ماڵێك بۆ منداڵانی بێباوك له‌ كه‌مپی حه‌سه‌ن شام ده‌كرێته‌وه‌

 

له‌درێژه‌ی كاره‌ خێرخوازییه‌كانیدا، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی شانبه‌شانی هاوكاریكردنی به‌رده‌وامی كه‌مپی ئاواره‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هاوكاری منداڵانی بێباوك و بێسه‌رپه‌رشتانی ئاواره‌ ده‌كات، له‌و میانه‌شدا به‌هاوكاری خێرخوازێك ماڵێك بۆ 370 منداڵی بێباوك دروست ده‌كرێت.

رۆژی 5/7/2017 له‌درێژه‌ی كارو چالاكییه‌ خێرخوازییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاواره‌كان، له رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێرو ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكومی و مامۆستایانی ئایینی، له‌ژێر ناونیشانی (ماڵێك بۆ هه‌مووان) خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتان و منداڵانی بێباوك له‌ كه‌مپی حه‌سه‌ن كرایه‌وه‌و تێیدا 370 منداڵ له‌و ماڵه‌دا كۆ ده‌كرێنه‌وه‌ و رۆژانه‌ جگه‌ له‌ خزمه‌تكردنیان، شوێنی په‌روه‌رده‌و فێركردنیشیان ده‌بێت. له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بنكه‌یه‌دا، هاوكات له‌لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ هیچ كه‌سوكارێكیان نه‌ماوه و دایك و باوكیان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌‌ ته‌رخانكراوه‌ له‌گه‌ڵ دابینكردنی شوێنی نوستن بۆیان، هاوكات بۆ په‌روه‌رده‌كردنیان مامۆستای وانه‌وتنه‌وه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌‌ كه‌ رۆژانه‌ وانه‌ی تایبه‌تیان له‌ڕووی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت.