Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 6 هه‌زار منداڵی بێباوك ده‌كات

هه‌ر منداڵێكی بێباوك (140$) به‌مه‌به‌ستی كڕینی جلوبه‌رگ و پێداویستیه‌كانی پێده‌درێت

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی مانگانه‌ی منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مانگی سووری ئیماراتی، له‌ساڵی 2009ه‌وه‌ به‌ چه‌ندین قۆناغی جیاجیاو به‌رده‌وام هاوكاری و یارمه‌تی مادییان به‌سه‌ر منداڵانی بێباوكدا(ئازیزان) دابه‌شكردووه‌، ئه‌م هاوكارییانه‌ش به‌رده‌وامن و تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 6 هه‌زار منداڵی بێباوك سودمه‌ندبوونه‌، له‌ درێژه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن (دائرة الشؤون الإسلامية والعمل الخيري فی دبي) هاوكارییه‌كان ئاماده‌كراون، به‌هاوكاری مانگی سووری ئیماراتیه‌وه‌ بۆ هه‌ر منداڵێكی بێباوك (ئازیز) بڕی (140$) سه‌دو چل دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ته‌رخانكراوه‌و به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌كرێت.

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و به‌هۆی فراوانبوونی پرۆژه‌كه‌و دۆزینه‌وه‌ی سپۆنسه‌ر و خێرخوازی دیكه‌، له‌وانه‌ ده‌وڵه‌تی كوێت و شانشینی عه‌ره‌بی سعودیه‌و كۆمپانیاو خاوه‌نكارو خێرومه‌ندانی ناوخۆی كوردستان، ئێستاكه‌ زیاتر له‌ 17 هه‌زا منداڵی بێباوك (ئازیزان) له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی سودمه‌ندن.

بۆ زیاتر دڵخۆشكردنی منداڵانی بێباوك و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنانه‌ی له‌ژیانیانا رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌وڵی جدیدا له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كه‌ی (مانگی سووری ئیماراتی) كه‌ به‌وپه‌ڕی لێبورده‌ییه‌وه‌ هاته‌پێشه‌وه‌و ئاماده‌یی نیشاندا جه‌ژنانه‌ به‌سه‌ر 6 هه‌زار منداڵی بێباوكدا دابه‌ش بكات، كه‌ بڕی (840.000) هه‌شتسه‌دو چل هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌م هاوكارییه‌ خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر منداڵێكی بێباوك (ئازیز) بڕی (140$) سه‌دو چل دۆلاری ئه‌مه‌ریكی پێده‌درێت به‌مه‌به‌ستی كڕینی جلوبه‌رگ و پێداویستیه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌وه‌ ده‌بێت و دڵخۆشییه‌ك به‌و منداڵانه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌م ئان و ساته‌دا كه‌ كوردستان به‌ قه‌یرانێكی قورسی داراییدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هاوكاریكردنیان جێگه‌ی ستایش و ده‌ستخۆشیكردنه‌، بۆیه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ رێككه‌وتی 6/7/2017 له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ستی به‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ كرد و هاوكارییه‌كانی به‌سه‌ردا دابه‌شكردن. شێواز و جۆری هاوكارییه‌كان به‌پێی پارێزگاكان به‌مجۆره‌بوون: له‌ پارێزگای هه‌ولێر هاوكاری به‌سه‌ر 1.746 منداڵی بێباوك سودمه‌ند ده‌بن و بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌م شاره‌ (244.440$)ی ئه‌مه‌ریكیه‌، هاوكات له‌ پارێزگای دهۆك 1.438 منداڵی بێباوك ده‌گرێته‌وه‌و بڕی( 201.320)ی ئه‌مه‌ریكیان پێده‌درێت، هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای سلێمانی 1.330 منداڵی بێباوك( 186.200)ی ئه‌مه‌ریكی وه‌ك جه‌ژنانه‌ وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای كه‌ركوك به‌هه‌مانشێوه‌ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت و تێیدا 1.486 منداڵی بێباوك (840.000)ی ئه‌مه‌ریكیان بۆ كڕینی جلوبه‌رگ پێده‌درێت.