Mobile menu

ئاهەنگێک بۆ ١٠٧ بووک و زاوا لە هەولێر پێکهات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سوری ئیماراتی ئاهەنگێکی زەماوەندی بە کۆمەڵیان بۆ ١٠٧ بووک و زاوای ئاوارە، پەنابەر و گەنجانی کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنا.

 

رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی نیسانی ٢٠١٧ بەمەبەستی پێکهێنانی ژیانێکی نوێ بۆ ئاوارە و پەنابەران و گەنجانی کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگێکی زەماوەندی بە کۆمەڵ پێکهات.

ئاهەنگەکە بە بەشداری ١٠٧ بووک و زاوا بەڕێوەچوو و لە دەستپێکدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سوری ئیماراتی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە خێرخوازییە و هیوای خواست کاری هاوشێوە لە داهاتوودا بە مەبەستی خزمەتی زیاتر بە خەڵکی کەم دەرامەت و ئاوارە و پەنابەران بەڕێوەبچێت.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی چالاکییەکانی بۆ درووست کردنەوەی ژیانێکی ئارام و دوور لە کەموکوڕی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکان و کەسانی کەم دەرامەتی هەرێمی کوردستان درێژەی دەبێت و هەربۆ ئەو مەبەستەش بە هاوبەشی دەوڵەتی ئیمارات ئاهەنگێکی بێوێنەی بۆ ٢١٤ گەنج پێکهێنا.

لە ئاهەنگەکەدا گرووپی تیپەملییەکانی هەولێر چەن نمایشێکی هەڵپەڕکێی کوردییان پێشکەشی ئامادەبووان کرد، لە درێژەشدا تیپی کۆما قەدری جان چەند نمایشێکی دیکەی هەڵپەرێکێیان ئەنجامدا.

 

وەکوو هەموو ئاهەنگەکانی دیکەی هاوسەرگیری سەرەتا بووک و زاواکان لە سالۆنێکدا جوانکارییان بۆ کرا و پاشان هاتنە نێو کۆڕی ئەو خەڵکانەی بەمەبەستی پیرۆزبایی و خۆشی دەبڕینییان بۆ ئەو لاوانە لەوێ کۆببوونەوە، دوای دوو کاتژمێر ئاهەنگەکە لە نێو خۆشی و شادی هەموواندا کۆتایی پێهات.