روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ (ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی) یه‌وه‌ لەباره‌ی ژەهراوی بوونی ئاوارەکانی کەمپی حەسەن شام

ئێواره‌ی رۆژی 12/6/2017 لە کەمپی (U2) له‌ ناوچه‌ی حەسەن شام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن رێكخراوی (راف)ی قه‌ته‌رییه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی به‌ربانگكردنه‌وه‌ خۆراكی ئاماده‌كراو پێشكه‌شی ئاواره‌كانی كه‌مپه‌كه‌ كرا، به‌داخه‌وه به‌هۆكاری خراپی خۆراكه‌كه‌ (‌٨٢٥ ) ئاوارە ژەهراوی بوون و ژیانیان كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

 

هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م حاڵه‌تی ژه‌هراوی بوونه‌كه‌، ئیداره‌ی كه‌مپه‌كانی حه‌سه‌ن شام له‌ رێگه‌ی ئۆتۆمۆبێلی فریاكه‌وتنه‌وه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر تا دره‌نگانی شه‌و ئه‌و ئاوارانه‌ی كه‌ ژه‌هراوی ببون به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان گواسترانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی قه‌زای خه‌بات و ناو شاری هه‌ولێر.

 

له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌زگاكه‌مانه‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌ هه‌ر سێكته‌رێكی مرۆیی كارمان كردبێت باشترین هاوكاری له‌ رووی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تییه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی كردوه. گه‌واهیده‌ری ئه‌و راستیه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ‌ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ یه‌ك حاڵه‌تی نه‌خوازراو له‌ ئه‌نجامی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی با‌رزانی رووی نه‌داوه‌. چونكه‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌ خێرخوازییه‌كانمان له‌ ئاستی ستاندارده‌كانی كاری مرۆییدا بوون.

له‌ مانگی ئابی 2014دا و دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی شنگال و ده‌ورووبه‌ریدا هات، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رێگه‌ی 7 چێشتخانه‌ی گه‌ڕۆكه‌وه‌ رۆژانه‌ دوو ژه‌م خۆراكی گه‌رممان پێشكه‌شی (153) هه‌زار ئاواره‌ ده‌كرد له‌ پارێزگای دهۆك و ده‌ورووبه‌ری، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك حاڵه‌تی ژه‌هراوی بوون دروست ببێت، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی پێزانینی پرۆگرامی خۆراكی جیهانی (WFP) بووه‌.

 

له‌پاش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئازادكردن شاری موسڵ، زیاتر له‌ (642) هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوون و له‌ كه‌مپه‌كانی حه‌سه‌ن شام و خازرو دیبه‌گه‌ نیشته‌جێكراون، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ هاوكاری وڵاتی كوه‌یت و رێكخراوی LDSی ئه‌مریكی چێشتخانه‌یه‌كی له‌ ناوچه‌ی حه‌سه‌ن شام دا‌مه‌زراندووه‌ و رۆژانه‌ خۆراكی گه‌رم پێشكه‌شی ئه‌و ئاوارانه‌ ده‌كات كه‌ رووده‌كه‌نه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌. سه‌رجه‌م ئه‌و ماده ‌خۆراكیانه‌ی كه‌ له‌م چێشخانه‌یه‌دا به‌كار ده‌هێنرێت، له‌ رێگه‌ی كوالیتی كۆنترۆڵ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ پشكنینیان بۆ كراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ش زۆر‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ تاوه‌كو‌ ئێستا كاره‌كه‌ ئه‌نجامده‌د‌رێت و خۆشبه‌ختانه‌ هیچ گرفتێكی ته‌ندروستی رووی نه‌داوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌خشینی ئه‌و خۆراكه‌ گه‌رمه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ باشتركردنی ره‌وشی ته‌ندروستی ئاواره‌كان.

 

به‌ڵام به‌هۆی زۆری ژماره‌ی ئاواره‌كان و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ رێكخراوه ناوخۆیه‌كان و وڵاتانی تر،‌ روو له‌ كه‌مپه‌كان ده‌كه‌ن و هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی كاری خێرخوازیی و خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ نێوكه‌مپه‌كاندا، هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری بۆ ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت هاوكاری ئاواره‌كان بكه‌ن، رێگه‌مان له‌ هیچ رێكخراوێك نه‌گرتووه‌ هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كان بكه‌ن و هه‌میشه‌ رێنمایی شێوازیی ئه‌نجامدانی كاری مرۆییمان پێشكه‌شی ئه‌و رێكخراوانه‌ كردووه‌ و هه‌وڵمانداوه‌ ژیانی ئاواره‌كان بپارێزین. 

 

به‌داخه‌وه‌ رێكخراوی (راف)ی قه‌ته‌ری به‌هۆی له‌به‌رچاونه‌گرتنی رێنماییه‌كانی ئیداره‌ی كه‌مپه‌كان، رۆژی دووشه‌ممه‌ 12/6/2017  له‌ كه‌مپی U2 له‌ حه‌سه‌ن شام خۆراكی ئاماده‌كراوی پێشكه‌شی ئاواره‌كان كردووه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ (٨٢٥) ئاواره‌ كه‌ زۆربه‌یان منداڵ و ئافره‌تن ژه‌هراوی بوون. ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی ده‌زگاكه‌مانه‌ و داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی زیاتری ژیانی ئاواره‌كان هه‌وڵبدرێت كار و چالاكی رێكخراوه‌كان باشتر كۆنترۆڵ بكرێت.

 

هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشبووه‌كان ده‌خوازین و سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ یه‌كه‌م ساتی رووداوه‌كه‌وه‌ به‌ ده‌نگمانه‌وه‌ هاتن، به‌تایبه‌تی سوپاسی پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر و دهۆك، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی حكوومه‌تی عێراق، هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ زوو فریای ئه‌و ئاوارانه‌ كه‌وتن كه‌ ژه‌هراوی بوون و ژیانیان له‌مردن رزگار كردن.

 

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

13/6/2017