Mobile menu

جۆرەها چالاکی لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا بەڕێوەدەچێت

8 march 15

سەنتەرە رۆشنبیری و کلتوری و پیشەییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوە و دەرەوەی کەمپەکاندا، لە رۆژی جیهانی ئافرەتان کۆمەڵێک چالاکی و ئاهەنگ بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەبەن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی مارسی ٢٠١٨ رۆژی جیهانی ئافەرتان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی ئاوارە و پەنابەراندا و لە سەنتەرە رۆشنبیری و کلتوری و پیشەییەکانیدا ئاهەنگ و چالاکی جۆراو جۆری بەڕێوەبرد.

 

لەو رۆژەدا لە سەنتەری رۆشنبیری و پیشەیی شێلادزێ سمینارێکی تایبەت لەسەر سۆشیال مێدیا پێشکەش بە ٤٤ ئافرەتی شارەدێیەکە کرا، هەروەها لە کەمپی هەرشەم سمیناری تایبەت بە رۆژی جیهانی ژنان رێکخرا و لە کۆمەڵگەی موقبلی بەو بۆنەیەوە خولێکی دورمان بۆ ژمارەیەک ئافرەت کرایەوە.

 

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی ئەو رۆژەدا لە سەنتەرەکانی (جەلادەت بەدرخان، محەمەد مەهدی جەواهیری، پێکەوە ژیان، هەڵەبجەی شەهید، رەوشەن بەدرخان و جگەرخوێن) ئاهەنگ و کێبرێکێ و پێشانگای تایبەت بەو رۆژە بەڕێوەچوون و رێز لە مافەکانی ئافرەتان گیردرا.

 

جێگای ئاماژەیە لە کەمپی باجکەنداڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێزی لەو ژنانەگرت کە توانیویانە بەسەر ئەو هەموو نەهامەتییەدا زاڵبن کە بەهۆی تیرۆریستانی داعشەوە بەسەریاندا هاتووە و توانیوانە لە دەستیان رزگاریان ببێت.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەکوو رێکخراوێکی مرۆیی باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافەکانی ئافرەتان هەیە و لەو پێناوەدا لە سەنتەرە رۆشنبیری و کلتورییەکانیدا لە رێگەی وانە و سمینار و خولی جۆراوجۆرەوە هەوڵی ناساندنی ماف و ئەرکەکانی ئافرەتان لەکۆمەڵگادا دەدات و پەرە بە تواناکانیان دەدات.

 

 

ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا ساڵانە لە ڕۆژی ٨ی مارسدا چەندین چالاکیی بەڕێوە دەبەن. بۆ یەکەم جار لە وڵاتی ئامریکا لە مانگی دووی ساڵی ١٩٠٩ مەراسمی ڕۆژی ئافرەت لە لایەن حیزبی سۆسیالیستی ئەم وڵاتەوە گیراوە. لە ساڵانی دواتردا لەژێر کاریگەریی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئافرەتان لە وڵاتانی ئەوروپایی و ڕووسیەدا، مانگرتن بە دژی زۆربوونی کاتی کارکردن و پێنەدانی پشووی مناڵبوون، کەمی مووچە، لە ساڵڕۆژی ٨ی مارسدا بەڕێوە دەچوون.

سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٧٥ ڕۆژی ٨ی مارس، وەک ڕۆژی جیهانی ئافرەتان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرا، کە هەتا ئێستەش خەبات بۆ یەکسانیی کۆمەڵگا و پێکهێنانی دنیایەکی مرۆڤسالارانە بەردەوامە.