Mobile menu

دوایین ئاماری هاتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان راده‌گه‌یه‌نرێت

866 خێزانی نه‌ینه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه 84 خێزانی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ئاواره‌ ده‌بن

 

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن دیسكی داتاو زانیاریی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 1/8/2017 تاوه‌كو 9/8/2017 له‌ناو كه‌مپه‌كاندا كۆكراونه‌ته‌وه‌، كۆی خێزان و كه‌س كه‌ تازه‌ ئاواره‌بوون له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی پێشوویان راده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ تێیدا 866 خێزان كه‌ ده‌كاته‌ 4225 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا 641 خێزان كه‌ ده‌كاته‌ 3148 كه‌س دووباره‌ جێگه‌ی خۆیان جێهێشتووه‌و روویان له‌ كه‌مپه‌كانی خازر و حه‌سه‌نشام كردۆته‌وه‌، هاوكات 84 خێزانی دانیشتوی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ئاواره‌ ده‌بن‌.

 

پاش ئه‌وه‌ی شاری موسڵ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ کۆنتڕۆڵکرایەوە رۆژانه‌ خێزانه‌كان كۆچی پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌ن به‌شێكیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و به‌شێكیشیان شاره‌كه‌ دووباره‌ جێده‌هێڵن، هاوكات شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر كه‌ بەگەورەترین شارۆچكه‌ی عیراق هەژماردەكرێت‌ 30 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای نه‌ینه‌واوه‌ دوورە، ژمارەی دانیشتوانەكەی بەگوێرەی دوا ئاماری ساڵی 2014 نزیكەی 200 هەزار كەسە‌، له‌ساڵی 2014 له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ داگیركرا، رۆژانه دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ره‌و ناوچه‌ ئارامه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق كۆچ ده‌كه‌ن.

 

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌پشت به‌ستن به‌ داتاو زانیارییه‌كانی كه‌ له‌نێو كه‌مپی ئاواره‌كانی سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا رۆژانه‌ كۆی ده‌كاته‌وه‌، له‌ رێككه‌وتی 1/8/2017 تاوه‌كو 9/8/2017 تێكڕای ئامار و ژماره‌ی خێزان و كه‌سی ئاواره‌بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌ی خێزانی گه‌ڕاوه‌ بۆ شوێنی نیشته‌جێبووی پێشوویان راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌.

 

به‌پێی داتاكانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌سنوری كه‌مپی ئاواره‌كانی سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، 866 خێزان كه‌ ده‌كاته‌ 4225 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه شاری نه‌ینه‌وا‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا 641 خێزان كه‌ ده‌كاته‌ 3148 كه‌س دووباره‌ ئاواره‌بوونه‌ته‌وه‌، هاوكات 84 خێزانی دانیشتوی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ناوچه‌كانیان جێهێشتووه‌و خۆیان گه‌یاندۆته‌ سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك به‌وپه‌ڕی له‌خۆبوردووییه‌وه‌ رۆژانه‌ هاوكاری و یارمه‌تی ئاواره‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌و ژماره‌ ئاوارانه‌ی كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان، هه‌وڵمانداوه‌ له‌ڕێگه‌ی گه‌یاندنی كاروانی هاوكارییه‌كانمانه‌وه‌ هه‌فتانه‌ هاوكاری خۆراكی و ناوماڵه‌یان بۆ دابین بكه‌ین، هاوكات رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرتری ئاواره‌ شوێنه‌كانیان جێده‌هێڵن و روو له‌ كه‌مپه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هیچ پێداویستیه‌كی سه‌ره‌تایی ژیانیان ده‌ست ناكه‌وێت، شاره‌كانیان به‌ ته‌واوی خاپوربووه‌و نه‌ ئاو هه‌یه‌ نه‌ كاره‌با، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر ئاوی خواردنه‌وه‌و كاره‌با و بنكه‌ی ته‌ندروستیمان بۆ ده‌سته‌به‌ركردوون و له‌وپه‌ڕی ژیانێكی باشدان به‌ به‌راورد به‌و ناوچانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه‌. سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه‌ پاڵپشتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌كه‌ین بۆ شوێن و ماڵی خۆیان، له‌هه‌مانكاتیش پێشوازی له‌ هاتنی ئاواره‌ی نوێ ده‌كه‌ین، ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ وه‌ك ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خزمه‌تی هه‌ر كه‌سێك بكه‌ین كه‌ رووبه‌ڕووی كاره‌سات و ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌بێته‌وه‌.