Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ده‌وڵه‌تی كوێت هاوكاری مانگانه‌ی 4 هه‌زار منداڵی بێباوك ده‌كه‌ن

 

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 17 هه‌زارو 709 منداڵی بێباوك ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ده‌وڵه‌تی كوێت به‌پێی گرێبه‌ستێكی هاوبه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، پرۆژه‌ی هاوكاریكردنی 4 هه‌زار منداڵی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نن.

ئه‌مڕۆ 31/1/2016 له‌ شاری هه‌ولێر و له‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا به‌ ئاماده‌بوونی د.عومه‌ر ئه‌لكندری قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و عه‌زیز شێخ ره‌زا سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگا، پرۆژه‌یه‌كی نوێیان بۆ هاوكاریكردنی مانگانه‌ی منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، پرۆژه‌كه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانی هه‌رێمی كوردستاندا خۆی ده‌بینێته‌وو تیایدا 4 هه‌زار منداڵی بێباوك كه‌ تازه‌ ناویان له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی تۆماركردووه‌ ده‌گرێته‌وه‌و چوار مانگ جارێك بڕی 200$ دۆلاری ئه‌مه‌ریكیان پێده‌درێت و ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش هاوشێوه‌ی پرۆژه‌ی مانگی سووری ئیماراتی به‌رده‌وام ده‌بێت. هاوكات وڵاتی كوێت بۆ 5 مانگی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بڕی 1 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكیان ته‌رخانكردوه‌و به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا ئیمزاكراوه‌، پرۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌ن ده‌بێت و هه‌وڵده‌ده‌رێت له‌ ئاینده‌دا مناڵی بێباوكی تریش بگرێته‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تای پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ راگه‌یاندنی پرۆژه‌ی هاوكاریكردنی 4 هه‌زار منداڵی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن شێخ عه‌زیز شێخ ره‌زا سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیه‌وه‌ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی به‌ڕێز د.عومه‌ر ئه‌لكه‌ندری قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به‌و پرۆژه‌ هاوبه‌شانه‌ كرد كه‌ له‌ماوه‌كانی رابردوودا له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران ئه‌نجامیانداوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ پرۆژه‌ جۆراوجۆره‌كانی تر، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌م پرۆژه‌یه‌ نوێیه‌ش كرد كه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان وڵاتی كوێت 4 هه‌زار منداڵی بێباوك له‌ خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش كارئاسانی و ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ هاوكاریكردنی بێباوكان له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئێستاكه‌ نزیكه‌ی 17709 منداڵی بێباوك به‌سپۆنسه‌ری وڵاتی ئیمارات و ده‌وڵه‌تی كوێت و سعودیه‌و خێرخوازانی كوردسنان‌ سه‌رپه‌رشتی كراون، جێگای ده‌ستخۆشی و سوپاس و پێزانینه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا د.عومه‌ر ئه‌لكه‌نده‌ری قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانمان بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، پرۆژه‌یه‌كی تر به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌ویش سه‌رپه‌رشتیكردنی 4 هه‌زار منداڵی بێباوك (ئازیز)ه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزاندا. ئێمه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی رابردووه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی و هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كاری گرنگ و پرۆژه‌ی باشمان جێبه‌جێ كردووه‌، ئێمه‌ هه‌ست به‌ ئه‌مانه‌ت و رێكخستنی ئیش و كاره‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كه‌ین و جێگه‌ی متمانه‌و باوه‌ڕی ته‌واوی ئێمه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ هانده‌ربن بۆ كاری گه‌وره‌ترو پرۆژه‌ی باشتر له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، كه‌ نمونه‌ش پرۆژه‌ی به‌ باوانكردنی 4 هه‌زار منداڵی بێباوكه‌ كه‌ هه‌ر منداڵێك چوار مانگ جارێك 200$ی ئه‌مه‌ریكیان پێده‌درێت.

قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وڵاتی كوێت به‌رده‌وام هاوكاری خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌م هاوكارییه‌ش ئه‌مڕۆ پێشكه‌شی ده‌كه‌ین له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان پرۆژه‌و كاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ترمانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ له‌ڕوانگه‌ی برایه‌تی و دراوسێیه‌تیه‌وه‌ هاوكاری ده‌كه‌ین. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌ به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تری گرنگ بۆ هاوكاریكردنی ئاواره‌و په‌نابه‌ران و خه‌ڵكی لێقه‌وماوی هه‌رێمی كوردستان رابگه‌یه‌نن، له‌وانه‌ دروستكردنی دوو سه‌نته‌ری ته‌ندروستی له‌ كه‌مپی حه‌سه‌ن شام بۆ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان و هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی پسوله‌ی پاره‌ و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تر كه‌ له‌ ئاینده‌دا رایده‌گه‌یه‌نین.

