جانتا و پێداویستی خوێندن به‌سه‌ر قوتابیانی ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە هاوکاری و پێداویستی ژیان بۆ ئاوارەکان و ئەوکەسانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە دابین دەکات، لە درێژەی کار و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا هەفتانە زیاتر لە ٣٣ هەزار خێزان هاوکاری و یارمەتی دەدرێن به‌شێكی له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگاو ژماره‌یه‌ك چالاكیش بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوه‌ ناوچەیی و جیهانییەکان لە ناو کەمپەکانی ''دیبگە، خازر، حەسەنشام، نێرگزلی و زلیکان'' هەروەها لە دەرەوەی کەمپەکان و ناوشار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پێداویستی بۆ قوتابیان كه‌مده‌رامه‌تان دابه‌ش ده‌كات.

ژه‌مه‌خواردنی گه‌رم

له‌گه‌ڵ هاتنی ئاواره‌كان بۆ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی چێشتخانه‌وه‌ رۆژانه‌ دوو ژه‌مه‌ خواردنی گه‌رم به‌سه‌ر ئه‌و خێزان و كه‌سانه‌دا دابه‌ش ده‌كات كه‌ تازه‌ ئاواره‌ ده‌بن، له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی ژه‌مه‌خواردنی گه‌رم بۆ ئاواره‌كان و رایده‌گه‌یه‌نێت: لە ماوەی هەفتەی کۆتايی مانگی ١١ی ئەمساڵدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە خواردنی گەرمی پێشکەشی ئەو کەسانە کردووە کە بەهۆی شەڕی موسڵەوە ئاوارە بوون و روویان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەر بۆ ئەو مەبەستە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێکەوتنێکدا لەگەڵ LDSی ئەمەریکی پرۆتۆکۆلی دابینکردنی دوو ملیۆن ژەمە خواردن گەرمیان ئیمزاکرد بۆ پێنج کەمپی ئاوارەکان و رۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی چێشتخانه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌ند تیمێكی تایبه‌ته‌وه‌ خواردنی گه‌رم دروست ده‌كرێت و دابه‌شی سه‌ر كه‌س و ئاواره‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: شێوازی دابه‌شكردنی ژه‌مه‌خواردنی گه‌رم به‌جۆرێكه‌ تاوه‌كو ئاواره‌كان ده‌چنه‌ شوێن و په‌ناگه‌ی خۆیان له‌كه‌مپه‌كان پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

گرنگیدان به‌ بواری په‌روه‌رده‌

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی گرنگیه‌كی تایبه‌ت به‌ سێكته‌ری په‌روه‌رده‌و خوێندن ده‌دات، له‌و میانه‌شدا ساڵانه‌ به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی رێكوپێك جانتاو پێداویستی خوێندن به‌سه‌ر 50 هه‌زار قوتابی ناوخۆی كوردستان و ئاواره‌و په‌نابه‌ردا دابه‌ش ده‌كات، هاوكات له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی بیانی له‌ به‌شێكی كه‌مپی ئاواره‌و په‌نابه‌راندا قوتابخانه‌ی دروستكردوه‌و ئێستاكه‌ خوێندن تیایاندا به‌رده‌وامه‌، له‌و میانه‌شدا موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: ئێمه‌ ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌مپی ئاواره‌و په‌نابه‌راندا، جانتاو پێداویستی خوێندن دابه‌ش ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگی به‌ دروستكردنی قوتابخانه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان ده‌دات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری خێرخواز حاجی حەسەن قوتابخانەیەکی بنەرەتی لە گوندی پلینگانەی سه‌ر به‌ شاره‌دێی قوشته‌په‌ له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر دروستكرد. هاوكات به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی تری هاوبه‌شی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت ئه‌مساڵ 20 هه‌زار جانتا په‌ڕاو و پێداویستی خوێندن دابه‌ش ده‌كات و پرۆسه‌كه‌ ده‌ستی پێكردوه‌و سه‌رجه‌م قوتابیانی ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كان و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌گرێته‌وه‌.

قوتابیانی ناوخۆی كوردستان

وه‌ك ئاشكرا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌رده‌وامه‌ له‌ هاوكاریكردنی قوتابیانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئاستی بژێوی ژیانیان نزمه‌، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌باره‌ی هاوكاریكردنی قوتابیانی ناوخۆی كوردستان له‌مساڵی خوێندندا ده‌ڵێت: دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆمەک و هاوکارییەکانی پێشکەشی قوتابیان و قوتابخانەکان کردووە و لە بواری پەروەردەدا بەردەوام خزمەتی ئەو کەسانەی کردووە کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، ساڵانە جانتا، دەفتەر، قەڵه‌م و پێداویستی خوێندن بەسەر قوتابیانی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشکردوە، راشیگه‌یاند:چالاكیه‌كانمان له‌و بواره‌دا به‌رده‌وامه‌و ده‌ستی هاوكاری ده‌گه‌یه‌نینه‌ سه‌رجه‌م شارو ناوچه‌ كوردستانیه‌كان، بۆ نموونه‌ هه‌فته‌ی رابردوو جانتا و پێداویستی خوێندن بەسەر ٥٠٠ قوتابی قەرەتەپە و جەبارە دابەشكرد، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شارۆچکەی ئامێدی هاوکاری ٢٠ بەشەناوخۆیی کرد و کە لەو چوارچێوەیەدا ٤٥٠ پارسێلی خۆراک بەسەر ١٤٠ قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکاندا دابەشکرا.

