لە 46 چالاكی جۆراوجۆردا... ٣٠٩٩٦ پێداویستی بۆ ئاوارە و پەنابەر و خەڵکی کەمدەرامەت دابینکراوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی رێکخراوە هاوبەشەکانی بەردەوامە لە دابینکردنی هاوکاری جۆراوجۆر بۆ ئاوارە و پەنابەرانی ناو و دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکانی کەم دەرامەتی هەرێمی کوردستان و قوتابییان ، هەر لە درێژەی هاوکارییەکانیدا لە ٤٦ چالاکی هەفتەی دووەمی مانگی یەکی ٢٠١٧دا ٢٨٨٢١ خێزان و ٣٣٣٨ کەس سودمەند بوون هەروەها ٨٠٠ کارتۆن دەرمان گەیەندرایە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر.

سێكته‌ری پەروەردە

ئاستی تێگەیشتوویی نەوەی داهاتوو گرەنتی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و شارستانی فەراهەم دەکات، دابڕان لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە خەسارێکی گەورە بۆ نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی بەردەوام هێشتنەوەی خوێندن و سەرکەوتووبوونی پرۆسەی پەروەردە و بونیاتنانی داهاتوویەکی رۆشنتر بۆ نەوەکانی ئایندە، بەردەوام هاوکاری جۆراو جۆری پێشکەشی پرۆسەی فێرکردن کردووە، هاوکارییەکانی بریتیبوون لە کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دابینکردنی پێداویستی خوێندن بۆ قوتابیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.

جێگای ئاماژەیە لە ماوەی حەفتەی رابردوودا پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ١٥ قوتابخانەی سنووری پارێزگای دهۆک بە هاوکاری GIZی ئەڵمانی کۆتایی پێهات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: ئەم پرۆژه‌یه‌ ٢٩ قوتابخانەی سنوری هەولێر و دهۆکی گرتووەتەوە کە ١٥ قوتابخانەیان دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک و توانیومانه‌ هه‌لی كار بۆ زیاتر لە ١٢٠٠ خانه‌واده‌ و كه‌سی كه‌مده‌رامه‌ت به‌ ناوخۆ و ئاواره ‌و په‌نابه‌ر بڕه‌خسێنین، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ كه‌مده‌رامه‌تان و ئاواره‌و په‌نابه‌ریشه‌وه‌ پشتگوێنه‌خه‌ین و هاوكاری و پێداویستیان پێ بگه‌یه‌نین.

هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ قوتابیانی خێزانی شەهیدان دابینکرد، لەهەڵمەتێکدا بەمەبەستی گرنگیدان بە منداڵە پێشمەرگەکان و منداڵانی شەهیدان، جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ ١٠٠ منداڵی پێشمەرگە و شەهید لە شارۆچکەی کەلار دابین کرا، هەر لە درێژەی هاوکارییەکان بۆ قوتابیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە یارمەتی و پشتیوانیی وڵاتی کوێت لە هەرێمی کوردستان، لە درێژەی هاوکارییەکانیدا چالاکییەکی خێرخوازی بەڕێوەبرد، لەم چالاکییە خێرخوازییەدا جانتا و پێداویستیی خوێندنی بەسەر ٩٠٠ قوتابیانی شارەدێی دیبەگەدا بڵاو کردەوە.

جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی هاوکاریی قوتابیان ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ساڵی رابردوودا جانتا و پێداویستی خوێندنی بۆ ٢٩ هەزار قوتابی دابینکراوە و لە داهاتووشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی قوتابیان و منداڵان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.

سێكته‌ری خواردن

خواردن یەکێکە لە پێویستییە بەردوامەکانی ئاوارە و پەنابەران و کەسانی کەمدەرامەت، دەزگای خێرخوازیی بارزانیش بەمەبەستی هاوکارییکردنی زیاتری خەڵکی جۆراوجۆر پێویستی خواردنی بەشێکی زۆری خەڵکی کەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەران دابین دەکات و لەو چوار چێوەیەشدا لەگەڵ پرۆگرامی جیهانی خۆراک مانگانە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک پارسێلی خۆراک بۆ ٢٣ هەزار خێزان دابیندەکات، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە وەکوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کۆنسولی کوێت و NRC و UNHCR زۆر رێکخراو و کەسانی خێرخوازی دیکە هاوکاری خۆراکی بەسەر خەڵکانی جۆراوجۆردا بڵاو دەکەنەوە.

