Mobile menu

55 ڕێکخراوی ناحکومی بانگەوازی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا دەکەن بۆ وەستاندنی بەپەلەی هێرشە سەربازییەکان و رێگرتن لە کارەساتی مرۆیی لە کوردستان

karkuk 30.10

دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی گونجاو بۆ کوژاندنەوەی ئاگری جەنگ و جموجۆڵی سەربازی و سەقامگیرکردنی بداتەوە

 

جموجۆڵەکانی ئەو دواییەی هێزە سەربازییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکوك و شەنگال و خانەقین، مەترسی دووبارە دروستبوونی شەپۆڵێکی ئاوارەی لێدەکەوێتەوە ئەوەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی زۆر گەورەدا.

 

پەنجا و پێنج لە گەورەترین رێکخراوی ناحکومی پۆڵۆنیا کە پێکەوە بەناوی "گروپی دەرەکی"، بانگەوازێکی تایبەتیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و رای گشتی کرد دەربارەی "ئەنجامدانی چالاکی بەپەلە بۆ رێگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق". بانگەوازەکە نێردرا بۆ هەریەك لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی پیران، هەروەها سیاسەتمەداران و رۆژنامەنوسان.

 

بانگەوازەکە ئەنجامی چاوپێکەوتن و دیدارەکانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان (زیاد رەئوف)ە لە پۆڵۆنیا، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ کۆمەڵەی ڤیللا دێچیوشا Willa Decjusza، کە بانگەوازێکی ئامادە کرد، دواتریش رێکخراوە ناحکومییەکانی تری پۆڵۆنیاش هاتنە ناو ئەو دەستپێشخەرییەوە.

ئەمەش دەقی بانگەوازەکەیە بە زمانی کوردی:

 

رێکخراوە ناحکومییەکان کە پێکەوە گروپێکیان پێکهێناوە بەناوی "گروپی دەرەکی"، دڵتەنگی و ناڕەحەتی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێشهاتی رووداوەکانی کوردستان و بانگی حکومەتی پۆڵۆنیا و پەرلەمان دەکەن بۆ چالاکی دەستبەجێ بەمەبەستی رێگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە جێناکۆکەکان.

جموجۆڵەکانی ئەو دواییەی هێزە سەربازییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکوك و شەنگال و خانەقین مەترسی دووبارە دروستبوونی شەپۆڵێکی ئاوارەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی کامپی ئاوارەکان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی زۆر گەورەدا.

ئێستا لە کوردستان، لە 43 کامپی ئاوارەکان، ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە هەن کە لە ساڵی 2014 و روویان لە کوردستان کردووە. سەرەڕای پەنابەرانی جەنگی سوریا، کریستیانە دەربەدەربووەکانی عێراق، ئێزیدییەکان کە بوونە قوربانی دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خەڵك کە لە دەستی تیرۆری داعش رایان کردووە بۆ کوردستان. ئێستا وا کوردەکان خۆیان دەبنە ئاوارە.

بۆ پرسیاری سەلامەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێم و بەردەوامی حەواندنەوە و پاراستنی کامپی ئاوارەکان، دەبێت کۆمەڵگەی پشتیوانی نێودەوڵەتی وەڵامی گونجاو بداتەوە کە ئەوەیە: کوژاندنەوەی ئاگری جەنگ و جموجۆڵی سەربازی و سەقامگیرکردنی بارودۆخی ناوەخۆ. ئەوەش دەبێتە هۆی دابینکردنی سەلامەتی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە کامپەکان و هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان.

بانگەوازی حکومەت و پەرلەمانی پۆڵۆنیا دەکەین، کە پۆڵۆنیا وەکو ئەندامێکی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن دەستپێشخەری بۆ ئاشتی و ئاسایش بخەنەڕوو، هەموو هەوڵێك بدات بۆ وەستاندنی جموجۆڵە سەربازییەکان لە پێناوی رێگرتن لە شەپۆڵی نوێی ئاوارەبوون و بەردەوامی پاراستنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها بانگەواز دەکەین بۆ ناردنی هاوکاری بە پەلەی مرۆیی و بەشداری چالاك لە میکانیزمی نێودەوڵەتی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و هاوکاریکردنی ئاوارەکان لەو ناوچانە، هەروەها ئامادەیی خۆمان رادەگەیەنین بۆ هاریکاریکردن لە دانانی سیستەمێکی کاریگەری گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە دووچاری مەترسی بوونەتەوە لە هەرێمەکە.

rekhrawakan