رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات

بەمەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی ئاوارە و پەنابەران و زیاتر کردنی هاوکارییەکان لەو بوارەدا لیزا گراندی رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەرپرسی UNDP سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد.

 

ئەمڕۆ رێکەوتی ١٨/٥/٢٠١٧ شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئۆفیسی سەرەکی دەزگاکە لە هەولێر پێشوازییان لە لیزا گراندی  رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەرپرسی UNDP کرد.

 

لە دیدارەکەدا ئاوڕ لە رەوشی ئاوارە و پەنابەران لە ناو کەمپەکانی سنووری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و کەمپەکانی ژێر بەڕێوەبردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەتایبەتی درایەوە و بەمەبەستی باشتر کردنی بارودۆخی ژیانیان زیاتر کردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە داهاتوودا بە پێویست زانرا.

 

جێگای ئاماژەیە هەر لە سەردانەکەدا لیزا گراندی رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەڕێوەبردنی کەمپەکان و چالاکییە مرۆییەکانی کە پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرانی دەکات، بەرزنرخاند.

 

لە ئێستادا ١١ کەمپی ئاوارە عێراقییەکان و ٤ کەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەدەبرێن.