Mobile menu

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌شداری كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌وڵاتی كوێت ده‌كات

bcf kweit.10.2

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوشان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتی كوێته‌وه‌ بانگهێشتی كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق ده‌کرێت كه‌ وابڕیاره‌ رۆژی 12/2/2018 ده‌ست به‌كاره‌كانی بكات و بۆ ماوه‌ی 3 رۆژ بخایه‌نێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک تاكه‌ دەزگای خێرخوازیی لە هەرێمی کوردستان بەناوی دەزگایەکی مرۆیی هاوڕێ لەگەڵ چەند رێکخراوی دیکەی عێراقی و نێودەوڵەتی بانگهێشتی کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە وڵاتی کوێت ده‌كرێت و تیایدا ئامانج و پره‌نسیپه‌كانی چۆنێتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق ده‌خاته‌ڕوو و له‌گه‌ڵ پیشاندانی كارو چالاكییه‌كانی ده‌زگا له‌ماوه‌ی رابردوودا كه‌ توانیویه‌تی خزمه‌ت به‌ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان بكات به‌ دیوكیۆمێنت پیشانی میوانان ده‌درێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاوات مستەفا، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌شداربووانی كۆنگره‌كه‌ ئاماژەی بەوەشداوه‌ ئامانج لە بەشداریکردنی ئێمە لەو کۆنگرەیە خستنەڕووی پرۆژە و پلانی خۆمانە لەڕووی هاوکاری و یارمەتی مرۆییەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراقە و بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکان و دەشتی نەینەوا، شنگال و زوممار بەتایبەتی. راشیگەیاند: جیا لە بەشداریمان لە پانێلەکانی کۆنگرەکە، هاوکات گرنگیەکی زۆر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دراوە و لەوێ پیشانگەیەکی تایبەت بۆ کار و چالاکییەکانمان تەرخانکراوە و ئێمە بە گرنگییەوە بەشدار دەبین و بێگومان رۆڵی کارامان دەبێت و لایەنی بەرپرس و پەیوەندیداری کۆنگرەکە و بەتایبەت کۆنسوڵی کوێت لە هەرێمی کوردستان گرنگی زۆریان بە بەشداری و پێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوە.

ئاوات مستەفا باسی لەوەشکرد: ئێمە لەبارەی کار و چالاکییە مرۆییەکانمان و چەندین دیکۆمێنتی زانستیمان ئامادەکردووە هەتا لەوێ پیشانی نوێنەری وڵاتان و بەشدارانی کۆنگرە بدرێت، دیکۆمێنتەکان باس لەو خزمەت و کار و چالاکییانەی دەزگا دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق و دەرەوەی هەرێم یارمەتیی ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماوانی کردووە.

شایانی باسه‌. کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە بەشداریی 70 وڵات و لە رێکخراو و دامەزراوەی ناوچەیی و نیودەوڵەتی رۆژی دووشەممە 2018/2/12 لەوڵاتی کوێت دەست پێدەکات کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و جیا لەوەی هەموو پارێزگارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوێ ئامادە دەبن، هاوکات شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی تێیدا بەشدار دەبێت.