لە رووداوەوە: پرۆژەی ''سفێر'' کتێبێکی گرنگ لە بارەی کاری مرۆیی بە کوردی
Mobile menu

لە رووداوەوە: پرۆژەی ''سفێر'' کتێبێکی گرنگ لە بارەی کاری مرۆیی بە کوردی

adab

پەرتووکی (پرۆژەی سفێر- پەیماننامەی مرۆیی و لایەنی هەرە کەمی پێوەرەکانی بەدەنگەوەچوونی مرۆییانە) لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە دووتوێی ٣٩٦ لاپەڕەدا چاپکراوە.

ئیبراهیم سەمین، یەکێک لە بەرپرسانی دەزگاکە لە بارەی کتێبەکە بە (رووداو)ی گوت: ''ئەم کتێبە دانسقەیەکی بواری کاری مرۆیی، لەلایەن ستافێکی شارەزا لە بوارەکانی زمان، کاری مرۆیی و یاساناسی، پێداچوونەوەی بۆ کراوە و بەراوردکراوە لەگەڵ چاپە عەرەبییەکەیدا، بە رێنمایی و سەرپەرشتی خاوەنی سەرەکی پرۆژەکەش کە کۆمەڵەی سفێرە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە''.

ئامانجی دەزگاکە لە وەرگێڕان و چاپکردنی رێبەرینامەی سفێر، وەک ئەو گوتی، رێگە خۆشکردنە بۆ بە دیسپلینکردنی کاری مرۆیی و بەرزکردنەوەی کوالێتی کاری مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی جیهانی بەپێی رێسا و یاسا جیهانییەکان.

گوتیشی ''لەبەر ئەوەی ئەم پەرتووکە رێبەرێکی کاری مرۆییە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبێ بەرانبەر پێشکەشی خوێنەری کوردی دەکات. مافی بڵاوکردنەوە و لە چاپدانی پەرتووکەکە پارێزراوە بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی''.

پرۆژەی سفێر دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوی مرۆیییەوە بە ئامانجی رەچاوکردنی چۆنایەتی و بەرپرسیارێتی کاری مرۆیی لە کاتی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و زیانلێكەوتووانی کارەساتەکان و جەنگەکان.

ئەم پرۆژەیە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن چەند رێکخراوێکی مرۆیی و ناحکومی و هەردوو بزووتنەوەی جیهانیی خاجی سوور و مانگی سوور پێکهێنرا، ئامانج لەم پرۆژەیە پەرەپێدانی کارەنیان و بەرپرسیارێتیان بوو لە کاتی بەهاناوەچووندا.

فەلسەفەی سفێر لە سەر دوو باوەڕی بنچینەیی دامەزراوە:

یەکەمیان: هەموو زیانلێکەوتووانی کارەسات و ناکۆکییەکان مافی ژیانێکی شکۆمەندانەیان هەیە هەر لە بەر ئەوەشە مافی کۆمەککردنیان هەیە. دووەمیان: هەموو هەنگاوێکی گونجاو دەبێت بگیرێت بەر بۆ لابردنی ئەو نەهامەی و ناسۆر مرۆییەی کە لە ئەنجامی کارەساتدا سەریان هەڵداوە.

پرۆژەی سفێر دواتر خرایە قاڵبی پەیماننامەیەکی مرۆیی و کۆمەڵێک پێوەری دیاری کرد کە دەبێت لەیەنی کەم رەچاو بکرێن لە سێکتەرە سەرەکییەکانی پاراستنی ژیان و بەهاناوەچووندا.

پرۆژەکە باس لەو مەرجانە دەکات کە پێویستە رەچاو بکرێن لە هەر بەدەنگەوەچوونێکی مرۆییانەدا بۆ رزگارکردنی زیانلێکەوتووان و یارمەتیدانیان بۆ چاکبوونەوە لە رەوشێکی جێگیردا بەشێوەیەکی شکۆمەندانە.