Mobile menu

دياری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌خشرایه‌ قوتابیه‌كی خاوه‌ن ئیراده ‌و سه‌ركه‌وتوو

BCF 28.2.2018

به‌مه‌به‌ستی ده‌ستخۆشی و پاڵپشتی زیاتر بۆ قوتابی (سه‌ناء مه‌دحه‌ت ئه‌شره‌ف) كه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌ زانكۆی نۆلچ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی به‌پله‌ی یه‌كه‌م تێپه‌ڕاند، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خه‌ڵات و پێزانینی پێشكه‌ش ده‌كات.

 

رۆژی 27/2/2018 له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگا پێشوازی له‌ قوتابی خاوه‌ن ئیراده‌ (سه‌ناء مه‌دحه‌ت ئه‌شره‌ف) كرد كه‌ به‌ هێز و گوڕوتینی و كۆڵنه‌دانی به‌سه‌ر ئێش و ئازاره‌كانی ژیان و قوربانیدانی خانه‌واده‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتووبووه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندنی شیكاری نه‌خۆشییه‌كان له‌ زانكۆی نۆلچ له‌شاری هه‌ولێر.

 

له‌دیدارێكدا، به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر ئیراده‌و به‌هێزی قوتابی ناوبراو خسته‌ڕوو و ئومێدی به‌رده‌وامی بۆ خواست له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی باڵاتر له‌ ژیانیدا، كه‌ توانیویه‌تی پاش له‌ده‌ستدانی خێزانه‌كه‌ی و ئه‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه‌و كۆڵی نه‌داوه‌و به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزتره‌وه‌ تا ئه‌م قۆناغه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بووه‌و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا خه‌ڵات و دیاری و پێزانین پێشكه‌شی قوتابی (سه‌ناء مه‌دحه‌ت ئه‌شره‌ف) كرا له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی ده‌زگا بۆ پاڵپشتی به‌رده‌وامی تاوه‌كو به‌رزترین پله‌ له‌بواره‌كه‌یدا به‌ده‌ست بهێنێت.