مه‌لاله‌ یوسفزای سه‌ردانی خێوه‌تگه‌ی ئاواره‌كانی حه‌سه‌نشام ده‌كات

 

مەلالە یوسفزای، كچە چالاكڤانی پاكستانی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2014، کە بە چالاکییەکانی بۆ داکۆکی لە ئاشتی و مافەکانی ئافرەتان ناسراوە، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌نزیكه‌وه‌ له‌ ره‌وش و ژیانی ئافره‌تانی ئاواره‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌.

له‌سه‌ردانێكیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، مه‌لاله‌ یوسفزای خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2014 له‌نزیكه‌وه‌ له‌ بارودۆخ و ره‌وشی ژیانی ئافره‌تانی ئاواره‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی خێوه‌تگه‌ی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شامی له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات و له‌ لایه‌ن به‌رپرسی كه‌مپه‌كان و كارمه‌ندانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی لێ ده‌كرێت. له‌و سه‌ردانه‌یدا مه‌لاله‌ یوسفزای ژماره‌یه‌ك چادرگه‌ی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شامی به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت چاوپێكه‌وتن ئه‌نجامده‌دات و تێیدا ئافره‌تانی ئاواره‌ داواكاری و خراپی ره‌وشی ژیانیان و ئه‌و كاره‌سات و ناخۆشیانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتوه‌ بۆ مه‌لاله‌ یوسفزای باس ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا مه‌لاله‌ یوسفزای رایگه‌یاند‌، سه‌رسامه‌ به‌و خزمه‌ته‌ی كه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاواره‌كان ئه‌نجامی ده‌دات و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بەپەرۆشەوە دەڕوانێتە چاوپێکەوتن لەگەڵ کچان و ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش و دەیەوێت لە نزیکەوە گوێ لە چیرۆکەکانیان بگرێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئێمەش ھەمان چیرۆکی ئاوارەییمان بینیووە و قوربانی دەستی تیرۆر بووین و ھەمان ئازارمان چەشتووە، بۆیە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان تێدەکۆشین.

شایانی باسه‌، لە ساڵی 2009 مەلالە گوتارێکی بۆ بەشی ئوردوی بی بی سی نووسی و باسی قەدەخەی خوێندنی کرد بۆ کچان لەژێر دەستی تاڵیباندا. دواتر لە ناوچەکەی خۆیدا بەنێوبانگ بوو، چەند میدیایەکیش هەڤپەیڤینیان لەگەڵ ئەنجامدا. لە مانگی 10ی 2012 لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە هێرشی کرایە سەر، نەکوژرا بەڵام بەسەختی برینداربوو، دواتریش بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی بەریتانیا کرا

لە 2013، 2014 و 2015 یەکێک بوو لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییە جیهانییەکانی گۆڤاری تایم. لە 2013 کتێبی "من مەلالەم" زۆرترین فرۆشی هەبوو. هەر لە 2013 خەڵاتی شاخارۆڤی پێدرا، ساڵی دواتریش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا.