هه‌ولێر... ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 1209 منداڵی بێباوك دابه‌ش ده‌كات

له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان بۆ منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندان و سه‌رمایه‌دارو كه‌سایه‌تیه‌كانی كوردستان موچه‌ی چوار مانگی 1209 منداڵی بێباوك له‌شاری هه‌ولێر دابه‌ش ده‌كات، هاوكات پرۆسه‌ی دابه‌شكردن له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌و پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زان 4690 منداڵی بێباوك هاوكاری ده‌كرێن.

رۆژی 2.7.2016 ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دارو كه‌سایه‌تیه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژنی مانگی ره‌مه‌زان، بۆ منداڵانی بێباوك له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، بڕی (938.000 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌سه‌ر ( 4690) منداڵی بێباوك (ئازیز) دابه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌ر منداڵێك موچه‌ی چوار مانگ كه‌ ده‌كاته‌ بڕی 200 $ی ئه‌مه‌ریكی وه‌رده‌گرێت. له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی دابه‌شكردندا له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان ده‌كرێت و تیایدا (1209) منداڵی بێباوك (ئازیز) ده‌گرێته‌وه‌و بڕی (241.800 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌كرێت.

 له‌وباره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: زۆر سوپاسی كه‌سایه‌تی و خاوه‌ندارو ده‌وڵه‌مه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ شانبه‌شانی پرۆژه‌كانی تری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانیش به‌رده‌وامن له‌ پاڵپشتیكردنمان، بۆ ئه‌مڕۆش سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی و ئه‌و كێشانه‌ی رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه‌ بۆته‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ هه‌وڵی جیدیدابوه‌ بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ی منداڵانی بێباوك (ئازیزان) له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵمه‌ته‌كانی دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كانیش پێش جه‌ژن ده‌ست پێكردووه‌و 4690 منداڵی بێباوك ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ موچه‌ی چوار مانگی كۆتایی ساڵی رابردوویان وه‌رده‌گرن.