له‌سلێمانی هاوكاری 984 منداڵی بێباوك ده‌كرێت

له‌درێژه‌ی هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مانگی سووری ئیماراتی و (دائرة الشؤون الإسلامية والعمل الخيري فی دبي) هه‌ڵده‌ستن به‌ دابه‌شكردنی هاوكاری به‌سه‌ر 6 هه‌زار منداڵی بێباوك (ئازیز) كه‌ هه‌ر منداڵێك بڕی (140$)دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ كڕینی جلوبه‌رگ پێده‌درێت.

یۆ زیاتر دڵخۆشكردنی منداڵانی بێباوك و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنانه‌ی له‌ژیانیانا رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌وڵی جدیدا له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كه‌ی (مانگی سووری ئیماراتی) كه‌ به‌وپه‌ڕی لێبورده‌ییه‌وه‌ هاته‌پێشه‌وه‌و ئاماده‌یی نیشاندا جه‌ژنانه‌ به‌سه‌ر 6 هه‌زار منداڵی بێباوكدا دابه‌ش بكات، كه‌ بڕی (840.000) هه‌شتسه‌دو چل هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌م هاوكارییه‌ خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر منداڵێكی بێباوك (ئازیز) بڕی (140$) سه‌دو چل دۆلاری ئه‌مه‌ریكی پێده‌درێت به‌مه‌به‌ستی كڕینی جلوبه‌رگ و پێداویستیه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌وه‌ ده‌بێت و دڵخۆشییه‌ك به‌و منداڵانه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌م ئان و ساته‌دا كه‌ كوردستان به‌ قه‌یرانێكی قورسی داراییدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.

له‌درێژه‌ی دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان بۆ منداڵانی بێباوكی كوردستان، له‌ شاری سلێمانی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی دیارییه‌كان به‌رده‌وامه‌و تێیدا له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا هاوكاری به‌سه‌ر 984 منداڵدا دابه‌شكراوه، گرنگی ئه‌م هاوكارییه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ كوردستان به‌ قه‌یرانێكی سه‌ختی داراییدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌رده‌وامه‌ له‌ هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك و سوككردنی باری گرانی ژیانی رۆژانه‌یان‌.