له‌باره‌ی خزمه‌تكردنی بواری ته‌ندروستی ئاواره‌كانیشه‌وه‌، د.عومه‌ر ئه‌لكه‌ندری قونسوڵی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، پلانمان هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئه‌و پرۆژه‌ گرنگانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین و سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام هاوكارمانن و ده‌ستپێشخه‌رییان به‌به‌رده‌وامی بۆ پرۆژه‌كانمان هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: زۆر سوپاسی به‌ڕێز د.عومه‌ر ئه‌لكندری قونسوڵی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام هاوكاری ئاواره‌و په‌نابه‌ران و خه‌ڵكی كوردستانیان كردوه‌. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ئێستاكه‌ كوردستان به‌ قۆناغێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، له‌م كاته‌دا رۆڵی ده‌وڵه‌تی كوێت زۆر به‌رز ده‌نرخێنین و له‌زۆربه‌ی بواره‌كاندا رۆڵی به‌رچاویان بینیوه‌و جێ په‌نجه‌یان دیاره‌. جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م، كه‌ پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ساڵی 2012 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راگه‌یه‌نراو ئێستاكه‌ ژماره‌ی ئه‌و ئازیزانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ وڵاتی ئیمارات و كوێت و سعودیه‌و خه‌ڵكی خیرخوازی كوردستان هاوكاری ده‌كرێن ده‌گاته‌ (17.709) منداڵی بێباوك. لێره‌دا ده‌مه‌وێ زۆر سوپاسی ئه‌و كۆمپانیاو خاوه‌نكار و سه‌رمایه‌دارانه‌ بكه‌م كه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی پاڵپشتی و به‌رده‌وامییان له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیدا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆر سوپاسی وڵاتانی ئیمارات و كوێت وسعودیه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ له‌م پرۆژه‌یه‌دا پاڵپشتییه‌كی ته‌واومان ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵی بیباوكیان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ پرۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگ راده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانی كوردستاندایه‌و به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ وڵاتی كوێت ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا 1 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ ماوه‌ی 5 پێنج مانگ بۆ 4 هه‌زار منداڵی بێباوك وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ته‌رخانكردوه‌و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كه‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌رك و خه‌رجییه‌ كارگێڕییه‌كان له‌كاتی دابه‌شكردن له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ ئه‌ستۆی خۆی گرتوه‌، ئه‌مه‌ش كارئاسانی زیاتری بۆ ئازیزان كردوه‌ له‌نزیكترین شوێنی نیشته‌جێبوونیان یارمه‌تیه‌كانیان وه‌ربگرن.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا وه‌رگرتنی ئه‌م پرۆژانه‌ له‌ رێكخراوه‌ جیهانی و عه‌ره‌بیه‌كان، خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌ی دروستبوونی متمانه‌و بڕوای ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگا كاربكه‌ن، له‌و‌انه‌ش وڵاتی ئیمارات و كوێت و سعودیه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاو سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆی كوردستان هه‌ولی جدی ده‌ده‌ین بۆ سه‌رخستن و فراوانتركردنی ئه‌م پرۆژه‌ نیشتمانی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ خۆی له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان بۆ به‌باوانكردنی منداڵانی بێباوكدا ده‌بینێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هاوكاریی و به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كانی وڵاتی كوێت بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ پرسیاری میدیاكان كه‌ ئاڕاسته‌ی قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت كرا، د.عومه‌ر ئه‌لكه‌ندری رایگه‌یاند: پلانمان هه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی فریاكه‌وتنی كوێتی رێكارییه‌كان بگرینه‌به‌ر و لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو له‌سه‌ر ره‌وشی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ سێ پارێزگاكه‌ی كوردستان بگرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌مه‌ش له‌كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ڕووی په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی و په‌ناگه‌و خۆراكیه‌وه‌ هاوكارییه‌كانمان پێشكه‌ش بكه‌ین و له‌ داهاتوشدا له‌و بوارانه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.