Mobile menu

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە گردبوونەوەی ECOSOC کرد

ECOSOC02

نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوەیەکیان رێکخست لەسەر پلان و ئیستراتیژی کارکردنی داهاتووی ئەنجوومەنی ECOSOC لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەندام لە ئەنجوومەنەکەدا.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ٢٣/٦/٢٠١٨ بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی رێکخراوە ناحکومییەکانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ECOSOC کە لەلایەن UNەوە رێکخرابوو. گردبوونەوەکە لەسەر داهاتووی بواری کارکردنی ئەنجومەنەکە و پەیوەندی نێوان رێکخراوەکان و UN بوو.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە بانگێشت کرابوو بۆ گردبوونەوەکە لە ژێنێف. ئاوات مستەفا بەپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە بە نوێنەرایەتی دەزگا لە گردبوونەوەکەدان بەشداربوو گوتی: گردبوونەوەکە بێ وێنەبوو، زوومی خستبووە سەر ستراتیژی داهاتووی ECOSOC لە پەیوەندی لەگەڵ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو جیهاندا.

 

نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گردبوونەوەکەدا لەسەر چۆنیەتی راکێشانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ ناو پرۆژەکانی ECOSOC و چۆنیەتی بەتواناترکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی روونکردنەوەی پێشكەش بەشداربووانی گردبوونەوەکە کرد.

 

بەڕێز ئاوات مستەفا گوتی: ''دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاریگەرانەتر بەشداری پرۆژەکانی ECOSOC دەکات و پشکێکی زیاتر لە کارەکانی ئەنجومەنەکە بە ئەستۆ دەگرێت''. جێگای ئاماژەیە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە رێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنیش کە ئەندامی ئەنجومەنەکە نین دتوانن پشکداری پرۆژەکانی بن و لە داهاتوودا ئاسانکاری بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنەکە بکرێت.

 

لە ئەپرێلی ٢٠١٦ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەهۆی خزمەتی بەردەوامی ئاوارە و پەنابەران لە ناوچەکەدا و کارە خێرخوازییەکانی، بە ئەندامی راوێژکاری ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کراوە.