Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال تاوتوێ ده‌كه‌ن

نوێنه‌ری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ دیتۆر دۆمبرۆسكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی براندبۆرگی ئه‌ڵمانیا كۆده‌بێته‌وه‌و میكانیزمی چۆنیه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال و زوممار تاوتوێ ده‌كه‌ن.

له‌میانی سه‌ردانێكی فه‌رمی بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، ئاوات مسته‌فا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی زنجیره‌یه‌ك دیدارو كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌نجامده‌دات، له‌و میانه‌شدا له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ دیتۆر دۆمبرۆسكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی براندبۆرگی ئه‌ڵمانیا كۆده‌بێته‌وه‌و باس له‌ میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و ده‌ڤه‌ری زومماریان تاوتوێ كرد و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر په‌له‌كردن له‌ دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ وێرانكارییان تێدا روویداوه‌.

به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بڕیاره‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی كشتوكاڵی له‌و ناوچانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن له‌پێناو بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی داده‌نرێت له‌پێناو پێشخستن و دووباره‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووری و رێكخستنی باری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ شنگال و ده‌وروبه‌ری. له‌دیداری هه‌ردوولادا گه‌یشتنه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی بۆ هه‌ڵساندنی بارودۆخی ناوچه‌كانی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری شاندێكی باڵای ولاتی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌نزیكه‌وه‌ له‌بارودۆخی ئاواره‌ ئێزدییه‌كان ئاشنا ده‌بن.