موسا ئه‌حمه‌د: به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت 4 هەزار منداڵی بێباوک (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هاوكاری ده‌كرێن

له‌سه‌ره‌تای مانگی ١٢ی ئەمساڵه‌وه‌ هاوکاری زیاتر لە ٣٥٢٥٣ کەس کراوە

موسا ئه‌حمه‌د: به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت 4 هەزار منداڵی بێباوک (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هاوكاری ده‌كرێن

جلوبه‌رگ و پێداویستی زستانه‌ی 7620 منداڵی ئاواره‌ له‌ چیای شه‌نگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری دابه‌شكراون

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەکەم هه‌فتەی دەسپێکی مانگی ١٢ی ئەمساڵدا هاوکاریی جۆراو و جۆری قوتابیان و منداڵانی کەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکانی کردووە. لە درێژەی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازییبارزانی و بەهەماهەنگی رێکخراوە جیهانی و دەوڵەت و کاسانی خێرخواز هەڵمەتی هاوکارییەکانی بەرفراوان کردووە و بە دەیان هەزار کەس و خێزانی ئاواره‌و په‌نابه‌رو هەژار و کەمدەرامەت سوودمەند ده‌بن.

کردنەوەی دوو بنکەی تەندروستی

بەمەبەستی چارەسەر و پشکنینی ئەو ئاوارانەی کە پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی و دەرمان هەیە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی کوێت دوو بنکەی تەندروستی لە کەمپەکانی ''حەسەن شام و خازر'' لە سنوری پارێزگای موسڵ کرایەوە. سه‌باره‌ت به‌ گرنگی ئه‌و بنكه‌ ته‌ندروستیانه‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاری موسڵ لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دوو بنکەی تەندروستیيە دەزگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری دەوڵەتی کوێت دروستكراوه‌ و سەرجەم کەرەستە و پێداویستییە تەندروستییەکان ئامادەکراون و شەو و رۆژ پێشوازی لە ئاوارەکان دەکەن، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە کێشەی تەندروستی لە ناو کەمپەکاندا ژیانی ئاوارەکانی خستۆتە مەترسییەوە و بەکردنەوەی بنکەی تەندروستی هاوشێوەی ئەم بنكانه‌ رۆژانە چارەسەری دەیان ئاوارەی نه‌خۆش دەکرێت، هه‌روه‌ها جەختیان لەوەشکردەوە کە کردنەوەی ئەو دوو بنکەیە کارئاسانی زۆر باش ده‌كات و بارگرانییەکی زۆر لەسەر نەخۆشخانە و بنکە ته‌ندروستیه‌كانی ناو شاری هەولێر کەمتر دەکاتەوە و ئاوارەکان لە رێگایەوە دەتوانن پشکنین و چارەسەری سەرەتایی وەربگرن و پێویستیان به‌وه‌ نه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ناو شار بكرێن.

هاوكاريكردنی منداڵانی بێباوك

پرۆژەی چاودێریی ئازیزان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراندووە و پرۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌و چوار مانگ جارێك منداڵانی بێباوك هاوكاری ده‌كرێن. له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازيی بارزانی رایگەیاند کە لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزاندا بۆ منداڵانی بێباوک بە هاوکاری دەوڵەتی کوەیت، کە پرۆتۆکۆڵێک ئیمزاکراوە بۆ هاوکاریکردنی مانگانەی 4 هەزار منداڵی بێباوک (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

جلوبەرگی زستانە و هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و سۆڵە هاوکارییەکانی لە جۆری جلوبەرگی زستانە و ئامێری گەرمکەرەوە و سوتەمەنی بۆ کەسانی کەمدەرامەت و ئاوارەکانی ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، لە ماوەی هه‌فته‌ی یەکەمی مانگی دوازدەی ئەمساڵدا دەزگای خێرخوازیی بازرانی جلوبەرگی زستانەی بۆ منداڵانی چیای شەنگال و گوندی کفریکدا دابەشکردووە، کە لەو بارەیەوە موسا ئه‌حمه‌د رایگەیاند: کە خەڵکی ئاوارەی کەمپەکان تەنیا پێویستیان بە خۆراک نیە بەڵکوو پێویستیان بە پێداویستییەکانی دیکەی وەکو جلوبەرگ و سوتەمەنیش هەیە بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، بۆ ئەو مەبەستە دەزگای خێرخوازيی بارزانی بەهۆی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکان پێداویستییەکانیان دابین دەکات.

جێگای ئاماژەیە لە ماوەی هه‌فته‌ی رابردوودا دەزگای خێرخوازيی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ unicef جلوبەرگی گەرمی بەسەر ٧٠٥٠ منداڵی سەر چیای شەنگالدا بڵاوکردەوە و دواتریش جلوبەرگی گەرمی زستانی بەسەر ٥٧٠ منداڵی گوندی کفریکی سەربە شاره‌دێی وانكێدا دابەشکرد. هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی سۆبە و گەرمکەرەوەی بەسەر ٧٧٩ خێزانی کەمپەکانی دیبەگەدا دابەشکرا.

خواردنی وشک

لەگەڵ هاتنی شەپۆلی ئاواره‌كان خواردن یەکێک بووە لە پێداویستییە سەرکییەکانیان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە خواردنی گەرم و هەروەها پارسێلی خواردنی وشکی بۆ ئاوارەکانی دابین کردووە. لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه به‌وه‌ ده‌كات: کە بەردەوام هاوکاری و خۆراکی وشک بۆ ئاوارەی ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دابینکراوە و لەو بارەیەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکان فراوانترکردەوە، له‌و میانه‌شدا هاوکاری و خواردنی وشکی بۆ ٣٨٣٥خێزانی ئاوارە دابین کردووە کە هەر خێزانێک بەشێوەیەکی گشتی پێکهاتووە لە پێنج کەس.

پرۆسەی خوێندن

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمە لایەنەیە و گرنگییەکی تایبەتی بە پرۆسەی خوێندن و قوتابیان داوە بەمەبەستی بەردەوامی سەرکەوتنی پرۆسەکە، خوێندن و پەروەردە تاکی پێگەیشتووی کاریگەر لە کۆمەڵگادا دروست دەکات و دەزگای خێرخوازیی بارزانیش بە کردنەوەی قوتابخانە و هاوکاری قوتابیانی کەمدەرامەت پاڵپشتی ئەو پرۆسە گرنگەی کردووە.

لەو بارەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند بۆ هاوکاریکردنی قوتابیان و قوتابخانەکان لەو رووەوە هاوکاریی قوتابیانی ئەو ناوچانە کراوە کە لە پێویستیان بە هاوکارییە، جانتا و پێداویستی خوێندنیان بۆ دابین کراوە، هەرەوها لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ٧ قوتابخانەی ١٢ پۆلی له‌ناو كه‌مپی ئاواره‌و په‌نابه‌ران کراوەتەوە، کە ئێستا خوێندن تیایاندا بەردەوامە. هاوكات بۆ پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستی خوێندنی بەسەر ٤٥٦٣ قوتابیدا دابەشکردووە، لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند کە لەگەڵ دەوڵەتی کوێت بەپێی پرۆژەیەکی هاوبەش ئەمساڵ ٢٠ هەزار جانتا و پێدوایستی خوێندن بەسەر قوتابیانی ئاوارە لە سەرجەم کەمپ و دەرەوەی کەمپەکاندا دابەش دەکرێت.