Mobile menu

دەزگای خێرخوازی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello ی وەرگرت

ئەمڕۆ لە کاتیمەراسیمی پێشکەشکردنی خەڵات لە شاری کڕاکۆڤ، پاش دەستنیشانكردنی لەلایەن نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وڵاتەدا، وەك دەزگایەكی خێرخوازیی مرۆیی لە هەرێمی كوردستاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، وەرگرت، براوەی خەڵاتەکە پەیکەرێكی هونەری و دیپلۆمێك و دیارییەکی دارایی وەرگرت، کە لەلایەن سپۆنسۆرەکان تەرخانکراوە.

خەڵاتی پۆڵۆنی "Sergio Vieira de Mello” دەدرێتە ئەو کەس و لایەن و رێکخراوانەی کە کار دەکەن لە پێناوی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردنی کۆمەڵگە و ئایین و کولتورەکان. ئەوەش خەڵاتێکی پرێستیژە و ناوبانگی زۆری هەیە لە پۆڵۆنیا و ئەوروپای رۆژهەڵات و ناوەڕاست.

شایانی باسە، ئەو خەڵاتە لە لایەن دەستەیەكەوە رادەگەیەنرێت کە ئەندامەکانی بریتین لە نوێنەرانی: سەرۆك کۆماری پۆڵۆنیا، باڵوێزی بەرازیل، باڵوێزی سویسرا لە پۆڵۆنیا، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئاوارەکان، وەزارەتی دەرەوە، وتەبێژی مافەکانی مرۆڤ، دەزگای بیرەوەری نیشتمانی و کۆنسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کڕاکۆڤ، دەزگای هاوکاری چالاکییەکانی کۆمەڵەی Decjusz. لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی هەموو ئەو دەزگا ناوبراوانە ئامادەبوون.

لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکە، وتاری تایبەتی بەخێرهاتنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لایەن هێنریك ڤۆژنیاك Henryk Woźniakowski بەرپرسی دەزگای Znak خوێندرایەوەو تیایدا باسی دەسکەوتی وەرگرانی خەڵاتەکەی کرد بۆ ئامادەبووان، بە تایبەتی هەوڵ و ماندوو بوون و خزمەتەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی، چاودێریکردن و پاراستنی ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر کە لە دەستی تیرۆریستانی داعش و جەنگی سوریا و عێراق هەڵاتن و لە کوردستان شوێنی حەوانەوەیان دۆزییەوە، هەروەها لە پێناو بەهێزکردنی کۆمەڵگەی شارستانی لە هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گروپ و ئایینە جیاوازەکان.

دوای پێشكەشکردنی خەڵاتەکان، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا باسی گرنگترین دەستپێشخەرییەکانی دەزگاکەی کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مۆزایکی ئایینی و نەتەوەیی، کە هەرێمی کوردستانی لێ پێك دێت. بەڕێز موسا ئەحمەد هەوڵ و تێکۆشانی کۆمیسیار Sergio de Mello ی بیرهێنایەوە کە بەو خەڵاتە یادی دەکرێتەوە. هەروەها باسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی دا بەشەپۆڵێکی نوێی ئاوارەبوون لە کەرکوك و دەوروبەری. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ زیاترکردنی هەوڵەکانیان لە پێناو یارمەتیدانی ئاوارە و دەربەدەر بووەکان و پشتیوانی لە دیالۆگی ئاشتیانە لە هەرێمی كوردستاندا. سوپاسی هەموو لایەکی کرد کە دەنگیاندا بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەروەها بۆ هەموو چالاکییەکانی نوێنەری حکومەت زیاد رەئوف.