Mobile menu

شاندێكی رێكخراوی فریاكەوتنی ئیسلامی سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن

MIwan 8.1 1

شاندێكی باڵای رێكخراوی فریاكەوتنی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی دكتۆر هانی ئەلبەنا سەرۆكی رێكخراوی فریاكەوتنی ئیسلامی سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و لە لایەن سەرۆكی دەزگا بەرێز موسا ئەحمەد پێشوازی لێكرا و باس لە نوێترین كارە خێرخوازیەكان كرا لە ناوچەكە.

MIwan 8.1 2 رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 7ی كانونی دووەم/ یەنایەر 2018 شاندێكی باڵای رێكخراوی فریاكەوتنی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی دكتۆر هانیئەلبەنا سەرۆكی رێكخراوی فریاكەوتنی ئیسلامی سەردانی نوسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد لەگەڵ دكتۆر ناسر حامد بەرێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوەكە ودكتۆر یوسف كاسۆجی بەرێوەبەری هەرێمی رێكخراوەكە و چەندین بەرپرسی ئیداری، لەلایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەستەی كارگێریەوە پێشوازیەكی گەرمیان لێكرا. هەردوولا بارودۆخی كاری خێرخوازی وگرینگترین بەرەوپێشچوونی ناوچەكە لەم بوارەدا خستە بەر باس و لێكۆلینەوە، و لەلایەن خۆشیەوە بەرێز دكتۆر هانی ئەلبەنا سوپاسی سەرۆكی دەزگای كرد و گوتی: ئێمە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ماڵی خۆمان دەزانین. ئێمە خۆمان بە خزمەتكاری مرۆڤایەتی دادەنێین و نابێت پیاوێكی گەورە هەبێت ئەگەر خزمەتی مرۆڤایەتی نەكات". لە لایەن خۆشیەوە بەرێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوپاتی كردەوە لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردولا بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خزمەتی مرۆڤایەتی نەك تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیشەوە، و گوتی: "ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌ی وتەی بارزانی نەمرمان كردۆتە بناغەی كارەكانمان كە فەرمویەتی: "شانازیە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت" و لەسەر ئەم فەلسەفەیە بەردەوام دەبین وجێبەجێی دەكەین لە كارەكانماندا و جیاوازی ناكەین لە نێوان پێكهاتەکانی میللەتەكەماندا و بەپێی پێویستی خۆیان یارمەتیان دەدەین".

هەروەها دكتۆر ناسر حامید بەرێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی فریاكەوتنی ئیسلامی باسی لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردولا كرد و ئاماژەی بە گرنگی لایەنی گەشەپێدانی مرۆیی و بەشداركردنی كارمەندانی دەزگا لە خولە تایبەتەكان و كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەكان بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە مرۆڤەكان دا.  بۆ ئەوەی دەزگا لە قاڵبی ناوخۆیی بگوێزرێتەوە بۆ قالبی نێودەوڵەتی لە رێگەی چاوپێكەوتن بە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوەكانی دیکەی مرۆیی. لە درێژەی گفتوگۆکەدا موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی هەموو لایەکی کرد و ئایندەیەکی گەشی بۆ کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولادا پێشبینی کرد و گوتی: "پێخۆشحاڵین و خۆمان بە بەختەوەر دەزانین لە شوێن متمانەی ئێوە بین ئێمەش دڵنیایین كە میللەتی كورد خاوەن پێشینەیەكی خێرخوازی كۆنە بەڵام پێویستمان بەوە دەبێت ئاستی دەزگا بەرز كەینەوە بۆ نێودەوڵەتیی بوون"، و سوپاسی بەرێوەبەری جێبەجێكاری كرد بەرامبەر ئەو كارانەی كە لە ناوچەكە ئەنجامی دەدەن.

هەروەها بەرێز دكتۆر یوسف كاسۆجی بەرێوەبەری هەرێمی رێكخراوەكە باسی پەیوەندیەكانی وهەماهەنگیەكانی نێوان دەزگا و رێكخراوەكەیانی كرد لەسەر ئاستی جیاواز كە كراوە بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەر و خەڵكی كوردستان، بەتایبەت ئەوان خەریكی پرۆژەیەكی پێشخستنی پیشەیی تاكەكانن تایبەت بە ئاوارە و پەنابەر و خەڵكی هەرێمی كوردستان.