Mobile menu

شاندێكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی سه‌ردانی كونسڵخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات

Konsoli iran 14.11 2

به‌مه‌به‌ستی به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی زه‌مین له‌رزه‌كه‌ی شاری كرماشان و ده‌وروبه‌ری، شاندێكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر ده‌كات و له‌لایه‌ن جێگری سه‌ركونسوڵه‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت.

 

Konsoli iran 14.11 1 رێكه‌وتی 14/11/2017 به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی هاوسۆزی و ئاماده‌یی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوانی زه‌مین له‌رزه‌كه‌ی شاری كرماشان و ده‌وروبه‌ری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د به‌یاوه‌ری شاندێكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن به‌ڕێز (سیامێكی بورهانی) جێگری سه‌ركونسوڵه‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت.

 

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، شاندی ده‌زگا وێڕای پێشكه‌شكردنی سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خه‌ڵكی كوردستان بۆ قوربانیانی كاره‌ساته‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هاوكات ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماده‌یی ته‌واوی نیشاندا بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی لێقه‌وماوی كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كه‌و داوایكرد ئاسانكارییان بۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاریی بگه‌یه‌ننه‌ دانیشتوانی شاره‌ زیان لێكه‌وتووه‌كان.

 

له‌به‌رانبه‌ردا به‌ڕێز جێگری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای پێشكه‌شكردنی سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان و به‌رز نرخاندیان، رایگه‌یاند: ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام به‌ هانای كه‌سانی لێقه‌وماو و ئاواره‌و په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌چن و ده‌ستخۆشی له‌ كارو چالاكییه‌ خێرخوازییه‌كانی ده‌زگا ده‌كه‌ین.

 

له‌باره‌ی ئاسانكاریكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكاری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ زیانلێكه‌وتووانی زه‌مین له‌رزه‌كه‌ی شاری كرماشان و ده‌وروبه‌ری، به‌ڕێز (سیامێكی بورهانی) جێگری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌وان په‌یامی خێرخوازیی و مرۆیی ده‌زگا ده‌گه‌یه‌ننه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی كاره‌ساته‌ سرووشتیه‌كه‌ی شاری كرماشان و سه‌رپێڵ زه‌هاو و ده‌وروبه‌ری ده‌كه‌ن.