لە دیبەگە پێداویستی جۆراوجۆر بۆ ئاوارەکان دابەشکراوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە جۆرەها پێداویستی بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانی دیبەگە دابین دەکات و زۆر رێکخراو و ناوەندی جیهانی لە رێگەی ئەم دەزگایەوە هاوکارییەکانیان دەگەیەننە ئاوارەکان.

 

رێکەوتی ١٤/٢/٢٠١٧ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین چالاکی جیاجیایان لە کەمپەکانی دیبەگەدا بەڕیوەبردووە و لە هەڵمەتێکدا بە هەماهەنگی UNHCR نەوت بۆ ٣٠٦ خێزان دابنیکرا کە هەر خێزانێک بڕی ٦٠ لیتر نەوتی پێدرا، هەر لە درێژەی کاروچالاکییەکانی ئەو رۆژەدا شیر بۆ منداڵانی کەمپەکان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی VBG- global دابین کرابوو. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش بەتانی بۆ خێزانەکانی کەمپەکان دابینکرد و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بۆ ٨٢٦ خێزانی ئاوارە دابەشکرا.

 

رۆژی پێشووتریش تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی هەمەجۆریان بۆ ئاوارەکان دابینکرد. لە چالاکییەکدا تیمێک لە سێکتەری ‘’wash’’ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێنمایی پاک و خاوێنی پێشکەشی ئاوارەکانی کەمپەکانی دیبەگە کرد و پێداویستییەکانی ''فڵچە و ھەویری ددان، شامپۆ، سابون ، تایت و دایبی لەگەڵ پێداویستی ئـافرەتان'' بۆ ٢٠٠ خێزانی ئاوارە دابین کرا, جێگای ئاماژەیە هەر لەهەمان رۆژدا چالاکییەکی دیکە لە کەمپەکاندا بەڕێوەچووە و لەو چالاکیەدا دەزگای خێرخوازیی بازرانی پێداویستی ناو چادری بۆ ٢٤٤ خێزانی دیکەی کەمپەکانی دیبەگە بە هەماهەنگی لەگەڵ UNHCR دابەشکرد.