راهێنانی کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر بنەماکانی کاری مرۆیی بەگوێرەی پڕۆژەی سفێر

لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای کاری پیشەیی کارمەندان، لە کۆمەڵێك راهێناندا سەرجەم کارمەندانی دەزگاکە راهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت لەسەر بنەماکانی کاری مرۆیی و ستانداردەکانی کارکردن لە بواری مرۆییدا.

 

راهێنانەکە بەگوێرەی رابەرنامەی سفێر (Sphere Handbook ) بۆ کاری مرۆیی ئەنجام دەدرێت و (یەکەی توێژینەوە پەرەپێدان)ی دەزگا سەرپەرشتی دەکات.

 

راهێنانەکە گرنگی بە بنەما سەرەکیەکانی کاری مرۆیی دەدات و کارمەندان ئاشنا دەکات بە رێساکانی رەفتارکردن ( Code of Conduct) لە کاری مرۆیی و سەرچاوە یاسایی و ئەخلاقیەکانی ئەو رێسایانەو مافەکانی کەسانی لێقەوماو بە هۆکاری کارەساتی سروشتی یان ململانێی چەکداری. هەتا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی دەزگاکە لەم راهێنانەدا بەشداریان کردووە لە هەموو ئاست و پلەکانی کارکردندا لە کارمەندانی ئۆفیس و کارمەندانی مەیدانی و بەڕێوەبەری کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان و جێگرەکانیان.

 

 

پڕۆژەی سفێر پڕۆژەیەکی خۆبەخشانەیە کە لە ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوەو ئۆفیسی سەرەکی لە شاری جنێڤە لە وڵاتی سویسڕا. ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە پەرەپێدانی کواڵێتی هاوکاری مرۆیی و بەرپرسیاریەتی رێکخراوە مرۆییەکانە لە ئاست کۆمەڵگاکانی خۆیان و بەخشەرەکان و سوودمەنداندا. پڕۆژەکە لە لایەن دەستەیەکەوە بەڕێوەدەبرێت کە لە نوێنەری ١٨ رێکخراوی جیهانی پێکدێت.

 

(رابەرنامەی سفێر: پەیماننامەی مرۆیی و لانی کەمی پێوەرەکان لە بەدەنگەوەهاتنی مرۆییدا) کە بنەما سەرەکیەکانی کاری مرۆیی و ستاندارە جیهانیەکانی کارکردن لە بواری مرۆیی – بەتایبەتی لە کاتی کارەساتی مرۆیی و ململانێی سەربازیدا—لە خۆی دەگرێت دیارترین و بڵاوترین رابەرنامەیە لە بواری بەدەنگەوە هاتنی مرۆییدا. رابەرنامەکە بە زمانی ئینگلیزی ئامادەکراوەو بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی  وەرگێڕدراوە. ئەم پڕۆژەیە هەتا ئێستا سەرکەوتووترین و بەردەوامترین دەستپێشخەریە لە بواری بە ستانداردکردنی کاری مرۆیی لە جیهانداو بەردەوام ژمارەی ئەو رێکخراوانە زیاد دەکات کە بنەما یاسایی و پێوەرە مرۆییەکانی سفێر دەخەنە ناو پڕۆگرامی پەرەپێدانی مرۆیی لە ناو رێکخراوەکانی خۆیاندا.

 

...