Mobile menu

تەرمی عەزیز شێخ رەزا لە مەراسیمێکی شایستەدا گەیشتەوە هەولێر

shex aziz

ئەمڕۆ تەرمی عەزیز شێخ رەزا سەرۆکی پێشووی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئەو دەزگایە، لە مەراسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی بەڕێز سیداد بارزانی، بەڕێز فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی سیاسی و سەرۆک و کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تاجه‌گوڵینه‌یان له‌سه‌ر دانا و دواتر به‌ره‌و دوا مه‌نزڵگه‌ی له‌ شاری رانیه‌ به‌ڕێكخرا.

 

(عه‌زیز شێخ ره‌زا) سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و كه‌سایه‌تی دیاری كوردستان له‌بواری خه‌بات و كاری مرۆییدا، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ وڵاتی سوید له‌رێككه‌وتی ( 20-21 / 3/2018 گیانی سپارد، ئەمڕۆ رێككه‌وتی 28/3/2018 ته‌رمه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ گەیشتەوە کوردستان و لە مەراسیمێکی شایستەدا بۆ زێدی لە دایک بوونی خۆی، شاری رانییە بەڕێکرا.

 

سه‌رۆكی ده‌زگا و ته‌واوی كارمه‌ند و خۆبه‌خشانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی به‌ڕێز (عه‌زیز شێخ ره‌زا) سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای خێرخوازیی و بارزانی و یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م ده‌زگایه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ له‌بواری خێرخوازیی و مرۆڤدۆستیدا خزمه‌تی به‌رچاوی كردووه‌، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆیان و بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو ده‌كه‌ن. داواكارنله‌ خوای گه‌وره‌ خوالێخۆشبوو بخاته‌ به‌ر سێبه‌رو ره‌حمه‌ت و میهره‌بانی خۆی.

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می ته‌عزیه‌باری بۆ له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ها ناوداری كوردستان، هاوكات رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ (پێنج شه‌ممه‌و هه‌ینی) له‌ شاری رانیه‌ پرسه‌ داده‌نرێت له‌ مزگه‌وتی (مسته‌فا عه‌لی). هاوكات رۆژی شه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ مزگه‌وتی (جه‌لیل خه‌یات) كاتژمێر (1:30)ی پاش نیوه‌ڕۆ پێشوازی له‌ میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كات.

 

بیۆگرافیای به‌شێك له‌ وێستگه‌ی ژیانی عه‌زیز شێخ ره‌زا

 

له‌ساڵی (1939) له‌ شاری رانیه‌ له‌ دایكبووه‌

ساڵی (1956) په‌یوه‌ندی به‌ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌

ساڵی (1959) بۆ خوێندن چۆته‌ پراگ له‌ چیكۆسلۆڤاكیای پێشوو.

ساڵی (1966) په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ كردووه‌.

ساڵی (1967) بۆته‌ به‌رپرسی ته‌كنیكی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستانی عێراق.

یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵگرانی میدیالیای بارزانیی نه‌مر

ساڵی (2005) بۆته‌ سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

یه‌كێك بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی كردووه‌.

ساڵی (2017) به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌ستی له‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كێشاوه‌ته‌وه‌.

• له‌رێككه‌وتی ( 20-21 / 3/2018) له‌ وڵاتی سوید به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دواییكرد.