Mobile menu

مه‌سرور بارزانی به‌شداری له‌ پرسه‌ی عه‌زیز شێخ ره‌زا ده‌كات

hawler 31.3.2018

ئەمڕۆ 31/3/2018 له‌ شاری هه‌ولێر و له‌ مزگه‌وتی جه‌لیل خه‌یات، سێیه‌مین رۆژی پرسه‌ی خوالێخۆشبێت (عه‌زێز شێخ ره‌زا باسه‌ڕه‌یی)سەرۆکی پێشووی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوه‌چوو، رێزدار (مه‌سرور بارزانی) سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێزدار سیداد بارزانی ئەندامی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگا وه‌ك وه‌فاو ده‌ربڕینی هاوخه‌می به‌ له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌تیه‌كی مرۆڤدۆست و ماندوونەناس له‌بواری خێرخوازیی و كاری مرۆییدا، به‌شدارییان له‌ پرسه‌كه‌دا كرد. هەر لە پرسەکەدا چەندین کەسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی له‌زۆربه‌ی ناوچه‌و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌می و سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردوو به‌شداریپرسەکەیان کرد.

 

جێی وەبیرهێنانەوەیە عەزیز شێخ رەزا له‌ساڵی (1939) له‌ شاری رانیه‌ له‌ دایكبووه‌ و ساڵی (1956) په‌یوه‌ندی به‌ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، لە درێژەی وێستگەی ژیانیدا لە ساڵی (1959) بۆ خوێندن چۆته‌ پراگ له‌ چیكۆسلۆڤاكیای پێشوو هەروەها ساڵی (1966) په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ كردووه‌. دواتر لە ساڵی (1967) بۆته‌ به‌رپرسی ته‌كنیكی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستانی عێراق. ناوبراو یەکێک بووە له‌ هه‌ڵگرانی میدیالیای بارزانیی نه‌مر، لە ساڵی (2005) بووەته‌ سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگا بووە و بۆ ماوەی 12 ساڵ خزمەتی مرۆڤایەتی کردووە‌.

 

لە ساڵی (2017)دا ده‌ستی له‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كێشاوه‌ته‌وه‌ و له‌ شەوی ( 20-21 / 3/2018) له‌ وڵاتی سوید به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دواییكرد و له‌ رۆژی (28/3/2018) تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە زێدی باب و باپیرانی له‌ شاری رانیه‌ به‌خاك سپێردرا.