پێداویستی منداڵانی ئاواره‌

پاش ئه‌و شه‌پۆله‌ زۆره‌ی هاتنی ئاواره‌كانی شاری موسڵ و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، ژماره‌یه‌كی زۆر منداڵ رووبه‌ڕووی قه‌یرانی كه‌می شیرو پێداویستیه‌كانی تر بونه‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانه‌ له‌پێشوازیی ئاواره‌كاندایه‌ و پێداویستی و خواردنی گه‌رم و شتومه‌كیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كات، بۆ منداڵانی شیره‌خۆره‌ش هه‌وڵی جدیداوه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراو كه‌سایه‌تیه‌ خێرخوازییه‌كانی كوردستان پێداویستی منداڵان دابین بكات، له‌و میانه‌شدا موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری شیر و پێداویستی منداڵانی بەسەر کەمپەکاندا دابه‌ش ده‌كات، بۆ نمونه‌، ٣٥٠٠ منداڵ لە کەمپەکانی ''خازر، حەسەن شام و زیلیکان'' هاوکاری کران، منداڵان قوربانی سەرەکی شەر و ئاڵۆزییەکانن و ژمارەی منداڵان لە کەمپەکانی ئاوارەکان زۆر زۆرە و رۆژانە روو لە زیادبوونە هەر بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا و کەسانی خێرخواز هاوکاری بەسەر مندالاندا دابەشدەکات.

هاتنی وه‌رزی سه‌رماو سۆڵه‌

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، ئاواره‌كان پێویستیان به‌ جلوبه‌رگ و ناوماڵه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ گه‌رمكه‌ره‌وه‌و نه‌وت و ده‌یان پێداویستی تر، له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوت و پێداویستییەکانی گەرمکەرەوەی بەسەر سەرجەم دانیشتوانی هەر پێنج کەمپەکەی ''دیبگە، خازر، حەسەنشام، نێرگزلی و زلیکان'' ده‌كات و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كو سه‌رجه‌م خێزانه‌ ئاواره‌كان سودمه‌ند ده‌بن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: بە هاوکاری لەگەڵ UNHCR نەوت و گەرمکەرەوە پێشکەشی زیاتر لە ١٤٠٠ خێزانی کەمپی دیبەگەکرا هەروەها لە کەمپی خازر ٥٠٠٠ خێزان جل و بەرگ و پێداویستی زستانەیان وەرگرتووە و ٤١٢٨ خێزانی ئاوارە خواردن و پەناگە و پێداویستی ناوماڵیان پێشکەش کراوە.

چیای شه‌نگال

دەزگای خێرخوازیی بارزانی به‌ به‌رده‌وامی هاوکاری خێزانە ئاوارەکانی چیای شەنگال ده‌كات و بەردەوام هاوکاریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خۆراکی گەرمەوە هەتا پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان پێشکەشی ئاوارەکانی موسڵ لەناو کەمپەکان دەکات، هه‌ر له‌درێژه‌ی هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی سه‌ر چیا کە ١٨٧٠ خێزانی چیای شەنگال بەشەخۆراکیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی مانگانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت.

گرنگیدان به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی

به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رو پشكنینی ئه‌و ئاوارانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و ده‌رمان هه‌یه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی له‌ هه‌ردوو كه‌مپی خازر و حه‌سه‌ن شام له‌سنوری پارێزگای موسڵ ده‌كه‌نه‌وه، له‌و میانه‌دا موسا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: كردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو بنكه‌یه‌ كارئاسانی و بارگرانییه‌كی زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر كه‌متر ده‌كاته‌وه‌و ئاواره‌كان له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن پشكنین و چاره‌سه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان وه‌ربگرن، هه‌روه‌ها ئه‌و بارگرانیه‌ش كه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر هه‌یه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: گله‌یی زۆرمان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقیش هه‌یه‌ كه‌ زۆر كه‌مته‌رخه‌من له‌ گه‌یاندنی هاوكارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ ئاواره‌كان، له‌ڕووی پێداویستیه‌ خۆراكی و ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌ كه‌مپه‌كانیان ئیهمال كردوه‌ و پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق زیاتر بێنه‌ سه‌ر خه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گیروگرفتی ئاواره‌كان.