Mobile menu

پاپا گروپ جۆرەها کەلوپەل و پێداویستی ناوماڵە پێشکەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات

hawler 12.3

ئەمرۆ رێکەوتی ١٢/٣/٢٠١٨ کۆمپانیاکانی پاپا گرووپ بۆ پاڵپشتی کردنی کاروچالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یادی لە دایک بوونی باوکی رۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمردا جۆرەها کەلوپەل و پێداویستی ناوماڵە و پێداویستی پاکوخاوێنی لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە پێشکەش ئاوارەکان دەکەن.

 

بەڕێز تەوفیق شوکری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی پاپە گرووپ لە پرێس کۆنفرانسەکەدا گوتی: ئەمڕۆ لە روانگەی هەستکردنمان بەوەی کە هەموو دەستکەوتەکانی وڵاتمان بەری رەنجی خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە و بۆ پەرۆشیمان بۆ باشترکردنی ژیانی ئاوارەکان لە رێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم کەلوپەل و خۆراکانە دەبەخشین بەو ئومێدەی ببێتە هۆی دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی خەڵکی ئاوارە.

 

پاشان بەڕیز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سپاسی کۆمپانیاکای پاپاگرووپی کرد و گوتی: ''دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆی بەبەختەوەر دەزانێت کە ناوێکی دیار و گەورەیە لە خزمەتکردنی ئاوارە و پەنابەران و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، ئەمرۆ بە شانازییەوە لە بۆنەی لەدایک بوونی بارزانی نەمر گرووپی کۆمپانیای پاپا گرووپ گەلێک پێداویستی جۆراوجۆریان ئامادەکردووە کە ئێمە بە دەستێکی پڕەوە لە خزمەت ئاوارەکاندا بین بە تایبەتی ئاوارەکانی خورماتووی خۆشەویست و کەرکووک دڵی کوردستان.''

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە وتەیەکی بارزانی نەمر کرد کە فەرموویەتی: ''ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵتان بێت دوژمن و رکابەرەکانتان چەندیش بەهێزبن ناتوانن بەسەرتاندا سەرکەون.''

هەروەها گوتیشی: ''دڵی خاوەن کۆمپانیاکان لەگەڵ دەزگادا بووە و پاڵپشت و هاوکار و یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانی سەرکەوتنی ئەم دەزگایە بوون''.

 

لە درێژەدا بەڕێز حوسێن کەلاری سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکان گوتی: ''ئەوەی لەلای ئێمە گرنگە گەیشتنی هاوکارییەکانە بۆ ئاوارە و لێقەوماوەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لەسەرەتای ئاوارەبوونیانەوە بە هانایانەوە چووە لە کاتێکدا کە هێشتا لێژنەکەی ئێمە پێکنەهاتبوو و ئێستاش بەردەوامن لە خزمەتکردنی ئاوارەکان''.

 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبۆنەی پاڵپشتییەکانی کۆمپانیاکانی پاپەگرووپەوە و هاوکارییەکانیان، لۆگۆیەکی دەزگایان وەکوو رێزلێنان پێشکەش بە گرووپی کۆمپانیاکان کرد.

 

جێگای ئاماژەیە کۆمپانیاکانی پاپە گرووپ (ئۆتۆمبێلێکی چێشتخانەی گەڕۆک، ١٥٠٠ کارتۆن کەلوپەلی ناوماڵە، ٧ خانووی کەرڤانە و ١٨ تەن شەکر و چایی و نیسک و ..هتد) لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە پێشکەش بە ئاوارەکان دەکات.