Mobile menu

بە بۆنەی پشووی هاوین رێورەسمێک بۆ منداڵان بەڕێوەدەبرێت

BCF 16.7.2018

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبۆنەی پشووی هاوین و کۆتایی هاتنی وەرزێکی خوێندن، منداڵانی بێباوکی لە هۆڵی میدیا لە هەولێر کۆ کردەوە و رێوەڕەسمێکی خنجیلانەیان بەڕێوەبرد.

 

رێکەوتی ١٦/٧/٢٠١٨ بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و منداڵانی بێباوک و خێزانەکانیان و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر رێوڕەسمێکی خنجیلانە بەڕێوەچوو.

 

لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز بەرپرسی بەشی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ''بەبۆنەی کۆتایهاتنی وەرزی خوێندن و دەستپێکی پشووی هاوین، بە پێویستمان زانی رێورەسمێکی خنجیلانە بۆ ئەو منداڵە چاوگەشانە کە لە سۆزی باوکیان بێبەش بوونە سازبکەین، لە هەمان کاتدا چەند دیاریەکەو هاوکارییەکیان بەسەردا دابەش بکەین بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانیان کەم بکەینەوە و خەندەیەک بخەینە سەر لێوانیان. لە پاڵ هاوکاریکردنی ئازیزانمان بە بەردەوام پاڵپشتیانین بۆ خوێندن و بەرەوپێشچوونیان''.

 

لە درێژەدا بەرپرسی بەشی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: ''بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەم بەڕێزانە بکەین کە بەردەوام هاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یان کردووە، بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانیان بەسەر خەڵکی هەژار و فەقیر و کەمدەرامەت و لەم رێوڕەسمەدا بەشداربوونە بە هاوکارییەکانیان، کە بریتین لە (کۆمپانیای ستێر، کۆمپانیای یوسرا، سەلاحەدین سەرداری، حاجی دارا رەشید و شاری یاری سمایلاند) و دوو ساڵە ئەم پرۆژەیەمان لە بەردەستە و لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ٤١٣٦ خێزان سودمەند بوون کە دەکاتە ١٢٤٠٨ منداڵ، کۆی پارەکە ٤١٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دینارە و هاوکارییەکان لەلایەن خێرخوازێکەوە دابین کراوە کە مانگانە بۆ ئەو خێزانە بێسەرپەرشتانەیە''.

 

نوێنەری خێرخوازەکان بەڕێز تالب توعمە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی:'' سوپاس بۆ خوای گەورە كە وای كردووە من ئەم كارە مرۆییە ئەنجام بدەم لە شوێن یەكێك لە خێرخوازەكان بۆ ئەو بەخشینەی كە پێشكەشی بێباوك هەژارانی كردووە لە ماوەی سێ ساڵ و بە شێوەی پارەی كاش، ئەو ئەركەی من سەركەوتوو نەدەبوو بەبێ پاڵپشتی دەزگای خێرخوازی بارزانی زۆر بەرێز، لە ماوەی ئەم چەند ساڵانەدا هەموو ئەو بەربەستانی بۆ ئاسان كردووەم كە رووبەرووم بۆتەوە بە سەرما و گەرما و باران وبەفر، لە رێگای پێشوازی كردن و دابین كردنی شوێن و گواستنەوە و وەرگرتنی رەزامەندی ئاسایش بۆ هاتنە ناو هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری بۆ گواستنەوە لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم، ئەمە وای كردوكە كارەكەم ئاسانتر بێت تا ئەو كاتەی بتوانم كارەكان ئەنجام بدەم بە ئاسانترین شێوە.''

 

لە درێژەدا گوتی: ''لەلایەن ئەو خێرخوازە و گشت ئەوانەی ئامادەن و ئامادەنین، سوپاس وپێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو كارمەندانەی دەزگایە دەكەین، لە پێش هەموویانەوە بەرێز موسا ئەحمەد كە وەكوو برایەك و برادەرێك بوو پێش ئەوی بەرپرس بێت لە لوتكەی دەزگایە.''

 

لە رێوڕەسمەکەدا هاوکاری مادیی کە لەلایەن خێرخوازانەوە دابین کرابوو پێشکەشی خێزانی منداڵەکان کرا و پاشان بە سپۆنسەری کۆمپانیای ستێر، کۆمپانیای یوسرا، سەلاحەدین سەرداری، حاجی دارا رەشید و شاری یاری سمایلاند) چەندین دیاری وەکوو (ئایپاد، یاری منداڵان، جلوبەرگ) پێشکەشی منداڵەکان کرا.