ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی 928 هه‌زار و 600 دۆلار به‌سه‌ر منداڵانی بێبااوكدا دابه‌ش ده‌كات

4 هه‌زارو 643 منداڵی بێباوك سوودمه‌ند ده‌بن

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی 928 هه‌زار و 600 دۆلار به‌سه‌ر منداڵانی بێبااوكدا دابه‌ش ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دارو كه‌سایه‌تیه‌كانی كوردستان، بڕی (928600 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌سه‌ر ( 4643) منداڵی بێباوك (ئازیز) له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌ر منداڵێك موچه‌ی چوار مانگ كه‌ ده‌كاته‌ بڕی 200 $ی ئه‌مه‌ریكی وه‌رده‌گرێت..

رۆژی 1/11/2016 ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌نكارو سه‌رمایه‌داران و كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه‌ له‌ قۆناغی كوردستان له‌ڕێگای پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، بڕی (928600 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌سه‌ر (4643) منداڵی بێباوك (ئازیز) له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش ده‌كات.

موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی چوار مانگی سه‌ره‌تای ساڵی 2016 به‌سه‌ر 4643 منداڵی بێباوك له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ زۆر سوپاسی خاوه‌نكار و كۆمپانیاو كه‌سایه‌تی خێرومه‌ندی كوردستان بكه‌م كه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی و خراپی بارودۆخی ناوچه‌كه‌، به‌رده‌وامن له‌ پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی پرۆژه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، به‌تایبه‌تی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان كه‌ پرۆژه‌یه‌كی گرنگ و درێژمه‌ودایه‌و ئامانج لێی خزمه‌تكردنی منداڵانی بێباوكه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا. موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌سه‌ر منداڵانی بێباوك (ئازیز) له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و تیایدا به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان ده‌كرێت، سه‌ره‌تا له‌شاری هه‌ولێر ده‌ست پێده‌كات و تیایدا (1211) منداڵی بێباوك (ئازیز) ده‌گرێته‌وه‌و بڕی (242200 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌كرێت، هاوكات له‌شاری دهۆكیش به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان و تیایدا (833) منداڵی ئازیز بڕی (166600 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكی وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها ئه‌م هه‌ڵمه‌ته به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌شاری سلێمانی ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابه‌شكردنی هاوكاری به‌سه‌ر (1058) ئازیز و بڕی (211600 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكیان پێده‌درێت، هاوكات هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت و له‌ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و ده‌وروبه‌ری (1541) ئازیز بڕی (308200 $) دۆلاری ئه‌مه‌ریكییان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كرێت.

جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خۆی له‌ دوو قۆناغ ده‌بینێته‌وه‌،. قۆناغی یه‌كه‌م بریتییه‌ له‌ هاوكارییه‌كانی مانگی سووری ئیمارات، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و هاوكاری و یارمه‌تیه‌ داراییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی ئیماراته‌وه‌ بۆ منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت، له‌ئێستاشدا ده‌ست ده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان و له‌م قۆناغه‌دا 4643 منداڵی بێباوك سودمه‌ند ده‌بن و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ ساڵی ئاینده‌دا ژماره‌یه‌كی زیاتری ئازیز سه‌رپه‌رشت بكرێن، هاوكات قۆناغی دووه‌م پێیده‌ڵێن قۆناغی كوردستانی و به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندو كه‌سایه‌تی و خێرومه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تیایدا (4690) منداڵی ئازیز به‌شێوه‌ی چوار مانگ جارێك هاوكاری مادییان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كرێت. جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كافلی زیاتر بۆ منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ په‌یدا بكات، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی ئیمارات و كوێت پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

شایانی باسه‌، پرۆژه‌ی چاودێریی ئازیزان، پرۆژه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌و زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامی هاوكاری به‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌دا دابه‌ش ده‌كات كه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كه‌دا له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ناویان تۆماركراوه‌و ته‌مه‌نیان له‌ژێر 18 ساڵیه‌وه‌ن.