Mobile menu

راگەیەندراوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رای گشتی

BCF LOGO

بۆ / رێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان

ئاژانسه‌كانی UN

كونسوڵخانه‌و نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان

 

 

    بارگرژی نێون به‌غداد و هه‌ولێر، كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر بار و گوزه‌رانی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، به‌ تایبه‌ت دوای داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ و دروستكردنی رۆتینی زیاد له‌ سنووره‌ وشكانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی گه‌یاندن و دابینكردنی پێداویستی رۆژانه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاواره‌ و په‌نابه‌ر سستیه‌كی زۆری پێوه‌دیاره‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وشه‌ به‌رده‌وامبێت چاوه‌ڕوانده‌كرێت كاره‌ساتی مرۆیی بۆ ئه‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن لێبكه‌وێته‌وه‌.

له‌ ئێستادا (1.957.788) كه‌سی ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌ژین، له‌و ژماره‌یه‌ (1.732.239) كه‌سی ئاواره‌ن و به‌هۆی شه‌ڕ و ناسه‌قامگیری ناوچه‌كانیانه‌وه‌ له‌ رووی ئه‌منی و ئابوورییه‌وه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان و ئاژانسه‌كانی UN و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وڵاتانی هاریكاربه‌خشه‌وه‌ هاوكاری كراون، تا ئاستێك پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ دابینكراوه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ په‌نابه‌رانیش كه‌ ژماره‌یان (225.552) كه‌سه.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشان و داكشانی پێوه‌ندی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر، له‌ لایه‌كه‌وه‌ و هه‌بوونی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ و داسه‌پێنراو به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، وایكردووه‌ بارگرانییه‌كی زۆر له‌سه‌ر شانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی دروستبكات، هاوكات به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌ی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ هۆكارێك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری له‌ نێو گه‌نجاندا تا رێژه‌ی (24%)، به‌ڵام به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كانی ئاژانسه‌كانی UN و رێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان و وڵاتانی هاریكار به‌خش و رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌ ناوخۆیه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان له‌ بواره‌كانی دابینكردنی خۆراك و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاردا له‌ ئاستێكدابووه‌ كه‌ توانراوه‌ زۆر له‌ مه‌ینه‌تییه‌كانی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستانی كه‌م بكاته‌وه‌، له‌ كۆی (437.460) كه‌سی ئاواره‌ و په‌نابه‌ری نیشته‌جێی كه‌مپه‌كان ته‌نها (92.886) كه‌سیان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتیان به‌و هاوكاریانه‌ به‌ستبوو كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و رێكخراو‌انه‌وه‌ پێشكه‌شیان ده‌كرا، ئه‌وانی دیكه‌یان بۆ بژێوی ژیانیان له‌ نێو كه‌مپه‌كان و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان هه‌لی كاركردنیان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا و دوای داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران دروست بووه‌ و زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانرێت ته‌نانه‌ت هاوكارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیشیان بۆ دابین بكرێت.

ئه‌م بارودۆخه‌ ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر ژیانی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان،‌ بۆیه‌ ئه‌ركی مرۆیی هه‌موو لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیداره‌ ده‌ستبه‌جێ هه‌نگاو به‌ ئاراسته‌ی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بگرنه‌به‌ر‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت هاوكاری مرۆیی پێویست دابین بكرێت و بگه‌یه‌نرێت به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، تا ئه‌و كاته‌ی به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

14/10/2017