بەمەبەستی گرنگیدان بە بواری هونەری و وێنەکێشان لە سەنتەری کلتووری و رۆشنبیری هەڵەبجەی شەهیدی کەمپەکانی دیبەگە پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ باوک و کچێک کرایەوە.
ئەمڕۆ رێکەوتی ٢٦ی نیسانی ٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشانگایەکی وێنە کێشانی کردەوە و لە پێشانگاکەدا کارمەندێکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و کچەکەی کارە هونەرییەکانیان نمایش کرد.
پێشەنگاکە بە بەشداری کاربەدەست و بەرپرسانی شارەدێی دیبەگە و بەڕێوەبەران و ئاوارەکانی کەمپەکانی دیبەگە لە سەنتەری کلتووری و فەرهەنگی هەڵەبجەی شەهید کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە لە ٢٩یەمین ساڵیادی كارهساتی کیمیا بارانکردنی هەڵەبجەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ANCFبە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی ANCFو بەرپرسانی ئیدارەی شارەدێی دیبەگە، سەنتەری رۆشنبیری و فەرهەنگی هەڵەبجەی شەهیدیان کردەوە.
ئامانج لەکردنەوەی سەنتەرەکە بۆ راهێنان و پەروەردەکردنی فيکری ئاوارەکان بەتایبەتی منداڵانە و بۆ پێکهێنانی ژینگەیەکی پەرەوەردەییە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا
.