Mobile menu

خێزانی ١٧٩ شەهید لە کەرکووک هاوکاری دەکرێن

بەمەبەستی رێزگرتن لە یادی شەهیدان و پشتوانی کەسوکاری شەهیدان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی یەک ملیۆن دینار هاوکاری سیروان بارزانی پێشکەشی هەر یەک لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان لە کەرکووک دەکات.

 

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٢/٦/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی مەراسیمێکی شایستەی بۆ کەسوکاری شەهیدان لە شاری کەرکووک بەڕێوەدەبات و لە مەراسیمەکەدا بۆ هەرخێزانێکی شەهیدان بڕی ١ ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەش دەکرێت.

 

مەراسیمەکە بەبەشداری خێزانی شەهیدان و  بەرپرس و کەسایەتییە سیاسییەکان و نوێنەری رێکخراو و لایەنەکان و ئەندام پەرلەمانەکان بە سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و دواتر پرۆمۆیەک لەسەر کاروچالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەشی بەشداربووان کرا.

 

رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت وتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد، لە وتارەکەیاندا وتیان: ''سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە شەرەفمەندین بەشدارین لەم جۆرە چالاکییانەدا و دووبارەی دەکەینەوە ئێمە هەرگیز ئەو فیداکارییانەی شەهیدانمان لە یاد ناکەین کە بۆ پاراستنی ئەم نیشتمانە کردویانە''.

 

دواتر وەیس جەلیل بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخێرهاتنی کەسوکاری شەهیدان و میوانە ئازیزەکانی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد، وتی: ''ئەمرۆ هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە بۆ رێزگرتن لە خەباتی شەهیدە سەربەرزەکانمان و ئێمە وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی کار دەکەین بۆ بە دیهێنانی دادپەروەری، رێکخراوێکین بەرەو نێودەوڵەتی بوون کاردەکەین'' لە درێژەی وتارەکەیدا هاتبوو:'' دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری دەبەخشێت بەو کەسانەی کە پێویستیان پێیە لە رێگەی ئەو کەسانەوە کە توانای هاوکاری کردنیان هەیە''. سەبارەت بە هاوکاری کەسوکاری شەهیدان وتی: لە کەرکووک هاوکاری خێزانی ١٧٩ شەهید دەکەین، کە هاوکاریەکە بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقییە بۆ هەر خێزانێک و لەلایەن سیروان بارزانییەوە دابین کراوە''.

 

لە مەراسیمەکەدا هاوکارییەکان پێشکەشی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کران، هەر خێزانێک بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەش کرا.