دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێز لە دوو چالاکوانی بواری مرۆیی ئەمریکی دەگرێت

بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا هاوکاری کارە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیان کردووە لە ڕێگەی هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی دەزگاکەوە، دوو چالاکوانی بواری مرۆیی خەڵکی تێکساسی ئەمریکا لەلایەن دەزگاکەوە رێزیان لێنرا.

 

لە سەردانێکیان بۆ ئۆفیسی سەرەکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر ئەمڕۆ ٢٠/٦/٢٠١٧ هەردوو بەڕێزان دکتۆر مایکل هاربەر و مات ماکگۆوین لەلایەن موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگاو ئاوات مستەفا بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی دەزگا پێشوازیان لێکرا. لە سەردانەکەدا هەردوولا باسیان لە باری مرۆیی کرد لە هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی چەند پڕۆژەیەکی گرنگیان کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە یەزیدیەکان لە شەنگال و دەوروبەری. هەردوو میوان بەڵێنیان دا کاری جیدی بکەن بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی و مرۆیی گرنگ بۆ براو خوشکە یەزیدیەکان لەسەر چیای شنگال و دەوروبەری.

 

لەلای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارو هەوڵ و ماندووبوونی ئەو دوو بەڕێزەی بەرز نرخاند لە هاوکاریکردنی دەزگاکەو رێکخراوە هاوبەشەکانی دەزگاکە لە هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی ئاوارەو پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. بەو هۆیەوە سەرۆکی دەزگا سوپاسنامەی تایبەتی پێشکەش بە هەردوو چالاکوان کردو هیوای خواست کە بەردەوام بن لە هاوکاری دەزگاو رێکخراوە مرۆییەکانی تر لە پێناوی کاری مرۆیی و خێرخوازیی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.