Mobile menu

٨ کاروان هاوکاری لەماوەی مانگێکدا دەگەیەنرێتە موسڵ

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ٦٨٠٠ خێزانی موسڵ سودمەند بوون لە کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی مانگێکدا

 

 

موسڵ وەکوو وێرانەیەک بەجێماوە و سەرەتایترین پێداویستییەکانی ژیان تیایدا بەدەست ناکەوێت، دانیشتوانی شارەکە لە بەر خراپی گوزەرانیان ناچاران شارەکە بەجێ بهێڵن و روولە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە بکەن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیدا هەوڵ دەدات پێداویستی بەشێک لە دانیشتوانی موسڵ پڕ بکاتەوە و رێگری بکات لە ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک.

لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی موسڵ لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ کراون و لەبەر تێکچوونی ماڵەکانیان و نەبوونی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە، هێشتا رێگای گەڕانەوەیان بۆ موسڵ هەڵنەبژاردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە راگەیەندراوە.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٨ کاروان هاوکاری خۆراکی و ناخۆراکی بەهەماهەنگی ئیغاسەی ئیسلامی و دەوڵەتی کوێت گەیاندووەتە ٦٨٠٠ خێزانی شارەکە.

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر هاوکارییەکانی دەزگاکە بۆ شاری موسڵ وتی: ''ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە و رەوشی ژیان لە موسڵ و دۆخی ئاوارەکان زۆر نالەبارە، کە ئەرکی ئێمەیە هاوکارییان بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش لە درێژەی کارەکانمان لە مانگی تەمووزدا ٨ کاروانی هاوکارییە هەمەجۆرەکانمان گەیاندووەتە شارەکە و ٦٨٠٠ خێزان سودمەند بوون.''

لە درێژەدا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتیشی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بێجیاوازی هاوکارییەکانی دەگەیەنێتە هەرکەسێک کە پێویستی پێ بێت و بەپێی لێکدانەوەی ورد لەسەر رەوشی ژیان لە موسڵ، دەستپێکی ٢٠١٧ هەڵمەتی هاوکاری کردنی بۆ دانیشتوانی ئەو شارە دەستی پێکرد و هەتا ئێستا٢٩٩٩٢ خێزان لە هاوکارییەکان سودمەند بوون.

 

٣٠٠ خێزان لە موسڵ پێداویستی ناوماڵەیان بۆ دابین دەکرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی رێکخراوی فریاکەوتنی ئیسلامی لە جیهاندا، پێداویستی ناوماڵەی گەیاندە ٣٠٠ خێزانی بەری راستی موسڵ.

رێکەوتی ٣١/٧/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئیغاسەی ئیسلامی کاروانێکی هاوکارییان گەیاندە دانیشتووانی شاری موسڵ و ٣٠٠ خێزان سودمەند بوون.

هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە (دۆشەک، بەتانی، جلوبەرگ و کەرەستەکانی دیکەی ناو ماڵ)، و تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرەرای مەترسییەکان بەمەبەستی پشتیوانی خێزانەکانی دانیشتووی ئەو شارە لە چالاکییەکدا بەسەر ٣٠٠ خێزاندا دابەش کرد.

بۆیەکەم جارە کە ئەمجۆرە هاوکارییانە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بگەیەنرێتە دانیشتووانی بەری راستی موسڵ و ئەمە لە کاتێکدا کە هێشتا لەو بەشەی موسڵدا کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە لەبەردەستدا نین.

 

٧ کاروانی خۆراکی وشک دەگەیەنرێتە شاری موسڵ

لەماوەی مانگی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٧ کاروانی خۆراکی وشکی بە هەماهەنگی دەوڵەتی کوێت گەیاندووەتە خەڵکی موسڵ لە بەری راست. بەپێی ئەو راپۆرتانەی کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەکاتی بەڕێوبردنی چالاکییەکاندا باسی لێوە دەکەن، ، رەوشی ژیان لە شارەکەدا زۆر نالەبارە و کەمترین پێداویستی خۆراکی دەگاتە دەستی خەڵک.

جێگای ئاماژەیە لەماوەی مانگی رابردوودا ٦٥٠٠ خێزان لە بەری راستی موسڵ هاوکارییە خۆراکییەکانی دەوڵەتی کوێتیان لە رێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بۆ دابین دەکرێت.

پێداویستییە خۆراکییەکان پێکهاتوون لە (برنج و  ئارد و نیسک و پاقلە مەنیەکان) هەروەها ئاوی تەماتە و هتد بۆ دانیشتوانی شارەکە دابین کراوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووتە پردێکی پەیوەندی بەهێز لە نێوان خەڵکی شاری موسڵ و رێکخراوە جیهانییەکان و زۆرترین پێداویستی بۆ ئەو ناوچانە دابین دەکات.

 

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ موسڵ

لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاروانی هاوکارییەکانی بەرە و سەنتەری شاری موسڵ هەردوو بەری راست و چەپ بەڕێ خستووە و لە ماوەی ئەو ٧ مانگەدا بەپێی راپۆرتی بەشی ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٢٩٩٩٢ خێزان لە ناو شاری موسڵ پێداویستییە جۆراو جۆرەکانیان بۆ دابین کراوە.

 

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو بارەیەوە وتی: ''ئێمە هەوڵمانداوە هاوکارییەکان بگوازینەوە بۆ ناوچە ئالۆزەکان، هەتا خەڵکانێک ناچار نەبن بۆ دەستکەوتنی هاوکاری روو لە کەمپەکان بکەن'' درێژەیان بە قسەکانیاندا و وتیان: ''لە ئەمساڵدا هاوکاری هەمەجۆری ٢٩٩٩٢ خێزان لە موسڵدا کراوە کە ٢٧٠١٢ خێزانیان هاوکاری خۆراکی کراوان'' هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی ئەو رێکخراو و لایەنانەکرد کە هاوکاری پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کردووە وتیشی: هەموومان پێکەوە دەتوانین بەشێک لە نەهامەتی ئەو خەڵکە کەم بکەیەنەوە''.