Mobile menu

له‌ چادرگه‌ی ئاواره‌كانی خازر 70 خێزان گه‌ڕانه‌وه‌ زێدی خۆیان

به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێرو موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك رێكخراوی جیهانی و كۆمه‌كبه‌خش له‌ مه‌راسیمێكی ئاهه‌نگ ئامێزدا له‌ چادرگه‌ی ئاواره‌كانی خازر 70 خێزانی ئاواره له‌سه‌ر ئاره‌زووی خۆیان‌ گه‌ڕێندرانه‌وه‌ شوێنی زێدو باب و باپیرانی پێشوویان.

رێككه‌وتی 16/7/2017 له‌ چادرگه‌ی ئاواره‌كانی خازر كه‌ تایبه‌ته‌ به ئاواره‌كانی شاری موسڵ و ده‌وروبه‌ری، رێوڕه‌سمێكی ئاهه‌نگ ئامێز به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێرو موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك رێكخراوی جیهانی و كۆمه‌كبه‌خش، رێوڕه‌سمی به‌ڕێكردنی 70 خێزانی ئاواره‌ی چادرگه‌كه‌ بۆ زێدی خۆیان ئه‌نجامدرا.

له‌و رێوڕه‌سمه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیری ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر وتاریان پێشكه‌شكردو تێیدا هانی ئه‌و ئاوارانه‌یاندا كه‌ ناوچه‌كانیان ئازادكراون و جێگه‌ی مه‌ترسین بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی پێشوویان و ده‌ستخۆشیان له‌و خێزانانه‌ كرد كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان. هه‌ر له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تێیدا ئاماژه‌ی به‌ كارو چالاكییه‌كانی ده‌زگا كرد كه‌ چۆن له‌ساته‌ ناخۆشه‌كان به‌هانای ئاواره‌كانه‌وه‌ چوه‌و له‌ ئێستاشدا له‌ نێو چادرگه‌كاندا به‌رده‌وام تیمه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری و پێداویستی ئاواره‌كان دابین ده‌كه‌ن. له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رۆڵێكی گه‌وره‌ و كاریگه‌ری بینی له‌ خزمه‌تكردنی مرۆڤایه‌تی و به‌هاناوه‌چوونی خێرای ئاواره‌كان، راشیگه‌یاند: له‌مڕۆدا ئاهه‌نگ ده‌گێڕین به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی شه‌ڕی تیرۆرو ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، كه‌ به‌هۆی ئارامبوونه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان پۆل پۆل خێزانه‌كان كه‌مپه‌كان به‌جێده‌هێڵن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی باب و باپیرانیان، كه‌ ئه‌مه‌ش هانده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ ده‌ست به‌ ژیانێكی نوێ بكرێته‌وه‌و كۆتایی به‌ مه‌ینه‌تی و ناخۆشییه‌كانی ئاواره‌بوون بهێنن.