Mobile menu

سەنتەری هەڵەبجەی شەهید لە دیبەگە کرایەوە

لە ٢٩یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی نێودەوڵەتی ANCF سەنتەرێکی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فەرهەنگییان بە ناوی هەڵەبجەی شەهید بۆ کەمپەکانی دیبەگە کردەوە.

ئامانج لەکردنەوەی سەنتەرەکان بۆ راهێنان و پەروەردەکردنی فيکری ئاوارەکانە بەتایبەتی منداڵان و پێکهێنانی ژینگەیەکی پەرەوەردەییە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا.

 

رێکەوتی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە لەلایه‌ن رێژمی بەعسەوە کیمیابارانکرا و ٥٠٠٠ هاوڵاتی بێتاوانی شارەکە شەهیدبوون، ئەمڕۆ لە ٢٩یەمین ساڵیادی ئەو كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی ANCF و بەرپرسانی ئیدارەی شارەدێی دیبەگە، سەنتەرێکی رۆشنبیری و فەرهەنگی بە ناوی هەڵەبجەی شەهید کرایەوە.

 

دەسپێکی مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری هەڵەبجەی شەهید چەند دەقیقەیەک راوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان بەتایبەتی شەهیدانی هەڵەبجە بوو و دواتر سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

موسا ئەحمەد سەبارەت بە گرنگی ئەم رۆژە و ئەو کارەساتەی کە بەسەر هاونیشتمانانی هەڵەبجەدا هات وتی: ''لەم رۆژەدا شەهیدانی هەڵەبجە لەیاد ناکەین و ئەوان هەمیشە لە یاد و زهنی ئێمەدا بە زیندووی دەمێننەوە'' سەبارەت بە گرنگی کردنەوەی سەنتەری هاوشێوە لە کەمپەکاندا وتی: ''ئاوارەکان توشی کارەساتی مرۆیی بوونەوەتەوە، رۆژگارێک ئێمە ئەنفال و کیمیاباران دەکراین، ئێستا خەڵکانێک بەهۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە هانایان بۆ ئێمە هێناوە، بوونی ئەو جۆر سەنتەرانە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا دەتوانێت ژینگەیەکی لەباری پەروەردەیی و فيکریان بۆ دروست بکات، هەوڵدەدین بتوانین لە رێی سەنتەرەکانەوە زیاتر لە کلتووری کوردیان نزیک بکەینەوە''.

پاشان نوێنەرانی Act Now Children’s Fund لە چەند وتەیەکدا هاوخەمی خۆیان و هاوهەوڵوێستییان سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە دەربڕی و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی کە پێشکەشی ئاوارەکانی دەکات.

لە مەراسیمەکەدا شانۆگەرییەک لەسەر کارەساتی هەڵەبجە پێشکەش بە ئاماده‌بوان کرا و پەردە لەسەر پەیەکری عومەری خاوەر هەڵدرایەوە کە پێشکەشی سەنتەری هەڵەبجەی شەهید لە دیبەگە کرابوو.

 

جێگای ئاماژەیە لە سەرجەم کەمپەکانی بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا رێز لە بیرەوەری شەهیدانی ئەم رۆژە نرا و کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند دەقیقەیەک بەبێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان راوەستان.