سەرجەم خێزانەکانی شەهیدان هاوکاری دەکرێن

٣٤٤خێزانی شەهید لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هاوکارییان پێشکەش دەکرێت

 

بەمەبەستی رێزگرتن لە یاد و فیداکاری پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگری لە کوردستان و پاڵپشتنی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری ماددی پێشکەشی ١٤١٠ خێزانی شەهیدان دەکات کە ٣٤٤ خێزانیان دەکەونە پارێزگا سلێمانی و هەڵەبجە.

 

رێکەوتی ١٩/٦/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێوارە خوانێک و مەراسیمێکی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە سلێمانی بەبەشداری بەبەشداری کەسوکاری شەهیدانی سەربەرز و نوێنەری کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەبرد، لە مەراسیمەکەدا هاوکاریکردنی بڕی ١ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر خێزانێکی شەهید لەلایەن سیروان بارزانی و لە رێگەی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە راگەیاند.

 

سەرەتا ئێوارە خوانێک بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان پێکهێنرا و هەمووان پێکەوە بەربانگی ٢٣یەمین شەوی رەمەزانیان کردەوە.

 

سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب و چەند ساتێک راوەستان بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی سەربەرز دەستپێکی مەراسیمەکە بوو.

 

پاشان فەرماندەی پێشمەرگە و باوکی شەهیدێک لە شەهیدانی کوردستان محەمەدی حاجی مەحمود وتارێکی پێشکەش کرد و لەکاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا وتی: دەمەوێ سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەم بۆ کارە خێرخوازییەکانی بۆ کۆکردنەوەی ئێمە و خێزانی شەهیدان لەم ئێوارەیەدا و ئەمە لە راستیدا خزمەتێکی گەورەی گەل و نیشتمان و وڵاتە، هیوادارین ئەم ئێوارەیە زیاتر لە گیروگرفتی کەسوکاری شەهیدەکان بگاتە هەموو لایەک و هەموو لایەکیش وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بیربکەنەوە کە خزمەتێکی زۆری کردووە لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەتی بۆ کەسوکاری شەهیدان''.

 

پاشان مەحمود سەنگاوی وتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وتیان: بەناوی فەرماندەیی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەیی میحوەری گەرمەسێرەوە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین بۆ ئەو هاوکارییەی لەم بۆنەیەدا دابینی کردووە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان. لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: کە جێگای بایەخە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبێ جیاوازی هاوکاری پێشکەشی کەسوکاری شەهیدان لەسەرتا سەری کوردستاندا دەکات.

 

لە درێژەدا بەهائەدین محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان لە پارێزگای سلێمانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، سەبارەت بە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی: سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم کە لەگەڵ کەسوکاری سەربەرزی شەهیداندا کۆی کردووینەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە هەم بەربانگێک بکەینەوە و هەمیش ئازارەکانیان لەگەڵدا بەش بکەین.

 

لە کۆتایی وتارەکاندا سۆران خەلەف بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وردەکاری پرۆژەکەی بۆ بەشداربووان روونکردەوە و وتی: بەبێ جیاوازی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرتاسەری کوردستاندا هاوکاری دەگەیەنێتە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ١٤١٠ خێزان هاوکاری دەکات.

 

جێگای ئاماژەیە لە مەراسیمەکەدا هاوکارییەکانی سیروان بارزانی پێشکەشی خێزانی سەربەرزی شەهیدان کرا و هەر خێزانێک بڕی  ١ ملیۆن دیناری وەکوو دیاری جەژنی رەمەزانی پیرۆز پێ بەخشرا.

 

رۆژانی داهاتووش لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکووک هاوکاری بۆ خێزانە شەهیدەکانی ئەو پارێزگایانە دابین دەکرێت.