لە چواردە هەڵمەتدا هاوکاری ٣٨٢٩ خێزان و ٦٧٨ کەس دەکرێت

موسا ئەحمەد: به‌هاوكاری خێرومه‌ندان و وڵاتانی هاریكاربه‌خش توانیومانه‌ ٢٩ هه‌زار جانتا و پێداویستی جۆراوجۆری خوێندن بۆ قوتابیان دابین بکەین

 

راپۆرت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینیی(٢٠١٧)ـەوە هەتا ئێستا هاوکاری ٣٨٢٩ خێزان و ٦٧٨ کەسی کردووە لە بوارە جیاجیاکانی (پەروەردە و خواردن و پێداویستی رۆژانە و ...هتد) و هەروەها رۆژانە بە پێشوازی هەزاران ئاوارەوە دەروات کە بەهۆی شەری موسڵەوە ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێ دێڵن و روولەکەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بواریپەروەردە

پەروەردە زامنی سەرکەوتنی نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمانە و بارهێنان و پەروەردەکردن ئەرکی سەرشانی هەموومانە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستی بەگرنگی ئەو بوارە کردووە و لەو ئاراستەیەدا هەنگاوی پێویستی هەڵهێناوە و بەردەوام هاوکاری جۆراوجۆری پەروەردەیی پێشەکشی خەڵکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان کردووە لە کردنەوە و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەوە هەتا پێشکەشکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ قوتابیان و دابین کردنی نەوت و سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان. لە دوای ساڵی نوێی زاینیەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مەراسیمێکدا لە شارۆچکەی رەواندوز بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خاتوو کوێستان قادر قایمقامی شارۆچکەی رەواندوز و ئیبراهیم خەلیل نوێنەری دەزگای GIZی ئەڵمانی قوتاخانەی موژدەی بنەرەتی دوای نوێژەنکردنەوە پێشکەشی قوتابیانی ئەو دەڤەرە کردەوە، جێگای ئاماژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پرۆژەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای GIZی ئەڵمانی ٢٧ قوتابخانە نوێژەن دەکەنەوە کە قوتابخانەی موژدەی بنەرەتی تێکەڵاو یەکێک بووە لەو قوتابخانانە. له‌باره‌ی گرنگی خزمه‌تكردنی بواری په‌روه‌رده‌و خوێندن، موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: جگه‌ له‌ خزمه‌تكردنی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆته‌ جێگه‌ی تێڕامان و سه‌رسوڕمانی ریكخراوه‌ جیهانیه‌كان، هه‌روه‌ها له‌سێكته‌ری په‌روه‌رده‌ و خوێندنیش توانیومانه‌ جێپه‌نجه‌مان دیاربێت و رۆڵی خۆمان بگێڕین. هه‌روه‌ها رایگەیاند: ئه‌مساڵ له‌ ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی خوێندن به‌هاوكاری خێرومه‌ندان و وڵاتانی هاریكاربه‌خش توانیومانه‌ ٢٩ هه‌زار جانتا و پێداویستی جۆراوجۆری خوێندن بۆ قوتابیان دابین بکەین، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌لێنێكی زۆری قوتابیان و پێویستیه‌كانیان پڕ ده‌كاته‌وه‌.

 

دابه‌شكردنی پێداویستیه‌كانی زستان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمساڵدا گەرمکەرەوە(سۆبە) بۆ هۆڵەکانی خوێندنی قوتابخانەکان دابین دەکات، موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر هاوكاریكردنی زیاتری قوتابیان له‌ وه‌رزی زستان و رایگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانین له‌ وه‌رزی زستاندا لە بەشێک لە شار و شارۆچكه‌ کانی هەرێمی کوردستان به‌ به‌رده‌وامی به‌فر ده‌بارێت، بۆیه‌ ئه‌مساڵ به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ خێرومه‌ندان و وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش و رێكخراوه‌ جیهانیه‌كان ٧٠٠ سۆپا و گه‌رمكه‌ره‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌ک قوتابخانه‌ له‌ مێرگه‌سۆر و ره‌واندوز و سۆران و چۆمان لە هۆڵه‌كانی خوێندنی قوتابیان دابین بكه‌ین.

لە درێژەی چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری پەروەردەدا لە سەرتای ساڵی نوێی زاینییەوە هەتا ئێستا جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ ٥٣ قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکردووە و بەردەوامیش دەبێت لە دابین کردنی پێداویستی بۆ قوتابیان و نۆژەن کردنەوەی خوێندنگاکان.

خواردنی به‌رده‌وام بۆ ئاواره‌كان

لەگەڵ هاتنی شەپۆلی پەنابەرەکان خواردن یەکێک بووە لە پێداویستییە سەرکییەکانی ئاوارەکان و دەزگای خێرخوازی بارزانی رۆژانە خواردنی گەرم و هەروەها پارسێلی خواردنی وشکی بۆ ئاوارەکانی دابین کردووە. لە دەستپێکی ئەمساڵەوە لە چوار هەڵمەتی جیاجیادا خواردنی وشک بۆ ١٧٤٦ خێزانی ئاوارەی کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانی دابینکراوە. لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمه‌تكردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ جێگه‌ی تێڕامان و سه‌رسوڕمانی ریكخراوه‌ جیهانیه‌كان.

رۆژانە بە هەزاران ئاوارە بۆ هۆی شەری موسڵەوە ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێ دەهێڵن و روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی ئاوارەکانیش کەمپەکان توانایی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەیان نیە و بۆیە بەردەوام شوێنی نوێ و کەمپی نوێ بۆ ئاوارەکان دەکرێتەوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە لەگەڵ هاتنی ئاوارە نوێیەکان خواردنی گەرمیان پێشکەش دەکات.

کەلوپەل و پێداویستی تر

لە حەوت چالاکی جیادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستییەکانی وەکو (چادر، بەتانی، سۆبە، پێداویستی خاوێنکردنەوە و پێداویستی تەندروستی و ..هتد) پێشکەشی ٢٠٨٣ خێزان و ١٤٥ کەسی ئاوارە و کەمدەرامەت کردووە. له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئەحمەد سەبارەت بە دابینکردنی هاوکارییەکان بۆ پەنابەران و کەسانی کەمدەرامەت ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە (٧١٤٣٦) پێداویستی جۆراوجۆری پێشکەشی ئەو کەسانەکردووە کە پێویستیان بە هاوکارییە، هاوکارییەکان بریتین لە ''(٦٤٣٥٠) خێوەت و کەلووپەلی پێداویستی ناومال، (١٦٠٠)سۆبە، (٤٧٧٢) بەتانی و دۆشەک، ١١مۆلیدەی کارەبا، ٦٨٨ موبەریدە و ١٥ مەکینەی دوورمان''.

دابه‌شكردنی جلوبەرگ

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردوام جلوبەرگ و پێداویستی بۆ کەسانی کەمدەرامەت و ئاوارەکان دابینکردووە و لە دەستپێکی ساڵی نوێی زاینییشەوە هەتا ئێستا لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا جلوبەرگی منداڵانی بۆ ٤٨٠ منداڵ دابینکردووە. موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا لە کەمپی بەحرکە جلوبەرگ بۆ ١٠٠ منداڵ و لە دوو گوندی سەر بە پارێزگای موسڵ جلوبەرگ بۆ ٣٨٠ منداڵ دابینکراوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوکاری رێکخراوە جیهانی و ناوچەییەکان و کەسانی خێرخواز و سەرمایەداران جلوبەرگی بۆ منداڵانی چیای شنگال و کەمپەکانی دیکەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دابینکردووە.