لەماوەی هەفەتی رابردوودا لە چوار چێوەی پرۆژەی پرۆگرامی جیهانی خۆراکی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ ١٧٦٩ خێزان دابینکرا، هەروەها لە درێژەی دابینکردنی هاوکاری خۆراکی بۆ ئاوارە و پەنابەران و کەسانی کەم دەرامەت بە هاوکاری رێکخراوە هاوبەشەکانی، لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا پارسێلی خۆراکی وشکی پێشکەشی ١١٦٣١ خێزان کردووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی قوتووی شیر بۆ منداڵانی ئاوارەی کەمپەکان دابین دەکات موسا ئەحمەد رایگەیاند منداڵان قوربانیانی سەرەکی شەر و ئاڵۆزییەکانن و دەزگای خێرخوازیی بارزانیش هاوکارییەکانی بۆ منداڵان لە دابینکردنی یاری منداڵانەوە بگرە هەتا جلوبەرگ و شیری قتوو فەراهەم کردووە، لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا قوتووی شیر بۆ ٥٧٠ خێزان کە خاوەنی منداڵی ساوابوون دابینکراوە.

دابه‌شكردنی سوتەمەنی

لەوەرزی زستاندا سوتەمەنی بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین دەکرێت، خێزانی ئاوارە و پەنابەران بەهۆی سەرماوە زۆر گیروگرفت و نەخۆشییان توشدەبێت و دابینکردنی سوتەمەنی بۆیان کارێکی گرنگی مرۆییە. لەماوەی هه‌فته‌ی رابردوودا سوتەمەنی بۆ ٦٠٥٤ خێزان لە ناو کەمپەکانی هەرێمی کورستاندا بۆ ئاوارەکان و پەنابەران بە هەماهەنگی UNHCR دابینکراوە.

جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ بەردەوام بوونی وەرزی زستان بارودۆخی ئاوارەکان و پەنابەرەکان زیاتر ئاڵۆز دەبێت، زیاتر پێویستیان بە ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و سووتەمەنی دەبێت، هەربۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێویستییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە هاوبەشەکانی بۆ پڕ دەکاتەوە.

هەروەها راشیگەیاند دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەکاری بۆ هاتنی ژمارەیەکی زۆرتر ئاوارەدەکات و بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بە پێشوازی ئاوارە نوێکانەوە دەچێت و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات.

کەلووپەل و پێداویستی ناوماڵە

بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان بەهۆی بارودۆخی ژیانیانەوە و ئالۆزی ناوچەکانیان تەنها توانیویانە ژیانی خۆیان دەرباز بکەن و روو لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەموو چەشنە پێداویستییەکی ناوماڵیان بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستە، هەربۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەکانی لە چەندین هەڵمەتی جیاجیادا پێداویستییەکانی (بەتانی، دۆشەک، حەسیر، قاپ و قاچاخ، چادر، ئامێری چێشتلێنان، ئامێری گەرمکەرەوە و زۆر پێداویستی دیکە) بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان دابین دەکەن.

لە هه‌فته‌ی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ١٩ چالاکی خێرخوازییدا هاوکاری و پێداویستی ناوماڵەی گەیاندۆتە ٤٩٣٠ خێزان و ١٣٨٥ ئاوارەی ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

زۆر رێکخراو و ناوەندی جیهانی و خێرخواز توانیویانە لە رێگای تیمە مەیدانییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوکارییەکانی خۆیان بە باشترین شێوە بگەیەننە دەستی ئاوارە و پەنابەرانی ناو کەمپەکان.

