Mobile menu

هاوپه‌یمانی نیشمانی سوریا، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خه‌ڵات ده‌كات

دانيمارك دروستكردنی كەناڵێكی پەیوەندی بەهێز به‌گرنگ ده‌زانێت

هاوپەیمانی نیشتمانی هێزی شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنی سوری و رێكخراوی ویام بۆ بەهێزكردنی ئاشتی رۆژی 06.04.2017 دەزگای خێرخوازی بارزانی لەبەرامبەر رۆڵی گرنگی لە خزمەتكردنی ئاوارەو پەنابەران مەراسیمێكیان لە شاری ئیستانبوڵ سازكرد كه‌ بریتی بوو له‌ پێشكەشكردنی خەڵاتی رێزلێنان و بەرزنرخاندنی ئەو رۆڵە گرنگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیگێڕێت لە گەیاندنی هاوكاری و یارمەتی بۆ پەنابەرانی سوری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكی لێقەوماوی ناو وڵاتی سوریا.

لە مەراسیمەكەدا، ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رێكخراوەیی سوریی و نوێنەری باڵیۆزی وڵاتان و رێكخراوەكان ئامادەی بوون.

له‌و مه‌راسیمه‌دا چه‌ندین وته‌ پێشكه‌شكرا له‌وانه‌، لە وتەیەكیدا، بەرێز عبدولئیلاه فەهد (سكرتێری گشتی هاوپەیمانی سوری) كارو چالاكیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرزنرخاند لە خزمەتكردنی پەنابەرانی سوری لە هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوریا. پاشان، سەلیم خەتاب، بەرێوەبەری رێكخراوی ویام سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد لەو رۆڵە گرنگەی دەیگێڕێت بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و بەتایبەتی بۆ پەنابەرانی سوریا.

دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی وته‌كان، فیلمێكی دۆكیومێنتاری لەسەر كارو چالاكیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی له‌گه‌ڵ و وته‌ی ده‌زگا پێشكەشكرا كە تيايدا تيشك خرایه‌ سه‌ر كاروچالاكیەكانی بۆ ئاوارەو پەنابەران له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

پاش پێشكەشكردنی سرودی نیشتمانی (ئەی رەقیب) و پێشكەكردنی چەند بابەتێكی هونەریی كوردیی، لەلایەن سكرتێری گشتی هاوپەیمانی نیشتمانی و بەڕێوەبەری رێكخراوی ویام، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە شاندی دەزگای خێرخوازی بارزانی.

هه‌ر هه‌مان رۆژنوێنه‌رانی دەزگای ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چاویان كەوت بە نوێنەرانی باڵیۆزخانەكانی دانیمارك و شانشینی یەكگرتوویی بەریتانیا لە وڵاتی توركیا. له‌ دیداره‌كاندا كێشەو گرفتەكانی ئاوارەو پەنابەرانی سوری لە هەرێمی كوردستان خرانه‌ڕوو و نوێنەرانی هەردوو باڵیۆزخانە، سەرسامی خۆیان بەرامبەر رۆڵی گرنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستەڕوو لە بەهاناوەچوونی خەڵكانی لێقەوماو. هاوكات نوێنەری باڵیۆزخانەی دانیمارك رایگەیاند كە پەیوەندی بە باڵیۆزخانە وڵاتەكەیان لە بەغدا دەكەن بۆ ناسینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دروستكردنی كەناڵێكی پەیوەندی بەهێز بۆ كاری هاوبه‌ش.

هەمان رۆژ شاندی دەزگای خێرخوازيی بارزانی لەگەڵ نوێنەری رێكخراوی جودی (ئەسعەد شەمسی) كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندی هەردوولا و هەماهەنگی لە گەیاندنی هاوكاریەكان بە پەنابەرانی سوری. رێكخراوی ناوبراو داوایان لە شاندی دەزگا كرد كە هەوڵ بدەن سنوری چالاكیەكان فراوان بكەن و هاوكاری بگەیەننە پەنابەرانی سوری لە توركیا كە لە بارودۆخێكی زۆر سەختی ژیاندان.