Mobile menu

قوتابخانه‌یه‌كی كۆمپیوته‌ر له‌كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام ده‌كرێته‌وه‌

 

به‌مه‌به‌ستی راهێنان و فێركردنی قوتابیان و منداڵانی كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام كه‌ زۆربه‌یان له‌ دانیشتوانی شاری مووسڵ و ده‌وروبه‌ری پێكهاتوون، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانیقوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ فێركردنی زانسته‌كانی كۆمپیوته‌ریان كرده‌وه.

رێككه‌وتی 28/6/2018 له‌درێژه‌ی هاوكارییه‌كانی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام به‌ ئاماده‌بوونی فرانك فرانكێ سەرۆكی رێكخراوه‌كه‌و شاندی هاوڕێی، و به‌ئاماده‌بوونی كارزان نوری به‌رپرسی ئۆفیسی هه‌ولێری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ مه‌راسیمێكدا یه‌كه‌مین قوتابخانه‌ی فێركاری كۆمپیوته‌ر له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام كرایه‌وه‌و رێكخراوی ناوبراو 20 كۆمپیوته‌ری فێركاری دابینكردووه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌لایه‌ن مامۆستای تایبه‌ته‌وه‌ وانه‌كان ده‌گوترێته‌وه‌.

شایانی باسه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی جگه‌ له‌ ئیداره‌كانی كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام له‌ڕووی كارگێرییه‌وه‌، هاوكات سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌ رۆشنبیری و هونه‌ری به‌ناوی (پێكه‌وه‌ژیان) له‌كه‌مپه‌كه‌دا دروستكردووه‌ و رۆژانه‌ وانه‌ی جۆراوجۆرو رێنماییه‌ ته‌ندروستی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌گوترێته‌وه‌، هاوكات له‌هه‌مان كه‌مپدا سه‌نته‌رێكی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی منداڵانی بێباوك كردۆته‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ خزمه‌تی جۆراوجۆری ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كرێت كه‌ دایك و باوكیان به‌هۆی كاره‌سات و شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ له‌ده‌ستداوه‌.