موسا ئەحمەد سەبارەت بە دابینکردنی پێدوایستی ئاوارەکان رایگەیاند بوونی ئێمە لەناو ئاوارەکاندا بۆ گەیاندنی هاوکاری و یارمەتییە خێرخوازییەکانمانە و بەشێکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان سودمەندی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە (٧١٤٣٦) پێداویستی جۆراوجۆری پێشکەشی ئەو کەسانەکراوە کە پێویستیان بە هاوکارییە کە بریتین لە ''(٦٤٣٥٠) خێوەت و کەلووپەلی پێداویستی ناومال، (١٦٠٠)سۆبە، (٤٧٧٢) بەتانی و دۆشەکە، ١١مۆلیدەی کارەبا، ٦٨٨ موبەریدە و ١٥ مەکینەی دوورمان''.

دابه‌شكردنی جلوبەرگی زستانه‌

لەم ماوەی رابردوودا بەهۆی وەرزی سەرماوە جلوبەرگی زستانە بۆ کەسانی کەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەران دابینکراوە کە بەشێکی زۆریان لە لایەن unicef  و UNHCRەوە دابینکراون و بەشەکەی دیکەشی لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوە هاوبەشەکانیەوە دابینکراون.

زۆربەی ئاوارەکانی موسڵ لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا ژن و منداڵن پێویستییەکی بەرچاویان بە جلوبەرگی زستانە هەیە، هەربۆیە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا لە حەوت چالاکی جیادا جلوبەرگی ژنان و منداڵان بۆ ٢٤٣٧ خێزان و ٣٨٣ منداڵ دابینکرا، جێگا ئاماژەیە جلوبەرگەکان بەشێکیان بۆ ٢٨٦ منداڵانی بێباوکی سەر چیای شەنگال لەلایەن IGFMەوە دابینکراون.

هەروەها لەگەڵ جلوبەرگی منداڵاندا بێشکەش بۆ ٢٠٠ خێزانی ئاوارە دابینکراوە، له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئەحمەد رایگەیاند: جلوبەرگ لە پێداویستییە سەرکییەکانی ئاوارە و پەنابەرانی ناوکەمپەکانە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری خێرخوازان و رێکخراوە جیهانییەکان جلوبەرگی بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و ئاوارەکانی سەرجەم کەمپەکانی ناو هەرێمی کوردستان دابین کردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (٨٠٤٤٨) پارچە جل و بەرگ و پێڵاوی بەسەر خەڵکانی کەم دەرامەت و پەنابەرانی کەمپەکاندا دابەشکردووە.

دەرمان و تەندروستی

لە هەفتەی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سوری ئیماراتی لە هەڵمەتێکی خێرخوازیدا زیاتر لە ٨٠٠ کارتۆن دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابینکرد، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی Food for Hungry ی كه‌نه‌دی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوی Greater Than Me Foundationی ئه‌مه‌ریكی، ٣٥٠ كیلۆ له‌ ده‌رمان و پێداویستی دیكه‌ی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی نانه‌كه‌لی لەشاری هەولێر دابینکرد.

سه‌باره‌ت به‌ سێكته‌ری ته‌ندروستی، د. ئیبراهیم خەلیل سەرۆکی بەشی دەرمانخانەی نەخۆشخانەی رزگاری رایگەیاند بڕی ٨٣٧ کارتۆن دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکەیان دابینکراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ئەمە دووەم جارە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سوری ئیماراتی داو دەرمان بەمەبەستی چارەسەرکردنی ژمارەیەکی زیاتری نەخۆش پێشکەشی نەخۆشخانەی رزگاری دەکەن، بەرێزیان بەناوی بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی رزگارییەوە سپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سوری ئیماراتی کرد و کارەکەیانی بەجێیگای بایەخ زانی هەروەها بەپێویستی زانی کاری خێرخوازیی هاوشێوە کە داهاتوودا دووبارە بکرێتەوە.

موسا ئەحمەد رایگەیاند دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری رێکخراوە جیهانییەکان لە بواری تەندرووستیدا دەرمان و خاوێنکەرەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی بۆ وەزارەتی تەندرووستی و بنکە تەندرووستییەکانی هەرێمی کوردستان دابینکردووە کە (١٠١٨٠٢) كگم دەرمان و (١٣٨٩١) بۆكسی پێداویستی خاوین کەرەوە و(١٣٧٩) ئامێری تەندرووستی پێشکەشی بنکەکانی تەندرووستی و نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کراوە هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی چارەسەری ددانی  بۆ ٢٠٠  پێشمەرگە کردووە.