Mobile menu

بەهۆی خراپی رەوشی موسڵ هەزاران کەس دووبارە ئاوارە دەبنەوە

Awara 27.1.2017

رەوشی مرۆیی لە سەنتەری پارێزگای تازە ئازادکراوی نەینەوادا جێگیر نیە و ژیان لەو پارێزگایەدا نالەبارە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دووبارە ئاوارەبوونەوەی ئەو خێزانانەی کە بەمەبەستی ئاوەدان کردنەوەی شارەکەیان کەمپەکانیان جێهێشتبوو.

 

کەمپەکانی لە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە گەڕانەوەی ٢٥٠٠ ئاوارە دەکەن، کە پێشتر بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئارام لە ناوچەکانی خۆیاندا کەمپەکانیان جێهێشتبوو.رزگار عوبێد بەڕێوەبەری گشتی کەمپەکانی خازر و حەسەنشام بە ماڵپەڕی وشەی راگەیاند "سەرەڕای ڕێگریەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ خاكى ھەرێمی کوردستان، لەم مانگە نزیکەی دووھەزار و 500 ئاوارە بەدزیەوە گەڕاونەتەوە بۆ کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان".

 

بەشێکی زۆری ئاوارەکان هێشتا لە نێو کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و بەشێکی دیکەیان کە دوای رزگار کردنی ناوەندی پارێزگای نەینەوا رووە و ئەو شارە کەمپەکانیان جێهێشتبوو، لەبەر هۆکاری نەبوونی کار و مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان ناچاربوون دووبارە ژیانی ناو کەمپ بەسەر ژیان لە شاری موسڵ هەڵبژێرن.

 

جێگای ئاماژەیە ئاوەدان نەکردنەوەی شار و قەزاکانی پارێزگای نەینەوا یەکێکە لە هۆکاری دووبارە گەڕانەوەی خێزانەکان رزگار عوبێد لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ ماڵپەڕی وشە دەڵێت:  "بەھۆی ئەوەی دۆخی پارێزگای موسڵ زۆر خراپە و ھیچ خزمەتگوزاریەکیان پێشکەش نەکراوە و ئاوەدانیشنەکراوەتەوە و کار و کەسابەتی نیە، بۆیە ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە بۆ موسڵ ئێسته‌ جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکانی هه‌رێمى كوردستان، بە تایبەت ئەو خێزانانەی کە پیاوەکانیان لە شەری داعش کوژراون، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار حکومەتی عێراق ڕێگریان لێ دەکات بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان".

 

رزگار عوبێد گووتیشی، حکومەتی عێراق نوسراوێکی بۆ ئێمە ناردووە و باسی لەوەکردووە ھەر خێزانێکی ئاوارە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بە ئاوارە ھەژمار ناکرێت و لە ھەموو مافەکانیش بێ بەش دەکرێت، بۆیە خێزانەکان ناتوانن بە ئاشکرا بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لەبازگەکان باس لەوە دەکەن سەردانی ھەولێر دەکەن و دواتریش دێنەوە بۆ کەمپەکان و لەکەمپەکان ئێمەش لەبەر لایەنی مرۆڤایەتی ناتوانین ڕێگریان لێبکەین ووەریان دەگرینه‌وه‌، و لەکەمپەکان پێداویستیان بۆ دابین دەکرێن و ژیانیان لێرە خۆشترە".

 

ئاوارەکان باس لە رەوشی خراپی ژیانیان دەکەن لە ناوچەکانی خۆیان و دەڵێن کە لە هەر حاڵەتێکدا بێت ژیان لە ناو کەمپەکاندا بۆ ئەوان ئەمنتر و باشترە وەکوو ئەوەی لە ناو شاری موسڵ بژین، لە ناو کەمپەکاندا رێکخراو و لایەنەکانی دیکەی ژیانیان بۆ دابین دەکرێت بەڵام ئاوەدان نەکردنەوەی پارێزگای نەینەوا و هەبوونی هێزە چەکدارەکان لە ناو ئەو پارێزگایەدا ترسی لە دڵی ئەواندا درووست کردووە و ناتوانن لە شارەکەدا بمێننەوە.