Mobile menu

چلەی ماتەمینی عەزیز شێخ رەزا باسەریی بەڕێوەچوو

aziz shex raza 7.5.2018

چلەی ماتەمینی عەزیز شێخ رەزا یەکەمین سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یەوە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو.

 

رێکەوتی ٦/٥/ ٢٠١٨ چل رۆژ بەسەر کۆچی دوایی عەزیز شێخ رەزدا تێدەپەڕێت، لەو رۆژەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رێزگرتن لە یاد و خەباتی یەکەمین سەرۆکی دەزگاکە، مەراسیمێکی بەشکۆی بەڕێوەبرد.

 

 

دەستپێکی مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و پاشان سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستیپێکرد.

 

دواتر وتاری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەلایەن بەڕێز موسا ئەحمەدەوە خوێندرایەوە، بەڕێزیان لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان بە رۆڵ و خەباتی عەزیز شێخ رەزا کرد و کاریگەرییان لە بەروپێشبردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان بەرزنرخاند، لە وتارەکەیدا گوتی: خالێخۆشبێت عەزیز شێخ رەزا لە قۆناغی ژیانی خۆیدا بە چەند وێستگەیەکی سیاسی و خەباتی پێشمەرگایەتیدا تێپەڕیوە و هەمیشە دڵسۆز و خەمخۆری دۆزی رەوای کورد بووە، راستگۆیانە لە ژێر چەتری بارزانی نەمردا کاری کردووە و هەر ئەرکێکی پێی سپێردرابێت دڵسۆزانە ئەنجامی داوە. شانازی و سەربەرزییە بۆ ئێمە کە ماوەی دە ساڵ هاوکاری خوالێخۆشبوو بووین و پێکەوە خزمەتی مرۆڤایەتیمان کردووە. هەمیشە رێنووێنی دەکردین کە بەبێ جیاوازی رەگەزی و دینی هاوکاری پێشکەشی خەڵکی لێقەوماو بکەین.

 

دوا بەدوای وتەکانی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەلایەن هاوڕێ و هەڤاڵی عەزیز شێخ رەزاوە چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

لە میانەی مەراسیمەکەدا فیلمێکی دێکۆمێنتاری لەسەر ژیان و خەباتی خوالێخۆشبوو پێشکەش بە بەشداربووان کرا. دواتر پەخشانە شعرێک لەلایەن رێبوار خۆشناوەوە پێشكەش بە بەشداربووان کرا. پاشان راپۆرتێکی ڤێدیۆیی لەسەر بیرەوەرییەکانی خوالێخۆشبێت لەلایەن هاوڕێیەکانییەوە پێشکەش کرا.

 

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بەڕێز (شێخ حەسەن شێخ رەزا) برای خوالێخۆشبێتەوە، وتاری بنەماڵەکەیانی خوێندەوەوە و کۆتایی بە مەراسیمەکە هێندرا.